»  پەڕەموچ
خه‌ونی ته‌نیایی له‌ تابلۆی “پیاسه‌ی به‌ر باران”
ئا/ په‌ڕه‌مووچ

ئاوه‌زبوون یان ره‌وینه‌وه‌ له‌جموجۆڵه‌ ئاساییه‌كانی ژیان و دووركه‌وتنه‌ له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ دواجار گۆشه‌گیری و لاته‌ریكبوونی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، مێژوویه‌كی دوورو درێژی هه‌یه‌و به‌ یه‌كێك له‌ دۆخه‌ ده‌روونییه‌ لاوه‌كیه‌كان ده‌ژمێردرێت، ته‌نیایی له‌موزیكدا زۆرجار له‌سه‌ر ریتمی نزم (Slow) گوزارشتی لێده‌كرێت كه‌ به‌ زۆری تاكه‌ كه‌سێك ده‌یژه‌نێت، له‌ رۆماندا ده‌كرێته‌به‌ر كوێره‌دێیه‌كی وه‌ك ماكۆندۆو كاراكته‌ره‌كانی گابریل گاریا ماركیز، هه‌رچی له‌ شانۆنامه‌و هه‌موو هونه‌ره‌كانی ژێر نوكی قه‌ڵه‌م به‌ گشتی و شیعر به‌ تایبه‌ت به‌ زۆرترین شێوه‌ گوزارشتی لێكراوه‌. 
به‌ڵام ئه‌مجۆره‌ دۆخه‌ ده‌روونیه‌ له‌ بواره‌كانی شێوه‌كاریدا پێویستی به‌ كۆمه‌ڵێك سكێچی به‌یه‌كداچووه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ دڵخۆشی شه‌پۆلێكی رۆحی ئاكتیڤه‌و له‌ ناخه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و روو له‌ ده‌وروبه‌ر ده‌كات بۆیه‌ كه‌سانی دڵخۆش هه‌میشه‌ ده‌خوازن زۆرترینی كه‌سه‌كان هاوبه‌شی خۆشیه‌كانیان بن، هه‌رچی خه‌مناكی و تاسه‌بارییه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ نائاكتیڤه‌و شه‌پۆله‌كانی له‌ ده‌ره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن و رووه‌ ناوه‌وه‌ رۆده‌چن به‌مه‌ش مرۆڤه‌كان هه‌میشه‌ خه‌مه‌كانیان له‌ناخی خۆیاندا ده‌شارنه‌وه‌و له‌هه‌ندێك باردا له‌نزیكترینی كه‌سه‌كانیان ده‌شارنه‌وه‌و ده‌رده‌دڵی خۆیان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆهیچ كه‌س دانارێژن، نیشانه‌كانی خه‌مناكی له‌ شێوه‌و روخساردا زۆرن به‌ تایبه‌ت له‌ره‌گه‌زی مێینه‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆییدا ره‌شپۆشن، له‌م تابلۆیه‌ی ستیف هانكس ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت كچێكی باڵابه‌رزی شۆخ وشه‌نگه‌ به‌ روخسارێكی مه‌لوول و خه‌مناكه‌وه‌ هاوبار سه‌راپای باڵای هه‌ر له‌ چه‌تره‌كه‌ی بان سه‌رییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ پێڵاوه‌كانی پێی و شه‌قامه‌كه‌ش هه‌ر هه‌موو به‌ ره‌ش ره‌نگرێژكراون، روخساریشی نیشانه‌كانی ماته‌مینی و دابڕانێكی گه‌وره‌ی تێدا به‌دیده‌كرێت جا هه‌ر چ جۆره‌ دابڕانێك و له‌هه‌ر چ كلۆجێك و نۆرمێكدا بێت.
تابلۆی “پیاسه‌ی به‌رباران” ئه‌و داڕشتنه‌ شێوه‌كارییه‌یه‌ چ وه‌ك تاكه‌ كه‌س یان وه‌ك شێوه‌و ناوه‌ڕۆكی بابه‌تیانه‌ی ناو تابلۆكه‌ جگه‌ له‌خه‌مناكی لێوانلێوه‌ له‌ته‌نیایی، شوێن كش و مات و لاچه‌په‌، شه‌قامێكی ته‌ڕی به‌ربارانێكی نه‌رم به‌و راده‌یه‌ی خانمه‌كه‌ تیایدا شكانه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ی خۆی به‌ ئاوه‌ژووكراوی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ ده‌بینێت، له‌ ته‌نیشته‌وه‌ هێڵی شه‌مه‌نه‌فه‌ر به‌ شێوه‌یی كه‌وانه‌ییكێشراوه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار یان لانی كه‌م كۆتایی سنوری شاره‌كه‌یه‌، له‌ولاتره‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ فارگۆنێك به‌وه‌ ده‌چێت دوای په‌ككه‌وتنیان په‌راوێزخرابن و ئیتر به‌ ته‌واوای له‌جموجووڵ كه‌وتبن، خانوه‌كانی ده‌روبه‌ر كراون به‌ دوو به‌شه‌وه‌ له‌ دیوێكدا كۆمه‌لێك خانووی كۆن له‌سه‌ر دیزاینی دێرین و له‌ دیوه‌كه‌ی تر خانووی رازاوه‌و جوان به‌لام تێكرای شوێن چۆڵ و هۆڵ و بێده‌نگیه‌كی ته‌واو باڵی به‌سه‌ردا كێشاوه‌و سیمایه‌كی سه‌رسامكه‌ر له‌سه‌رانسه‌ری تابلۆكه‌دا هه‌ستی پێده‌كرێت، هاوكات به‌ جۆرێك كشو ماتن هێنده‌ی تر نیشانه‌كانی ته‌نیاییان له‌ تابلۆكه‌دا كۆكردۆته‌وه‌و چراكانیش خامۆشش و كوژاوه‌ن وه‌ك بڵێیئاوه‌دانی له‌و شوێنه‌ كاڵ بووبێته‌وه‌، له‌ پشته‌وه‌ چیایه‌كی سه‌ركه‌ش هه‌ورێكی ته‌نكی ته‌م ئاسای له‌ ئامێز گرتووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ورد له‌ چه‌تری بان سه‌ری ژنه‌كه‌ بده‌ین هه‌ست به‌ پرزه‌ی باران ده‌كه‌ین هه‌موو ئه‌مانه‌ دواجار به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئاوه‌زبوون و تاقه‌ هه‌ناسه‌یه‌كی زیندوو له‌و تابلۆیه‌ مابێته‌وه‌ هه‌ناسه‌ی ئه‌و خانمه‌ شۆخ وشه‌نگه‌یه‌ كه‌ به‌تاقی ته‌نیا روبه‌روی خه‌مه‌كانی بۆته‌وه‌. 
ره‌نگ به‌ زۆری سپی و زه‌رد و ره‌ش و برێك سووری تێكه‌ڵ به‌ هه‌موو ره‌نگه‌كان كردووه‌، كاری هونه‌ری تابلۆكه‌ ره‌نگی ئاوییه‌و زۆر به‌ جوانی رۆحێكی نه‌رمو نیانی پێ به‌خشیوه‌، سێبه‌رو رووناكی رۆڵێكی زۆری گێراوه‌ له‌گوزارشتكردن له‌ تابلۆكه‌ به‌ به‌راورد به‌ كه‌ره‌سته‌و دیمه‌نه‌كانی تر، هه‌ڵبژاردنی مێینه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و دۆخه‌ سایكۆلۆجیی كه‌ مێینه‌ زیاتر تاسه‌باری و خه‌مناكی به‌ روخسباریه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، دواجار تابلۆكه‌ گوزارشتكردنه‌ له‌ یاخیبونێكی هێمنانه‌ له‌و هه‌موو نه‌ریت و جموجووڵه‌ ئاساییه‌ی له‌ سه‌رله‌به‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی شێواودا روون و ئاشكرا ده‌بینرێت. 
* ستیف هانكس (Steve Hanks) ساڵی 1949 له‌ سانتیاگۆ (كالیفۆرنیا) نزیك كه‌ناراوه‌كانی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی له‌دایكبووه‌، زۆربه‌ی كاته‌كانی تافی منداڵیی له‌ كه‌ناراوه‌كان به‌سه‌ربردووه‌ كه‌ مۆركێكی به‌ هێزی جوانی و خۆشه‌ویستی سروشتی له‌سه‌ر ده‌روونی جێ هێشتووه‌و هه‌میشه‌ جۆرێك له‌ شه‌یدایی بۆ بینینی زه‌ریاكان هه‌بووه‌، چونكه‌ خۆشترینی كاته‌كانی منداڵی له‌و كه‌شوهه‌وایه‌دا به‌سه‌ربردووه‌. له‌تافی گه‌نجیدا به‌ خێزانه‌وه‌ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ مه‌كسیكۆ ستی و ستیفیش له‌وێوه‌ ده‌چێته‌ به‌شی شێوه‌كاری ئه‌كادیمیای هونه‌ره‌ جوانه‌كان له‌ سان فرانسیسكۆو له‌ ساڵی 1976 به‌ پله‌ی شه‌ره‌ف كۆتایی به‌ خوێندن ده‌هێنێت.
هانكس چه‌ندین ته‌كنیكی هونه‌ری له‌ به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی به‌كار ده‌هێنێت وه‌ك نووسین به‌ خاڵریزكردن، ره‌نگی ئاوی و ئه‌كلیریك.. دواجار رێچكه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌ شێوازی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی گرته‌به‌ر، به‌و هۆیه‌وه‌ دواجار به‌ شێوه‌كاری ده‌روونی ریالیزم ناسرا، له‌ راپرسییه‌كی گۆڤاری هونه‌ری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ یه‌كێك له‌ ده‌ هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ره‌باشه‌كانی ئه‌مریكا ناوبراو به‌ عاشقی سه‌ركێشی ره‌نگه‌ ئاوییه‌كان ناوزه‌د ده‌كرێت. 
چونكه‌ ره‌نگی ئاوی جۆرێك له‌ شه‌فافیه‌تی سیحر ئامێزی تێدایه‌ كه‌ جۆرێك له‌ هه‌ستی ئاوێته‌ له‌ روونی ئاو و ته‌كنیكی ره‌نگرێژی به‌یه‌كه‌وه‌ گرێده‌دات و ناوبراو هه‌ست و سۆزی خۆی تێدا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات و بینه‌ر ده‌باته‌ ناو جیهانی هونه‌ری تابلۆ ره‌نگینه‌كانی، دواتر رۆده‌چنه‌ ناو هێڵكاری ره‌نگ و سێبه‌ره‌كانیه‌وه‌و جۆره‌ تان و پۆیه‌كی هه‌میشه‌ به‌جووڵه‌ له‌ تابلۆكانیدا ده‌بینن و مرۆڤی هه‌ستیار تێكه‌ڵ به‌و خه‌ونه‌ ناوازانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ كاتی ئاساییدا هه‌ستی پێناكرێت، هه‌ر بۆیه‌ هونه‌رمه‌ند به‌ شێوه‌كاری خه‌ونه‌ جوانه‌كان ناسراوه‌.

‌ 280 جار بینراوه‌
4/7/2018 9:36:09 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved