»  کوردستان
عیزەت دووری سـوپایەكی نـوێ پێكدێنێت



هەڕەشەكانی عیزەت دووری سەبارەت بە هەڵگیرسانی جەنگێكی نوێ لە عێراق كاردانەوەی جیاوازی لێدەكەوێتەوەو چاودێرانی سیاسیش بە مەترسی راستەقینە ناوی دەبەن و بەپێی زانیارییەكانیش ناوبراو بە پاڵپشتی دارایی رەغەدی كچی سەدام حوسێن سەرقاڵی پێكهێنانی سوپایەكی چەكداری نوێیە لە سێكۆشەی سوونی.
بەبۆنەی یادی 71مین ساڵەی دامەزراندنی حیزبی بەعسی قەدەغەكراوەوە، عیزەت دووری پەیامێكی هەڕەشە ئامێزی بڵاوكردەوەو تیایدا وتی “ئەگەر داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێت بەتایبەت پرسی دەركردنی میلیشیا ئێرانییەكان و ئازادكردنی دەستگیركراوەكان ، جەنگێكی نوێ بەرپا دەكەین و بەرژوەندی وڵاتان لە عێراق دەخەینە مەترسییەوە”، دووری كە یەكێكە لە گەورە داواكاراوانی سەرانی بەعس، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە دەستگیر بكرێت وتیشی “بەرژوەندییە سەربازی و ئابوورییە بیانییەكان لە عێراق دەكەینە ئامانج و عێراقیش لە حكومەتە بەكرێگیراوەكە دەكەینە دۆزەخ”.
هەڕەشەكانی دووری كاردانەوەی جیاوازی لای حكومەتی عێراق و حیزبە شیعییەكان دروست كردووە، لەو بارەیەوە موقتەدا سەدر هەڕەشەی دەستگیركردن یان كوشتنی ناوبراو دەكات لە دوای هەڵبژاردەنەكانی 12ی 5، بەڵام مۆفەق روبەیعی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران رەتیدەكاتەوە كە عیزەت دووری لە عێراق بێت.
بەپێی زانیارییەكانی (هەواڵ) رەغەد كچی سەدام حوسێن كە دانیشتووی وڵاتی ئەردەنە، كۆمەكی دارایی سوپاكەی دووری دەكات كە بە هاوشێوەی باڵە سەربازییە تەقلیدییەكەی حیزبی بەعس پێكدێت لە سێ گروپی تەمەنی (گلائع) بۆ میردمنداڵان و (فتوە) بۆ گەنجان و (فیدائیون) بۆ پیاوان.
زانیارییەكانی (هەواڵ) ئاماژە بەوەشدەكەن:” لە ناوچەكانی حەویجەو زاب و عەباسیش بەعسیەكان كەوتوونەتەوە جموجۆڵ و خۆڕێكخستنەوە بەمەبەستی دەستكردنەوە بە چالاكی سیاسی و سەربازی.

‌ 1006 جار بینراوه‌
4/14/2018 7:53:21 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved