»  شۆک
به‌شیك له‌منداڵه‌ ئاواره‌كانی خوار ته‌مه‌نی (١٨)ساڵ به‌ناچاری كارده‌كه‌ن
ئا/ هۆشیار جه‌مال

به‌ پێی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی منداڵان كه‌ یاساكه‌ له‌ ساڵی 1989 په‌سه‌ند كرا.به‌ پێی یاساكه‌ باوك و دایك به‌رپرسیارن له‌ ژیانی منداڵه‌كه‌یانن، واته‌ ئه‌وان ده‌بێ دڵنیا بن كه‌ خۆراك، پۆشاك و هه‌ر شتێكی تر كه‌ بۆ ژیانێكی باش پێویسته‌ بۆ منداڵه‌كه‌یان دابین ده‌كرێ. 

ئه‌م ئه‌ركی به‌خێوكردن و هۆشپێوه‌بوونه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ تا منداڵه‌كه‌ ده‌گاته‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵان.و نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مندالان بخرێنه‌ به‌ركاركردن، به‌ڵام له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی زۆری منداڵان به‌هۆی جه‌نگه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانه‌وه‌، رۆژانه‌ كارده‌كه‌ن، به‌شیك له‌ بژێوی خێزانه‌كانیان دابین ده‌كه‌ن.
سعود ته‌مه‌نی (١١)ساڵه‌ و خه‌ڵكی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌ به‌هه‌واڵی وت:” من له‌ عه‌ربه‌ت نیشته‌جێم به‌ڵام رۆژانه‌ دێم بۆناو بازاری شاری سلێمانی بۆ عه‌لاگه‌ فرۆشتن،”، وتیشی “ڕۆژانه‌ بڕی (٢) هه‌زار دینار ده‌ده‌م به‌پاس بۆ ئه‌وه‌ی بێمه‌ ناو بازاڕ و ته‌نها (٤) هه‌زاریش په‌یداده‌كه‌م”، ئه‌و منداڵه‌ ئاواره‌یه‌ ده‌شڵیت:”به‌ هۆی ئاواره‌بوونمانه‌وه‌ له‌خوێندن دابڕاوم ناشتوانین له‌ ترسی حه‌شدی شه‌عبی بگه‌رێنه‌وه‌، باوكیشم له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ كوژراوه‌.”
محه‌مه‌د ته‌مه‌نی ( ١٢) ساڵه‌، ته‌نها تا پۆلی (٤)ی بنه‌ره‌تی خوێندوه‌و دابڕاوه‌ له‌ ئیستادا له‌ناو بازار كاری عه‌لاگه‌ فرۆشی ده‌كات به‌ هه‌واڵی وت: “زۆر هه‌ژارین و رۆژانه‌یه‌كی كه‌مم ده‌ستده‌كه‌وێت به‌مكاره‌”، وتیشی حه‌زم له‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆماڵی خۆمان وچونه‌وه‌ی خوێندگه‌یه‌ ومنیش حه‌زه‌كه‌م رۆژانه‌ یاری بكه‌م له‌ جیاتی كار”، ئاماژه‌شی كرد به‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك كه‌س مامه‌ڵه‌ی خراپیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن له‌ناوبازار.
رێبه‌ند عوسمان توێژه‌ری كومه‌ڵایه‌تی هه‌واڵی وت:” منداڵ كه‌سیكه‌ كه‌ به‌ ته‌واوی پێنه‌گه‌یشتووه‌ له‌ڕووی عه‌قڵی و جه‌سته‌ییه‌وه‌.
كاركردن كاریگه‌ری راسته‌وخۆ ده‌كاته‌ سه‌ر منداڵ و ئاسه‌واری خراپ جێده‌هیڵێ له‌سه‌ر لایه‌نی ده‌روونی و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و منداڵه‌، بۆیه‌ من وه‌ك توێژه‌ریكی كۆمه‌ڵایه‌تی كاردنی منداڵ ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌، جا له‌ژیر هه‌ر چوارچێوه‌یه‌كدا بێ، چوارچێوه‌ی باوك و برایان ده‌ره‌وه‌ی خیزان، چونكه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك منداڵ بۆ كاركردن ئاماده‌ نییه‌و له‌كاتی كاركردندا كۆمه‌ڵیك ره‌فتاری نه‌شاز تیایدا ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌وڵ ده‌دا وه‌ك گه‌وره‌كان ره‌فتار بكات و وه‌ك گه‌وره‌كان قسه‌ بكات و هه‌وڵی چاولێكه‌ری ئه‌وان ده‌دات، وه‌ك جگه‌ره‌كیشان و سوحبه‌ت كردنی گه‌ورانه‌و گوێبیست بوونی قسه‌ به‌یه‌ك وتن و گاڵته‌ی بیمانا، ئه‌مه‌ش وا له‌و منداڵه‌ ده‌كات تووشی ده‌م سپی بوونه‌وه‌ بێ به‌رانبه‌ر به‌گه‌وره‌كان و ێز له‌ده‌ست بدات و نه‌توانێ وه‌ك منداڵبێ، هه‌روه‌ها حه‌زی به‌دووباره‌كردنه‌وه‌ی كاری گه‌وره‌كان ده‌بێ و خۆی ده‌خاته‌ ژیر به‌ر پرسیاریه‌ك كه‌ له‌ توانای ئه‌ودا نیه‌و كارداته‌ سه‌ر جه‌سته‌و ده‌روونی، تووشی شله‌ژانی ده‌روونی ده‌كات كاتی ده‌یه‌وێ وه‌ك گه‌وره‌كان پیبگاو ناتوانێ.
ئه‌و توێژه‌ره‌ زیاتر وتی”منداڵی كاركه‌ر له‌كاتی كاركردندا كارلیكی كۆمه‌لایه‌تی له‌گه‌ڵ چینیك ده‌بێ كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دوورن له‌بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر رۆژیك كاری ده‌ستنه‌كه‌وێ ره‌نگه‌ په‌نا بۆ ریگایه‌كی ناشه‌رعی ببات بۆ ده‌ستكه‌وتنی پاره‌، یان په‌یوه‌ندیه‌كی كۆمه‌لایه‌تی ناپه‌سه‌ند ببه‌ستێ له‌گه‌ڵ كه‌سیكی لاده‌ر یان باندیك و كاركردن بۆیان له‌به‌رامبه‌ر پیدانی بڕه‌پاره‌یه‌ك.”
ئاماژه‌شی كردبه‌وه‌ی :”منداڵ ئه‌گه‌ر له‌ژینگه‌ی پڕ په‌روه‌رده‌و فیركردنی قوتابخانه‌كان دووركه‌وته‌وه‌و تیكه‌ڵ به‌ژینگه‌ی بازاڕ كرا ئه‌وا به‌دڵنیای زۆرجار تووشی سه‌رلیشواوی و لادان ده‌بیته‌وه‌، ژینگه‌ی بازاڕ تووشی كه‌سانی لاده‌ری ده‌كات و كه‌سانی لاده‌ر توشی جگه‌ره‌كیشان یان ماده‌ی هۆشبه‌ری ده‌كه‌ن، له‌كاتیكیش ئه‌و منداڵه‌ كاری نیه‌و پاره‌ی پێ نیه‌ بۆ به‌ده‌ست هینانی داواكاریه‌كانی توشی دزیكردن ده‌بێ له‌ماڵه‌وه‌و له‌ شوینی تر، یان دوورنیه‌ توشی به‌دڕه‌وشتی و له‌شفرۆشی ببێ، بۆیه‌ ده‌بێ ئاگاداری منداڵه‌كانمان بین و به‌هیچ شیوه‌یه‌ك نه‌یانخه‌ینه ژیر كاریك كه‌ له‌توانای ئه‌واندا نیه‌و زۆربه‌ی یاسای ولاتان پیمان ده‌لین مناڵ منداڵه‌ تاته‌مه‌نی ده‌گاته‌ هه‌ژده‌ ساڵ ئیتر ئه‌وه‌ زۆربه‌ی جاره‌كان پیوه‌ره‌، ئه‌گه‌رچی كاركردن له‌دوای ئه‌و ته‌مه‌نه‌ش ده‌بێ له‌ژیر چاودیریه‌كی چڕدا بێ”.


‌ 889 جار بینراوه‌
4/7/2018 9:40:36 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved