»  کوردستان
پارتی پێی باشبوو تا دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك


پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك به‌ نێوه‌ندگیری ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتن نزیكده‌بێته‌وه‌و كاردانه‌وه‌ی جیاوازی لای لایه‌نه‌ عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كانی شاره‌كه‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌و پارتیش پێی باشه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ تا دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری داهاتوو جێبه‌جێ نه‌كرێت.
گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان به‌ گشتی و كه‌ركوك به‌تایبه‌تی بۆ پاراستنی ئه‌منیه‌تی ناوچه‌كه‌ هاوشێوه‌ی پێش ساڵی 2014، به‌ره‌ی توركمانی دێنێته‌ ده‌نگ و له‌سه‌ر زاری په‌رله‌مانتار  ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆكی به‌ره‌كه‌ داوا ده‌كات ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نه‌كرێت، عه‌ره‌به‌كانیش به‌هه‌مانشێوه‌ دژی هه‌ر رێككه‌وتنێكی له‌و جۆره‌ن و چه‌ندین به‌یاننامه‌یان له‌باره‌وه‌ ده‌ركردووه‌.
به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ستی (هه‌واڵ) كه‌وتوون، پارتیش له‌سه‌ره‌تادا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بووه‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری داهاتوو پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ ده‌ستكه‌وت بۆ یه‌كێتی، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ پارتی ته‌نها له‌ شاری كه‌ركوك بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات، به‌ڵام به‌ پێی دوا زانیارییه‌كان  له‌ ئێستادا به‌ فشاری ئه‌مریكا نه‌رمی نواندووه‌و به‌رانبه‌ر به‌ چه‌ند مه‌رجێك ئاماده‌ی نیشانداوه‌ ببێته‌ به‌شێك له‌و رێككه‌وتنه‌.
سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ عه‌مید روكن به‌ختیار محه‌مه‌د راوێژكار له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بێئاگایی خۆی له‌و هه‌ڵوێسته‌ی پارتی راگه‌یاندو وتی:” بڕواناكه‌م هیچ كوردێك دژی ئه‌و كاره‌ بێت و له‌ لێدوانێكدا بۆ (هه‌واڵ)، وتی:”هاوپه‌یمانان پێشنیارێكیان كردووه‌ بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، كه‌ وه‌زاره‌ت نوێنه‌ری یه‌كێتی و پارتی تێدایه‌، تا پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك بگه‌ریَِنه‌وه‌و به‌شداربن “. 
به‌وته‌ی عه‌مید به‌ختیار، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاندووه‌ ئه‌و میكانیزمه‌ی له‌ پێش شه‌ڕی داعش له‌و ناوچانه‌ هه‌بووه‌ كه‌ هێزێكی هاوبه‌ش هه‌بووه‌ به‌ ناوی هێزی (شێره‌ ئاڵتونیه‌كه‌) ئه‌وه‌مان لا په‌سه‌نده‌و به‌دڵمانه‌، هه‌روه‌ها روونشیكرده‌وه‌:”كورد داوای ئه‌وه‌شیكردوه‌ ژوورێكی ئۆپراسیۆنی مه‌ركه‌زی له‌ هه‌ولێرو به‌غدا هه‌بێت و هه‌روه‌ها سێ یان چوار ژووری هاوبه‌شیش له‌ مه‌یداندا هه‌بێت له‌ پارێزگاكانی كه‌ركوك و موسڵ و دیاله‌ و هێزشی هاوبه‌شیشیان له‌به‌رده‌ستدابێت”. 
عه‌مید به‌ختیار،  راشیگه‌یاند:”نابێت ئه‌و ژوورانه‌ هێزیان له‌گه‌ڵدا نه‌بێت وه‌كو ئه‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاندبوو ته‌نها چه‌ند ئه‌فسه‌رێك له‌ ژووری هاوبه‌ش له‌ كه‌یوان به‌شداربن “، وتیشی:”ئه‌مریكییه‌كان وتویانه‌ له‌گه‌ڵ عێراق قسه‌ ئه‌كه‌ین و هێشتا ئه‌وان وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه‌و تۆپه‌كه‌ له‌ ساحه‌ی ئه‌وانه‌و هه‌وڵی نزیكبوونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌و عێراق به‌ پێكه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ بۆ له‌ناوبردنی داعشه‌و جێگای سوپاسه‌”. 
عه‌مید به‌ختیار، ئاشكراشیكرد:”هه‌ندێك لایه‌ن له‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان یاخود ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ پێیانخۆشه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردن بگه‌ڕێته‌وه‌، هه‌ندێكش له‌وه‌یه‌ هه‌بێت بیه‌وێت هه‌ر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام وه‌كو كورد له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌یه‌وێت و پێیانخۆشه‌ پێشمه‌رگه‌ پێش هه‌ڵبژاردن بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌و میكانیزمه‌ی كه‌ رێگه‌ خۆشكه‌رو یارمه‌تیده‌ره‌”. 
رونیشیكرده‌وه‌:”كورد نیگه‌رانه‌و ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌كاتی هه‌ڵبژاردن داعش گورز بوه‌شێنێت یان پشێوه‌ی بنێته‌وه‌ بۆیه‌ واباشتره‌و گونجاوتره‌ كه‌ پێش هه‌ڵبژاردن پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌”.




‌ 1052 جار بینراوه‌
4/7/2018 9:30:14 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved