»  وتاری هەفتە
تاڵەبانییەكەی ئەنجومەن.. پشت لەكەركوك و روو لە هەولێر
بورهان حاجی سلێمان


لە كاتێكدا ماوەیەكی زۆرە ئەندامە یەكگرتووەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و تەواوی دامودەزگا حیزبی و میدیاییەكانی حیزبەكە لە شارەكەدا كاری خۆیان دەكەن و لیستیشیان بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی 5 هەیە،  رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنەكەو بەرپرسی باڵای یەكگرتوو، سوورە لەسەر جێبەجێكردنی ئیرادەی حیزبێكی دیكە لە نەگەڕانەوە بۆ شارەكەو ئیفلیجكردنی ئەنجومەنەكە، ناوە ناوە لە مەنفا ئیختیارییەكەیەوە، هانی كورد دەدات نەگەڕێتەوە بۆ كەركوك و بە ژینگەیەكی نائارام ناویدەبات.
لە چەند ساڵی رابردوو بەهۆی رێكنەكەوتنی توركمان لەسەر كەسێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، پۆستەكە بە وەكالەت لە لایەن رێبوار تاڵەبانییەوە بەڕێوەدەبرا، چ ئیدارەی پارێزگا و چ لایەنە حیزبییەكان پاڵپشتی تەواوی بوون بۆ سەركەوتن لە كارەكانیدا، چونكە بووە نوێنەری سەرجەم كورد لەو دەزگا تەشریعییە، بەڵام لە دوای 16ی ئۆكتەبەرەوە بە بێئەوەی هیچ هەڕەشەیەكی گیانی لەسەر هەبێت لەگەڵ كادرو لێپرسراوانی پارتیدا شارەكەی بەجێهێشت و بووە بەشێك لە پیلانی وەرنەگرتنەوەی پۆستی پارێزگاو سەرهەڵدانەوەی دیاردەی تەعریب لە لایەن ئیدارە سەپێندراوەكەی سەر كەركوك، چونكە بەهۆی نەگەڕانەوەی سەرۆك و ژمارەیەكی ئەندامانی كوردەوە ئەنجومەنەكە ئیفلیجكراوەو ناتوانێت رۆڵی چاودێر لەسەر حكومەتە محەلییەكە بگێڕێت.
لەگەڵ ئەوەی لە پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستاندا دەزگا حیزبیەكانی یەكگرتوو رێبوار تاڵەبانییان بە قازی محەمەدی كەركوك ناودەبردو لە پرسی سكاڵاكەی توركمان و عەرەبەكاندا تەواوی خەڵكی شارەكە پشتگیریان لێكردو دوا جاریش لە دادگای فیدڕاڵی پرسەكەی بردەوە، بەڵام ناوبراو لەم بارودۆخە سەختەدا دەستبەرداری شارەكەی بووەو لەبری ئەوەی بێتەوە شەڕی بەرژەوەندییە نەتەواییەتییەكان بكات، لە دیوەخانەكەی هەولێر پشتی لێداوەتەوە، چاوەڕێیەتی لەسەر قسەی برادەران بە ئیمتیازاتەوە بگەڕێتەوەو جارێكی دیكە بێتە سەر خوانی حازرەكی.  
لە دوو پرسی هەستیاردا یەكگرتووی ئیسلامی هەڵوێستی جیاوازی هەبووەو وای نیشانداوە كە لە ریزەكانی ئەو حیزبە دژبەری و دووڕایی تێكەوتووە، پێشتر لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانتارەكانی دابەشی هەردوو بەرەكە بوون و ئێستاش لە پرسی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی كەركوكدا، بەڵام لە راستیدا ئەوە پەیڕەوكردنی سیاسەتی گرتنی دارەكەیە لە ناوەڕاستەوە، ئەو دەیەوێت هێلكەكانی دابەش بكاتە ناو هەردوو سەبەتەكەوە، چونكە ئەگەر فرەڕاییەكەی ناو یەكێتی عیلەتی تەكەتول بێت، بەتایبەتی بەر لە دوایین ئینشقاق لە ریزەكانیدا، ئەوە بۆ حیزبێكی سەنتەریالیزمی وەكو یەكگرتوو كە هەموولایەك دەزانێت سیاسەتەكانی كێ و لە كوێوە بۆ دادەنێت، دەستێكی كەشف و گەمەیەكی سیاسی ئاشكرایە، گەمەیەك كە چیتر كەركوك بەرگەی ئاكامە خراپەكانی ناگرێت، بۆیە كاتی خۆساغكردنەوەو یەكلایی كردنەوەیە؛ كامەیان رووە راستەقینەكەی یەكگرتووە، ئەوەی گەڕاوەتەوە یان ئەوەی لەدوورەوە دەیەوێت كەركوك گڕبگرێت، تاكو پاساو بۆ مانەوەی لە هەولێر بهێنێتەوە؟! 













‌ 1229 جار بینراوه‌
4/14/2018 7:35:07 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved