»  شۆک
ئاهەنگی دەرچووانی كۆلێژو پەیمانگەكان بەراورد بە ساڵانی رابردوو ساردوسڕە
ئا / هاوار ستار




لە ئێستادا وەرزی ئاهەنگی دەرچووانی كۆلێژ و پەیمانگەكانە و رۆژانە بۆنە ئاهەنگ دەگێڕن، بەڵام وەك باسدەكرێت ئاهەنگ و بۆنەو مەراسیمەكانی دەرچوانی ئەم ساڵ وەكو ساڵانی پێشوو نییە بەتایبەت بۆ گەنجە كوردەكان كە لەچەند روویەكی سیاسی و نەتەوەیی و ئابوری و رامیاری پاشەكشەی كردووە، دەرچوویەكی ئەمساڵ پێیوایە ئاهەنگی دەرچوون لەتەمەندا یەكجارەو بۆیە گەنج لەهەر بارودۆخێكدا بێت دەبێت هەوڵی بۆ بدات بەجوانتریش شێوە تۆماری بكات، پێشكەشكارێكی ئاهەنگەكانی دەرچوانیش دەڵێت ئەگەرچی گۆڕانكاری و پاشەكشەیەك هەیە لە چاو ساڵانی رابردوو، بەڵام لەهەموو حاڵەتەكان رۆژانە بەردەوامی بە ئاهەنگەكان دەدرێت.

خەبات نەجمەدین یەكێك لە دەرچوانی كۆلێژی ئەمساڵەو دەربارەی ئاهەنگی دەرچوان لەچاوساڵانی پێشوو بۆ (هەواڵ) وتی: “ئاهەنگی دەرچوونی ئەمساڵ جیاوازبوو لەساڵانی رابردوو، ئاشكرایە بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسەی ناوچەكەو كەركوكی بە تایبەتی گرتەوە لە روی ئەمنی و داراییشەوە كە قەیرانێك هەیە”.
هەروەها وتی: “بەڵام هەموو كێشەو قەیرانەكان ناكاتەوە ئەوەی هەموو خوێندكارێك چەند ساڵێك دەخوێنێت بەهۆی دۆخێكەوە ساڵێكی تەمەنی كە ساڵی كۆتاییەو ئاهەنگ گێرانی بۆ دەكرێت بیكاتە قوربانیی و هەربۆیە شتەكە بە گشتی نایبینم، بەڵكو كەوتوەتە سەر خودی كەسەكە”.
وتیشی: “لەهەر دۆخێك بین دەبێت قوربانی بەخۆمان بدەین بۆ كۆتا ساڵ و بەتایبەتیش ئاهەنگی دەرچوونەكەی، چونكە پرۆسەی سیاسی و رامیاری و ئابوری رێگرێكی تەواو نییە لەسەر ئەوەی بڕیار لە ئەنجامدانی ئاهەنگی كۆتایی ساڵ نەكەی و بۆیە بەبۆچونی من قوربانی دەوێ لەتەمەندا رەنگە یەكجار ئەو خۆشییە ببینی و دووبارە نابێتەوە هەموو ساڵ”.
شاڵاو شوانی پێشكەشكاری ئاهەنگەكانی دەرچوانی كۆلێژو پەیمانگەكان بۆ هەواڵ وتی: “بەهۆی ئەم بارودۆخەی كورد تێیكەوتوە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەچاو ساڵی پار پاشەكشەیەكی زۆر دەبینی، لەهەمان كاتدا ئێمە ناتوانین لە ئاهەنگەكاندا بە زمانێكی كوردیی پاراو قسە بكەین بەتەواوی بۆ نمونە بەكارهێنانی وشەی پێشمەرگەو كوردستان و ئاڵاو هەڵگرتنی ئاڵاو لەبەركردنی جلی پێشمەرگەو ئەم شتانە لەچاو ساڵی پار زۆر گۆڕاوە”.
شوانی دەشڵێت: “ئەم ساڵ هەندێك چالاكی سنورداربوون، یەك لەوانە ئاهەنگی دەرچوانە لەرووی نەتەوایەتی و نیشتیمان پەروەریەوە و هەروەها لەروی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوریشەوە بە هەمانشێوە جیاوازە لەچاو ساڵانی رابردوو”.
شاڵاو شوانی ئاماژەی بەوەشدا: “ئەمساڵ خوێندكار هەیە ناتوانێت بەشداربێت لە ئاهەنگی دەرچوونی بەهۆی ئەوەی بیروبۆچوونی لەسەر حزبێكی تر بووە یاخود كەسوكاری كەركوكیان جێهێشتوە، یان لە سلێمانی یان هەولێر دادەنیشن و خۆی تەنها لەم شارە ماوەتەوە بۆ تەواوكردنی خوێندنەكەی”.
باسی لەوەشكرد: “لەروی ئابوریشەوە خەڵك هەیە بەشداری ناكەن بەهۆی كەمی دەرامەت و خەرجی تێچوونی ئاهەنگەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كوردی ئەم شارە بەردەوامەو شكۆی خۆیان لەدەستنەداوە و ئاهەنگ دەگێڕن و هەندێك شتی وەك بابەتی هەڵدانی ئاڵا و جل و گۆرانی پێشمەرگە و ئەو بابەتانەش لەچاو نەترسی خۆیان ئەنجام دەدەن روحیەتی زیندویی گەنجی كورد دەسەلمێنن”.

‌ 1123 جار بینراوه‌
4/14/2018 8:24:00 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved