»  پەڕەموچ
بانگهێشتكردنێك بۆسەربڕین
ئازەری نفیسی



و: عبدالرحیم سەرەڕۆ 

وەبیری كچە خوێندكارەكانم هێنایەوە لە گرتەی سەمای "بانگهێشتكردنێك بۆسەربڕین"ـدا پاسەوانی زیندانیەكە كە ناوی "سینسیناتس"ـەو داوای سەماكردنی لێدەكات، دواتر خۆی و زیندانیەكە بە دووقۆڵی سەمای فاڵس دەكەن و پێكەوە دەگەنە سنوری چیمەنەكەو لە یەكێك لە گۆشەكاندا یەكێك لە سیڵف گاردەكان دەبینن، لێرە هەردوو پاسەوانەكە پێكەوە بازنەیەك لە نزیكیەوە بەدەم سەماوە بە پێیان دەكێشن، دواتر گلۆر دەبنەوەو پێكەوە دەگەڕێنەوە ناو زیندانەكە، ئێستا سینسیناتس هەست بە خەمباری دەكات چونكە چێژی قبووڵكردنی یەكتری نێوان خۆی و زیندانیكەرەكەی درێژەی نەكێشاو لەناكاو كۆتایی هات. 
ئەو جوڵە بازنەییە سەرەكیترین جووڵەی ناو رۆمانەكانە، چونكە مادام سینسیناتس پێشوازی لەو جیهانە ساختەو ناكۆكە دەكات كە زیندانیكەرانی بەسەریان سەپاندووە، هەر بە زیندانی دەمێنێتەوەو ناتوانێت لە سنووری ئەو بازنەیە دەرچێت و تێپەڕی بكات كە بۆیان كێشاوە. 
خراپترینی تاوانەكان كە دەكرێت سیستمە تۆتالیتارەكان ئەنجامی بدەن ئەوەیە، هاونیشتمانیان و لەناویاندا قوربانیانی سیستمەكە دەكەنە شەریكە بەشی تاوانەكانیان، كە لەگەڵ جەلادەكەت سەما دەكەیت و بەخودی خۆت بەشداری لە لەناودانی خۆت دەكەیت، ئەو كارە بەرزترین ئاستی وەحشیگەرییە! 
خوێندكارەكانم ئەوەیان لە نمایشكردنی دادگاییەكان لە تیڤییەكان بینیوە، ئیتر خۆیان ئەو رۆلە دەگێڕن و هەرچەند بچنە سەرشەقامەكان و بازاڕو دەشت و دەر جلێك دەپۆشن كە خۆیان نەیانویستووە بەڵكو داوایان لێكراوە لەبەری بكەن ، رەنگە نەبووبنەتە بەشێك لەو گەلەكۆمەكیەی كە دەڕواننە لەناودانی مرۆڤەكان، بەڵام هاوكات توانای رەتكردنەوەو بەرپەرچدانەوەیان نەبووە! 
تاقە چارەسەرێك كە وادەكات سیتسیناتس لە بازنەكە دەرچێت و كۆتایی بەو سەما گاڵتەجاڕییە بهێنێت كە جەڵادەكەی بەسەریدا دەیسەپێنێت، گەیشتنە بەو رێگایەی كە پارێزگاری لە تاكایەتی دەكات. ئەو بەها لابەلایەی كە گەمە لە دژی بیرۆكەی بازنەكان دەكات و هاوكات جیاوازی زۆر لە نێوانی خۆی و ئەوانی تر دەبینێت، ئەوان جگە لە جیهانێك لەلایەن سرووتە ساختەكارو بەتاڵەكانەوە بەرێوە دەبرێن هیچی تر نەبوونەو نابن. هیچ جیاوازیەكی ئەوتۆ لە نێوان جەلادەكانی ئێمەو جەلادەكەی سینسیناتسدا نییە جا لە هەركوێیەك بن، چونكە هەموو فەزاكانی كەسێتیمانیان داگیر كردووە، دەیانەوێت هەرچی بایەخ و بەهایە بەپێی ئارەزوووی خۆیان پێكەوەی بنێن و دواتر ناچارمان بكەن ببین بە بەشێك لەو پرۆسەیە، ئەمەش هەمووكات خۆی لە خۆیدا جۆرێكە لە جۆرەكانی كۆمەڵكوژی. 
لە كۆتاییدا كە سینسیناتس پەلكێش دەكرێتە سەر سەكۆی سەربڕین ئیتر سەری دەخاتە سەر سەكۆكەو ئامادە دەبێت سەری ببڕن وشەیەكی سیحر ئامێز دووبارە چەند بارە دەڵێتەوە دەڵێتەوە:"بەدەستی خۆم نەك بە دەستی جەلادەكەم"، ئەم دووبارەكردنەوە بەردەوامە بە تاكرەفتی و هەوڵدان بۆ نووسین و خوڵقاندنی زمانێك جیاواز لەوەی جەلادەكانی بەسەری دەیسەپێنن، ئەم هەمووە بوونە فاكتەرێك بۆ ئەوەی لەدوا چركەساتەكاندا فریادرەسی ببن و رزگاری بكەن، كە كەللەسەری خۆی گرتە دەستی و بەرەو دوور رۆیشت و تا دەهات دوورتر دەكەوتەوەو چووە ناو فەزای ئەو دەنگانەی لە جیهانێكی ترەوە بانگییان دەكرد، دەبینین سەكۆكان و جەلادەكان و هەموو ئەوانەی لەدەوروبەریدان جیهانێكی پووكاوەن لە بەردەمیدا لێك هەڵدەوەشێنەوەو دەبنە غوبارو نامێنن.

*  ئازەری نفیسی لەدایكبووی 1955ـی شاری تاران و مامۆستایە لە زانكۆی جۆنز هۆپكنزی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا،خاوەن ئەندامێتی باڵایە لە زانكۆی ئۆكسفۆردو لە ئێران وەك مامۆستای زمان و ئەدبی ئینگلیزی لە دانیشگاكانی تاران و زانكۆی ئیسلامی كراوەو زانكۆی تەبتەبایی مامۆستای وانەبێژبووە، بەهۆی رەتكردنەوەی زۆربەی نەریتە سەپاوەكانی حكومەتی ئیسلامی ئێران بەسەریدا و باوەڕی بە ئازادی تاك لە زانكۆ دادیدەبڕن، ساڵی 1997 بە ناچاری ئێرانی جێ دەهێڵێت و روودەكاتە هەندەران و دەگاتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، چەندین بابەتی لە رۆژنامەكانی ئەمریكا بڵاوكردۆتەوە وەك (نیویورك تایم،ز واشنتۆن بپۆست، وول ستریت جورنال ونیویۆرك ریببلك) هاوكات لە چەندین چاوپێكەوتن و چالاكی ئەدەبی لە رادیۆو تەلەفزیۆنەكان دەركەوتووە، ئێستا لەگەڵ هاوسەرەكەی و هەردوو كوڕەكەی لە واشنتۆن دی سی ژیان دەگوزەرێنن.

‌ 895 جار بینراوه‌
4/14/2018 8:04:10 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved