»  راپۆرت
له‌ به‌رانبه‌ر له‌شكركێشی سوپای توركیا، هه‌رێـم و ناوه‌ند هه‌ڵوێستی توندیان نیـیـه‌
ئا / هاوار ستار


له‌شكركێشییه‌كانی سوپای توركیا بۆ نێو خاكی هه‌رێمی كوردستان و به‌زاندنی سنوره‌كان، كاردانه‌وه‌ی ناوخۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و به‌ڵام له‌ ئاستی فه‌ركمی تائێستا نه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند هیچ هه‌ڵوێستێكی توندیان به‌رانبه‌ر به‌و له‌شكركێشییه‌ نییه‌، به‌وته‌ی چاودێران ئه‌گه‌ر هه‌شبێت ته‌نها گله‌یی كردنه‌و هیچی تر بۆ رازی كردنی شه‌قام.

باڵانسی هێز له‌ناوچه‌كه‌ تێكده‌دات

محه‌مه‌د عوسمان، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند: "هه‌بوونی سوپای توركیا له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان، پێشلكاریه‌ به‌رانبه‌ر به‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، به‌زاندنی سه‌روه‌ری خاكی عێراقه‌، سوپای توركیا له‌ هاوكێشه‌ سیاسه‌كاندا لایه‌نگر ده‌بێت، ئه‌م لایه‌نگریه‌ش باڵانسی هێز له‌ناوچه‌كه‌ تێكده‌دات، ئه‌م هێزه‌ نابێت بوونی هه‌بێت و نابێت له‌ خاكی عێراقدا بێت".
محه‌مه‌د عوسمان وتیشی: "به‌ پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، ده‌بێت ده‌وڵه‌ته‌كان سنوری وڵاتانی تر له‌ ڕووی سه‌ربازیه‌وه‌ نه‌به‌زێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ كرا، ئه‌وا پێشێلكردنی یاساییه‌، هه‌ر هێزێك بێته‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌ به‌ پێی یاسای وڵات، ئه‌وا ئه‌و هێزه‌ به‌ هێزێكی داگیركه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "بینیمان كه‌ توركیا له‌ باكورو ڕۆژئاوای كوردستان چ وێرانكاریه‌ك ده‌كات، له‌ باشوریش ده‌بینین چۆن به‌ بۆردومانه‌كانیان خه‌ڵكی سڤیل ده‌كه‌نه‌ ئامانج و له‌شكركێشی به‌رده‌وام ده‌كه‌ن و سه‌ربازگه‌ لێده‌ده‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت رێگه‌یان لێبگیرێت".

پارتی كۆنتاكتی ته‌واوی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌یه‌

عادل عه‌زیز، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆمی گۆڕان بۆ (هه‌واڵ) وتی: "ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئێستاو ئه‌و سه‌رده‌مه‌شی كه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ ئێمه‌ بوو، چه‌ندین جار یاداشتمان پێشكه‌ش كردووه‌و ئیمزا كۆكراوه‌ته‌وه‌ دژ به‌ له‌شكركێشی و هێرشی هه‌ر سوپایه‌كی ده‌ره‌كی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و هیچ نه‌كراوه‌".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌ولێر له‌ لایه‌ن حزبێكی دیاریكراو كه‌ پارتییه‌ داگیركراوه‌و به‌رێوه‌ده‌برێت و ئه‌م حیزبه‌ كۆنتاكتی ته‌واوی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌یه‌و رێككه‌وتنی 50 ساڵه‌ی نه‌وتییان كردووه‌، ئه‌م حیزبه‌ حزبێكی بنه‌ماڵه‌گه‌راییه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حسابیان بۆ په‌رله‌مان و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت نه‌كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ خۆیان له‌كوێ پێیان باش بێت تورك دێنن و له‌كوێ پێیان باش بێت نایهێنن".
عادل عه‌زیز وتیشی: "ئێمه‌و چه‌ند لایه‌نێكی تریش دژ به‌ هه‌ر له‌شكركێشی و داگیركاریه‌كی ده‌ره‌كین و به‌تایبه‌تی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركیا".

ده‌بێت حكومه‌تی عێراق بێته‌گۆ

ئاری هه‌رسین، سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌ته‌وه‌یی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامی پێشوتری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ سلێمانی بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند: "به‌پێی ده‌ستور یه‌كه‌م شوێن و یه‌كه‌م ناوه‌ندی سیاسی كه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بێته‌گۆ حكومه‌تی عێراقه‌، كه‌ ده‌بێت به‌غدا هه‌ڵوێستی خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه‌ كه‌ی لێیان گه‌ڕاین ئێمه‌ ده‌وڵه‌تی خۆمان هه‌بوو ئه‌وكات ئێمه‌ش هه‌ڵوێستمان ده‌بێ، به‌ڵام ئێستا چی بكه‌ین".
ئاری هه‌رسین وه‌ك پاساو هێنانه‌وه‌و ره‌وایی پێدانێك به‌ له‌شكركێشی توركیا بۆسه‌ر خاكی هه‌رێم: "ئێمه‌ نه‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تین و نیوه‌ی زیاتری خاكی پیرۆزی باشوری كوردستان داگیركراوه‌ له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ هیچ جیاوازیه‌ك نییه‌ له‌ نێوان ئه‌و سوپایه‌ی كوردستانه‌كه‌ت داگیرده‌كات كه‌ به‌ توركی یا فارسی یانیش عه‌ره‌بی قسه‌ده‌كات".
هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد: "لایه‌نێك یان چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی پرسی توركیا ئه‌كه‌ن به‌ بابه‌تێك  و ئه‌یوروژێنن به‌وه‌ی توركیا هاتووه‌ و سه‌روه‌ری عێراقی تێكداوه‌، ده‌بوو ئه‌وان باس له‌سه‌روه‌ری كوردستان بكه‌ن و كه‌ عێراقیش هێزی داگیركاری هێناوه‌ته‌ سه‌رو هه‌ر ئه‌و سوپایه‌ له‌ رابردوو ئه‌نفال و كیمیابارانی كوردی كردووه‌".
ئاشكراشیكرد: "گشت لایه‌نه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ پارتیشه‌وه‌ داوای ده‌رچوونی هێز بكه‌ن له‌ كوردستان، سودێكی ئه‌وتۆی نابێت و خۆ شیرین كردنه‌ لای خه‌ڵكی و ئه‌نجامێكی نابێت، تۆ ئێستا توركیاش ده‌ركه‌یت و سبه‌ی سوپای عێراقی بێته‌ جێی جیاوازی نییه‌و ته‌نها موزایه‌ده‌ی سیاسی وایكردووه‌ و دابه‌شبووین، به‌ داخه‌وه‌ به‌شێكی واده‌زانێ خۆیشی به‌شێكه‌ له‌ وڵاتی توركیاو به‌رگری له‌ سوپاكه‌ی ده‌كات و به‌شێكیشی واده‌زانێ به‌شێكه‌ له‌ عێراق و به‌رگری له‌ سوپای عێراقی و ئێرانی ده‌كات  ".

ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنیش نه‌بێت جۆرێك ره‌زامه‌ندی هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ بۆ هاتنی توركیا

هه‌ر له‌سه‌ر له‌شكركێشی وڵاتانی دراوسێ به‌ تایبه‌ت توركیا سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر چاودێری سیاسی بۆ (هه‌واڵ) وتی: "هۆكاری ئه‌و له‌شكركێشییه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێم دابه‌شبووه‌ بۆ سه‌ر دوو نفوزی توركی و ئێرانی، ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ ئێستا توركیا له‌شكركێشی بۆ كردووه‌ ناوچه‌و نفوزی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌و هه‌ژمونی به‌سه‌ردا زاڵه‌و ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنیش نه‌بێت جۆرێك ره‌زامه‌ندی هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ بۆ هاتنی توركیا".
وتیشی: "سوپاس توركیا خۆی پێشتر چه‌ندین ناوچه‌ی له‌ خاكی هه‌رێم به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌ولێر و دهۆك بوونی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌ 18 بۆ 20 سه‌ربازگه‌ی سه‌ربازی و میتی توركی لێیه‌و نزیكه‌ی 25 ساڵه‌ له‌و ناوچانه‌ هه‌ن".
ئه‌و چاودێره‌ باسی له‌وه‌شكرد: "بارودۆخی دوای ریفراندۆم كه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمدا هات ئێمه‌ به‌گشتی هیچ پشت و په‌ناگه‌یه‌كمان نه‌ما و ده‌ستی هاوكاریمان نه‌ما به‌وه‌ی دوژمنانمان یه‌كخست و دۆستانمان له‌ خۆمان كرد ئه‌وانه‌ی كه‌دۆستمان بوون و ده‌یانتوانی و ئێستاش ده‌توانن رێگری له‌ له‌شكركێشی وڵاتان بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ له‌دوای ریفراندۆمه‌ بارودۆخمان له‌ ناوچه‌كه‌و هه‌م نێوده‌وڵه‌تیش زۆر لاوازبووه‌ و پشتیوانیمان ناكه‌ن".
هه‌روه‌ها وتی: "عێراق خۆشی خاڵێكی تره‌ له‌و له‌شكركێشیه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ توركیا به‌تایبه‌ت عێراقی عه‌ره‌بی باسده‌كه‌م كه‌ ره‌نگه‌ به‌مه‌به‌ست گلۆپی سه‌وزیان بۆ توركیا هه‌ڵكردبێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌داخول بكات و رێككه‌وتنێكی كۆنیش هه‌یه‌ له‌ نێوان توركیا و عێراق، بۆئه‌وه‌ی چه‌ند كیلۆمه‌ترێك توركیا بێته‌ خاكی عێراق، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش پێشێلكراوه‌ و ئێستا توركیا 30 بۆ 35 كیلۆمه‌تر خاكی به‌زاندووه‌".
سه‌باره‌ت بۆ ئه‌وه‌ی چۆن رێگه‌ له‌م له‌شكركێشییه‌ بگیرێت سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر وتی: "له‌ عێراق یه‌كه‌م خاڵ ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ده‌ستور كه‌ بڵێین ئه‌وه‌ سه‌روه‌ری خاكی عێراقه‌و به‌زێنراوه‌، كه‌ رێگه‌ پێدراو نییه‌ له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا و عێراقیش ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌هی خۆی بزانێت ده‌بێت ته‌داخول بكات و سكاڵا بكه‌ن له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كه‌ وڵاتێك ده‌ستدرێژی كردووه‌ته‌ سه‌ر خاكی وڵاتێكی دیكه‌".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "خاڵێكی تر ده‌بێت ئێمه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دۆسته‌كانمان بڵێین ئێمه‌ هه‌ڵه‌یه‌كمان كرد له‌سه‌رده‌می ریفراندۆم و به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕیوه‌ ئێستا هاوكارمان بن له‌م دۆخه‌ی تێیكه‌وتویین و ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌ سه‌رخاكمان و هاوكاریمان بكه‌ن".

به‌رهه‌می حكومه‌تێكی لاسه‌نگه‌

وتیشی: "ئێمه‌ی كورد ده‌بێت ناوماڵی خۆمان یه‌كبخه‌ین و یه‌ك وتار بین چونكه‌ ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌ سه‌ر خاكی باشور له‌ لایه‌ن توركیاوه‌و حكومه‌تی هه‌رێم هیچ هه‌ڵوێستێكی نییه‌، چونكه‌ حكومه‌تێكی لاسه‌نگه‌و هیچ هاوسه‌نگ نییه‌، حكومه‌تێكه‌ پارتی تێیدا هه‌ژمونی زاڵه‌ ئه‌گه‌رچی یه‌كێتیشی تێدا به‌شداره‌ ئه‌و حكومه‌ته‌، به‌ڵام به‌شداریه‌كه‌ی زۆر سنورداره‌و ره‌نگه‌ به‌شێك له‌ یه‌كێتیش جۆرێك له‌ ناڕه‌زایی هه‌بێت بۆ ئه‌م حكومه‌ته‌و هه‌مو ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه‌ ده‌یكات له‌ ئیداره‌دان و رێكه‌وتنی نیشتیمانی و پاراستنی سنوره‌كان ته‌نانه‌ت له‌پرسی پێشمه‌رگه‌ش هه‌مو ئه‌وانه‌ به‌شێكی یه‌كێتی لێی ناڕازین و ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك مێزی دانیشتن و هه‌ژمونی پارتی به‌قه‌د قه‌باره‌ی خۆی پێبدرێته‌وه‌ نه‌ك وه‌زاره‌ته‌كان و په‌رله‌مان به‌ده‌ستی خۆی بسورێنێته‌وه‌".
ئه‌و چاودێره‌ وتیشی: "ئاینده‌ی ئه‌م له‌شكركێشیه‌ دیار نییه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا له‌ ئاكامی ئه‌و هێرشانه‌ دارستان ده‌سوتێت و بۆمب ده‌ته‌قێنرێت خاك تێكده‌درێت و سڤیڵ ده‌كوژرێت و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ڵدێن گوایه‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ و ئه‌وانه‌ش زیانی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت وه‌ك چۆن ناوچه‌كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان هێزی لێیه‌ و ئه‌وا هه‌رێمیش هێزێكی عه‌سكه‌ری به‌سه‌ریه‌وه‌ زاڵ ده‌بێت و ره‌نگه‌ نه‌توانین ده‌ری بكه‌ین".

‌ 510 جار بینراوه‌
4/7/2018 9:31:05 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved