»  شۆک
ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز: كاره‌كانم به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ سۆشیال میدیا بڵاوده‌بنه‌وه‌
ئا/ هاوار ستار


زۆرن ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌ دونیای ئێستاداو به‌تایبه‌ت له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ جۆرێك ناسراون، به‌ڵام كه‌من ئه‌وانه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی ده‌ناسرێن، ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز یه‌كێكه‌ له‌و گه‌نجه‌ كوردانه‌ی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی هاوچه‌رخ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كاره‌كانی به‌ربڵاوبووه‌ به‌ تایبه‌ت كاری هونه‌ری دیجیتاڵی و كاره‌كانی به‌جیهاندا بڵاوه‌پێكراوه‌، ئه‌حمه‌د زیاتر كار له‌سه‌ر واقعی كورد و ده‌وروبه‌ر ده‌كات كه‌ چۆن به‌ده‌ست جیهانێكی نایه‌كسان و سه‌ركرده‌ زلهێزه‌كانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و خه‌می مرۆڤایه‌تی ده‌خاته‌ڕوو، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی هه‌واڵ-دا ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز ده‌دوێنین.

* ئه‌حمه‌د كێیه‌ ؟
- ناوم ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز تاهیره‌ له‌ساڵی 1986 له‌ هه‌ولێر له‌دایكبووم، ساڵی 2007-2008 په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌ولێرم ته‌واوكردووه‌، ساڵی 2011-2012 كۆلێژی هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌ولێرم ته‌واوكردووه‌، یه‌كه‌مین پێشانگای تایبه‌تی فۆتۆگرافیم له‌ژێر ناوی (ئازاره‌كانی وان) له‌ساڵی 2011 له‌ شاری هه‌ولێر و سلێمانی كردۆته‌وه‌، یه‌كه‌مین پێشانگای تایبه‌تی شێوه‌كاریم  له‌ساڵی 2012 له‌ هۆڵی كۆلێژی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ولێر كردۆته‌وه‌، ساڵی 2014 پڕۆژه‌ی هونه‌ری (كورسی)ـم به‌ شێوه‌ی ئینسته‌له‌یشن له‌ هۆڵی كۆلێژی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ولێر نمایشكردووه‌، ساڵی 2015 پڕۆژه‌ی هونه‌ری (وێرانكه‌ره‌كان)ـم به‌ شێوه‌ی فۆتۆ كۆلاج ئه‌نجامدا و ده‌نگدانه‌وه‌ی نێوخۆیی و جیهانی هه‌بوو. به‌شداریم كردووه‌ له‌ 45 پێشانگای هاوبه‌شی له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.
* كه‌ی ده‌ستت به‌ كاری هونه‌ری كردووه‌ و له‌ چی بوارێكدا كارده‌كه‌ی ؟
- سه‌ره‌تای كاركردنی هونه‌ریم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی به‌ر له‌ چوونم بۆ په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان، به‌ڵام دوای چونم بۆ په‌یمانگه‌و كۆلێژی هونه‌ر ئیدی هونه‌ر زۆرترین پانتایی ژیانی داگیركردم و به‌رده‌وام له‌ ناوكاری هونه‌ریدام و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی من به‌ده‌ر له‌ مه‌سه‌له‌ی حه‌ز و ویست له‌ناو هونه‌ردا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، له‌ بواری هونه‌ری شێوه‌كاری و به‌ كاری ئه‌كادیمی ده‌ستم به‌ كاركردن كردوه‌و به‌ پێی تێپه‌ڕین و تێگه‌یشتن و به‌ركه‌وتن كاره‌كانم گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتوه‌و له‌ ئیستادا كار له‌سه‌ر هونه‌ری هاوچه‌رخ ده‌كه‌م به‌ هه‌موو تێرمه‌كانییه‌وه‌.
* هونه‌ری دیجیتاڵی به‌تایبه‌ت ئه‌و كارانه‌ی تۆ ده‌یكه‌ی جێی سه‌رنجن و كه‌ی ده‌ستت داوه‌تێ و چۆن ده‌ستت پێكرد ؟
- سه‌ره‌تای ئه‌م كارانه‌م له‌ ساڵی 2013 وه‌ بووه‌ و هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌ بوو كه‌ زمانی وێنه‌ی فۆتۆگرافی و دیجیتاڵی هیزی چونه‌ ناو خه‌ڵك و بینینی زیاتره‌و هۆكارو كه‌ره‌سته‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌ره‌ له‌ كوردستان له‌ باره‌و هه‌موو كه‌س به‌ ئاسانی ده‌گاته‌ به‌رچاوی و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ كاریگه‌ری میدیایه‌ له‌سه‌ر هونه‌ر كه‌ ئه‌م كاركردنه‌ی من زیاتر له‌ رێگه‌ی سۆشیال میدیاوه‌ ده‌گاته‌ به‌ر بینینی خه‌ڵك و كاردانه‌وه‌ی خێراشی هه‌بوه‌ له‌سه‌ر ئاستی دونیا.
* كاره‌كانت له‌بواری ده‌ستی و پاشان ئه‌لیكترۆنیش گوزارشت له‌ چی ده‌كه‌ن ؟
- چ تابلۆكانم و چ كاره‌ دیجیتاڵیه‌كان به‌ گشتی پڕن له‌ كێشه‌و ئازار، كاره‌كانم خه‌مێكی تیایه‌و هیچ كامێكیان خاڵی نین له‌ تراژیدیا به‌ بۆچوونی من هونه‌ر ئه‌بێت له‌و شوێنه‌ رۆڵی خۆی هه‌بێت كه‌ نه‌هامه‌تی هه‌یه‌، ئه‌گینا له‌ ئارامیدا هونه‌ر هیچ هێزێك و بابه‌تێكی نییه‌و زیاتر به‌ره‌و دیكۆر و رازاندته‌وه‌ ئه‌بێت، یاخود له‌ چوارچێوه‌ی كاری ریلیزم و هایپه‌ر ریالیزم له‌ ته‌كنیكدا خۆی تازه‌ ده‌كاته‌وه‌.
* كاره‌ دیجیتاڵیه‌كانت له‌كوێ به‌شداری پێكراون و سایته‌ جیهانیه‌كان چۆن بڵاویان كردوه‌ته‌وه‌ ؟
- ره‌نگه‌ كاره‌كانی من به‌ر بڵاوترین بێت له‌ چاو هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی كوردی دیكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئێجگار فراوان له‌ سۆشیال میدیا بڵاوده‌بێته‌وه‌و به‌ جۆرێكه‌ كه‌ خودی خۆم بۆم كۆنتڕۆڵ ناكرێت له‌ پڕۆژه‌ی رابردوو به‌ ناوی (وێرانكه‌ره‌كان) به‌ هه‌فته‌یه‌ك گه‌یشته‌ سه‌رانسه‌ری جیهان و تا ئێستاش به‌رده‌وام كاردانه‌وه‌ی هونه‌ری و میدیایی هه‌یه‌.
* چیت هه‌یه‌ بۆ گه‌نجانی وڵات به‌ تایبه‌تی له‌م دۆخه‌ی ئێستادا ؟
- له‌ ئێستادا ئه‌ركی هونه‌رمه‌نده‌ گه‌نجه‌كانی وڵاته‌ رۆڵی به‌رچاویان هه‌بێت و له‌ گه‌وره‌یی به‌رپرسیارێتی خۆیان تێبگه‌ن و به‌ ئاگاییه‌وه‌ كاری هونه‌ری بكه‌ن و ده‌ربچن له‌ یاساو شێوازه‌ باوه‌كانی هونه‌ر كه‌ توانستی هونه‌ری له‌ هێزی دروستكردن بچوك كردۆته‌وه‌، ئه‌بیت به‌ره‌و شوناس و كۆنسێپتی تایبه‌تی خۆیان هه‌نگاوبنێن و ئازادانه‌ كاره‌كانیان به‌به‌رهه‌م بێنن، بێگومان ئه‌مه‌ش به‌ ئاسانی دروست نابێت و پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌و به‌دواداچونی زۆر وردو قوڵ هه‌یه‌ له‌ هه‌مو بواره‌كانی هونه‌ر به‌ تایبه‌تی هونه‌ری ئێستای دونیا كه‌ به‌ هونه‌ری هاوچه‌رخ ده‌یناسین.
دوا وته‌ت؟
- كاركردن و خوێندنه‌وه‌و سه‌یركردنی ئێستاو داهاتوو بونیادبنێین بۆ ئه‌وه‌ی ببین به‌ رابردوویه‌كی جوان و باش، سه‌ره‌تا بۆ خۆمان دواتر بۆ مرۆڤایه‌تی.

‌ 1641 جار بینراوه‌
4/7/2018 9:41:38 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved