»  راپۆرت
داوا دەكرێت راگەیاندنی كوردی لەكەركوك نەتەوییانە كار بكات


نووسەرو رۆژنامەنووسان رۆڵ و ئەركی راگەیاندنی كوردی لە هاندان و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە گرنگ دەزانن و  پێیانوایە دەبێت دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی، جەخت لە لایەنی نەتەوایەتی بكەنەوە” .

كەمبوونەوەی دەنگێكی كورد یەكسانە بە زیادبوونی دەنگێكی نەیار
رابەر رەشید، نووسەرو رۆژنامەنووس بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” بەشدارینەكردنی كورد لە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەتایبەتی لەناوچە داگیركراوەكان، كەمبوونەوەی یەك دەنگی كورد یەكسانە بە زیادبوونی دەنگێكی نەتەوەكانی تر، ئەمە نەك لە روانگەی رەگەزپەرستانەوە، چونكە هەردوو نەتەوەی عەرەب و توركمان، لە حاڵەتێكدا ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست لە شاری كەركوك، مێژوو شاهێدە كەچی بەسەر بارودۆخی كوردا دێت، لەگەڵ ئەوەی كورد لە ساڵی 2003ـەوە دەسەڵاتداربووە لە شارەكە، بەشێوەیەكی رێك و جوان مامەڵەی لەگەڵدا كردوون”.
 ئاماژەی بەوەشكرد:” راگەیاندنەكان رۆڵی سەرەكی دەبینن لە وشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لە بەشداریكردن لە پرۆسەكە بەتایبەتی لە كەركوك و خانەقین و ناوچەكانی تر”. 
وتیشی:” حیزبە كوردییەكان لە هەرێم لەسەر نیو كورسی سەری یەكتر دەشكێنن، بەڵام لە كەركوك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەگەر ئەو ململانێیە بكەن، ململانێیەكی زۆر نابەجێیە، چونكە گواستنەوەی ململانێكانی هەرێم بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، خەڵكی سارد دەكەنەوە، لایەن هەیە ئێستا بە ئاشكرا هەوڵی ئەوە دەدا، ئەوە كاریگەریكردنە سەر ئایندەی كەركوكە كە زیان بە دۆزی كورد دەگەیەنێت لە شارەكە”.
رابەر رەشید، باسی لەوەشكرد:” ئەو هەنگاوانەی كە دەكرێت كە راگەیاندنكاران و دەزگاكانی راگەیاندن بیگرنەبەر، ئەوەیە ئەم ماوەیەی ماوە، دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی، هەروەها گەورەكردنی بنەماڵە، تەنها جەخت لە لایەنی نەتەوایەتی بكەنەوە بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵكی كورد بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بۆ كورد بدەن”.
ئەمجارە جیاوازە
عومەر غەریب رۆژنامەنوس، بۆ (هەواڵ) وتی: “هەڵبژاردنی ئەم جارە جیاوازترە لەو هەڵبژاردنانەی تر لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە كەركوك ئەنجامدراون، ئەوەی هەڵبژاردنی ئەم جارە لە هەڵبژاردنەكانی تر جیادەكاتەوە ئەو دەرهاویشتەیەیە كە لە ئاكامی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی سێپتەمبەری ساڵی پار لە كەركوكیش بەڕێوەبرا و لێكەوتەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا”.
هەروەها باسی لەوەشكرد: “ئەوەی پێویست دەكات لەم قۆناغەدا لەرووی لایەنەكانە پێویستە بەرنامەو پلانی كاركردنی خۆیان هەبێت بۆ ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە كەركوك و لەرووی راگەیاندنەوە پێویستە میدیاكان بتوانن پلانیان هەبێت و ئەركی هەموانە بەشێوەیەكی باش و كارا كار بكەن بۆ ئەوەی لایەنێكی سیاسی لەسەر شكاندنی لایەنەكەی بەرانبەری هەوڵنەدات كورسیەكی زیاتر بەدەست بێنێت و خواستی خەڵكیشە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە شارەكە بەڕێوە بچێت، تاكو كورد بەسەنگی خۆیەوە نوێنەرانی بچێتە بەغدا”.
ئەو رۆژنامەنوسە ئاماژەی بەوەشدا: “جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو كە هەر لایەنێكی سیاسی كاری لەسەر بەرانبەرەكەی دەكرد و ئێستاش ئەوە لە هەرێم دەبینرێت لەمیدیاكانەوە، بەڵام ئەم جارە دەبێت كار بۆ ئەوە بكرێت لە كەركوك و ناوچەكانی تری وەك كەركوك كار بۆ پرسە نەتەوەییەكە بكرێت كە چۆن كورد دەنگێكی زیاتر بێنێت لە چاو رابردوو”.

بەرزكردنەوەی هێزو باڵانسی كورد وابەستە بە تاك بەتاكی گەلی كوردەوە لە كەركوك
سۆران محەمەد رۆژنامەنوس بۆ (هەواڵ) وتی: “گرنگە سەرجەم میدیا كوردییەكان، هانی كەركوكیەكان بدەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی گشتی سەرجەم هاوڵاتیان بەشدار بن لە هەڵبژاردن لە شاری كەركوك، چونكە دۆخەكە وەها دەخوازێت كە نابێت تاكە كوردێك بەشدار نەبێت لە هەڵبژاردن لە كەركوك و ناوچەدابڕێنراوەكان كە ئێستا بە ناوی سەپاندنی یاساوە حكومەتی عێراقی لێی باڵادەستە”.
هەروەها وتی: “بەو پێیەی كە گەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتی لەسەر گەلی كورد هەیە، بەرزكردنەوەی هێزو باڵانسی هێزی سیاسی وابەستە بوو بە تاك بەتاكی گەلی كوردەوە لە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، سەرەڕایی كەموكورتیەكانی سیاسییەكان لە شاری كەركوك، دەبێت هەمووان لەم دۆخەدا بە ئەركی سەر شانمان هەستین لە سۆنگەی كوردبونماوەنە بەشدار بین لە هەڵبژاردن”.
سۆران محەمەد ئاماژەی بەوەشدا: “بەشداری نەكردنی كورد لە هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتوو لە كەركوك بەواتای تەعریب دێت بۆ سەر كەركوكیەكان و كوردی شارەكە بەتایبەت، چونكە بەو پێەی كە توركمان و عەرەب دەیانەوێت بەهاوكاری چەند وڵاتێك كەركوك لە ژێر دەستی كورد دەربكەن و ئەمەش بەزیانی سەرەكی كورد دەشكێتەوە لە ئایندەدا”.


‌ 403 جار بینراوه‌
4/14/2018 7:36:39 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved