»  شەکری تاڵ
بوده‌ڵه‌كان گه‌وره‌ مه‌كه‌ن.. كاره‌ساته‌ گه‌وه‌ركان بچوك مه‌كه‌نه‌وه‌ !!





له‌سه‌رو به‌ندی ئازادی عێراقداو دوای كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی كه‌ركوكی لۆكاڵی، ئیبراهیم تاتلیساسی گۆرانیبێژی تورك هاته‌ كه‌ركوك كه‌ به‌ نیازی ده‌سكه‌وتی ماددی و هیچی تر ده‌یویست وه‌به‌رهێنانێكی گه‌وره‌ له‌ شاره‌كه‌ بكات و وه‌ك رۆژی رووناك دیاربوو زۆربه‌ی ئامانجه‌كانی له‌ قازانجی توركیابوو، هه‌ندێك له‌ هه‌رزه‌كاره‌ ناوخۆكانمان داوایان لێكرد له‌ به‌رده‌م كامێرای كه‌ناڵه‌ تازه‌ له‌دایكبووه‌كه‌ بڵێت “من كه‌ناڵی كه‌ركوكم خۆشده‌وێت”. جگه‌ له‌وه‌ی به‌شان باڵی هه‌ولێردا هه‌ڵی ده‌دا بۆ راییكردنی به‌رژوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی، كه‌چی ئه‌مڕۆ به‌ رۆژی رووناك سیفه‌ته‌ پیس و گڵاوه‌كه‌ی تاتلیساس له‌ عه‌فرین به‌رانبه‌ر به‌ كورد به‌ گشتی و سوكایه‌تی كردنی به‌ عه‌فرین به‌ تایبه‌ت ده‌ركه‌وت، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ زۆرێك له‌ گه‌نجان و ئاره‌زوومه‌ندانی ده‌نگی بله‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كان  حاشاكردنیان لێی راگه‌یاند و زۆربه‌ی وێنه‌و كتێب و پۆسته‌رو سیدیه‌كانیان شكاند.
ئێمه‌ بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئیبراهیم تاتلیساس كه‌سێكی توركه‌و هاوبار خاوه‌ن كه‌سێتییه‌كی سووك و ناجێگیره‌، ئه‌و نابێته‌ ئه‌حمه‌د كایاو بارش مانجۆو هتد.. چونكه‌ ئاشكراو روونه‌ هیچ ته‌رحێكی مرۆیی و فه‌لسه‌فی له‌ به‌رهه‌مه‌كانیدا نابینرێت، هونه‌ر له‌لای ئه‌و جوانترین ئامرازه‌ بۆ بازرگانی و ته‌خشانكردنی پاره‌و خۆشگوزه‌رانی و رابواردن له‌ پله‌ی ئیمتیاز، ئه‌گه‌ر هاوكێشه‌كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بوایه‌ زۆر بوون ئه‌وانه‌ی به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌فرین هه‌ڵیانده‌داو مافی خۆشیانه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بن نه‌ته‌وه‌ی خۆیان خۆش بوێت. 
ئێوه‌ ره‌خنه‌ له‌ كێ ده‌گرن.. ئیبراهیم تاتلیساس به‌راورد به‌ زۆربه‌مان هه‌ر هیچی نه‌كردووه‌، نه‌خاكی فرۆشتووه‌، نه‌ داهاتی وڵاتی به‌ تاڵان بردووه‌و نه‌ خه‌ڵكی نیشتمانه‌كه‌ی برسی كردووه‌و نه‌ مووچه‌ی بن دیواری هه‌یه‌؛ به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ قه‌رزێكی زۆری داوه‌ته‌ حكومه‌تی توركیا، له‌به‌رانبه‌ردا هونه‌رمه‌ندانی ئێمه‌ له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ دێن و له‌ حكومه‌ت و حیزب هه‌ڵده‌پچرن و به‌ناوی ئه‌وه‌ی گۆرانییه‌ك بۆ كوردستان ده‌ڵێن گه‌وره‌ترین سه‌فقه‌ی بازرگانی ده‌كه‌ن، هه‌ن شاجوانه‌كان و شته‌كانی تر بانگهێشت ده‌كه‌ن و له‌ كاتێكدا مناڵی مامۆستا 250 دینارێك شك نابات له‌ قوتابخانه‌ خه‌رجی بكات، ئه‌وان به‌ جانتا دۆلار له‌و تاسولووسانه‌ خه‌رجده‌كه‌ن. یان به‌ناوی كلیپێكه‌وه‌ چێكی به‌تاڵ وه‌رده‌گرن و له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشێكی ناوخۆ یان بیانی كلیپده‌كه‌ن. 
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ مایه‌ی سه‌رسامییه‌ له‌بیست ملیۆن كوردی كوردستانی باكور ته‌نها نۆ ملیۆن كورد ده‌نگ ده‌ده‌نه‌ هه‌ده‌په‌و له‌نیوه‌ی زیاتر هیچ سۆزێكی نه‌ته‌وه‌ییان نییه‌و ده‌نگ به‌ نه‌یاره‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن. 
سه‌یره‌ تۆ رق له‌ تاتلیساسی جاش تورك هه‌ڵگریت له‌كاتێكدا به‌ هه‌زاران تاتلیساس له‌ بنه‌و سێبه‌ری خۆماندا هه‌ن، ئه‌و سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌یت و له‌ چه‌قۆكێشێك ده‌گه‌ڕێیت سوكایه‌تی به‌ فه‌رمانبه‌ری بێ مووچه‌ بكات، یان نه‌خوێنده‌وارێك به‌ ژنه‌ پزیشكێك بڵێت “ئه‌گه‌ر بۆ مووچه‌ مانده‌گریت.. وه‌ره‌ له‌ماڵه‌وه‌ پاره‌ت ده‌ده‌مێ،” یان پیاوێكی ریش سپی به‌ ده‌ستی دیاره‌وه‌ بدرێته‌ به‌ر شه‌ق، ئایا تاتلیساس ئه‌مانه‌ی ده‌رحه‌ق به‌ هاوڵاتیانی خۆی كردووه‌؟! 
ئیتر بۆچی تووتی ئاسا بكه‌ویته‌ وێزه‌ی ئه‌مو ئه‌وو بێ هیچ بنه‌مایه‌ك ته‌خوینیان بكه‌یت، تكایه‌ كوردینه‌ ده‌ست له‌م مۆدیل و مۆدیلكارییه‌ هه‌ڵگرن و با تۆزێك جوانتر بیربكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ی روودودات زۆر له‌ تاتلیساس گه‌وره‌تره‌و تاتلیساسی بودڵه‌ گه‌وره‌ مه‌كه‌ن، دۆخه‌كه‌ پێویستی به‌ رۆشندیده‌یی و تێرامانی زۆرو بیركردنه‌وه‌ی جدی هه‌یه‌، تكایه‌ مه‌سه‌له‌ لاوه‌كیه‌كان مه‌كه‌ن به‌ بابه‌ت چونكه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ كه‌یسه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان په‌راوێزده‌خرێن و له‌ده‌ستمان ده‌رده‌چن. من پاكانه‌ بۆ تاتلیساس ناكه‌م.. بۆیه‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی باشتره‌ له‌و هه‌لایه‌ی له‌سه‌ری ده‌كرێت، ئه‌و نه‌ماوه‌و پێویست به‌وه‌ ناكات به‌ فووكردنه‌ باڵۆن گه‌وره‌ی بكه‌ن.


ئیمزا
                عه‌بدلڕه‌حیم سه‌ره‌ڕۆ

‌ 999 جار بینراوه‌
4/7/2018 9:46:29 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved