»  شەکری تاڵ
بۆچی سەركردایەتی كورد دان بە هەڵەكانیدا نانێت ؟



كورد بۆ بەدەست هێنانی مافە نەتەوەییە پێشێل كراوەكانی هەمیشە لە سەنگەری بەرگریدا بووەو هیچ كات كۆڵینەداوەو لەو پێناوەشدا قوربانی بێ سنوری داوە.. لێرەدا پرسیارێك رووبەڕوومان دەبێتەوە: كورد زیاد لە سەد ساڵی بێوچان لەخەبات قوربانیدان، بۆچی تائێستا شتێكی ئەوتۆی لێ شین نەبووە؟
بەڕای من هۆكاری سەرەكی ناشارەزایی و كەمتەرخەمی سیاسیەكانی كورد خۆیەتی، بەڵام داخە دان بە هەڵەكانیاندا نانێن تا ببێتە وانەیەك بۆنەوەكانی داهاتومان و هەڵەكان دوبارە نەبێتەوە.... سەرهەڵدانی شۆرشەكانی كوردو كۆتایی هاتنی بە نوشست ئێجگار زۆرن، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم بابەتەیە حوكمرانی بێ پلانی ئەم 27 ساڵەی باشوری كوردستانە تا 16 ی ئۆكتۆبەر .
پاش نوشستەكەی شۆرشی ئەیلول بەشێكی زۆری سەركردایەتیەكەی وڵاتیان بەجێهێشت و بەرپرسیاریەتی شكستەكەیان لەئەستۆنەگرت .. ئەمەش بووە هۆكارێك بۆ خەڵكانێكی دڵسۆز بۆ دەستپێكردنەوەی خەبات و گێرانەوەی ئومێد بۆ گەلە ستەم دیدەكەمان و رێكخستنەوەیان لە دووتوێی رێكخراوەیەكی نیمچە بەرەیی بە ناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوەو پاشان دروست كردن و داهێنانی پارت و رێكخراوی سیاسی تر كە بەردەوام بون تا پرۆسەی ئەنفال و بە كارهێنانی چەكی كیمیایی، بەمەش جارێكی تر میلەتی كوردو شۆرشەكەی تارادەیەكی زۆر توشی نوشوست هاتن و زۆربەی پارتە سیاسیەكان و پێێشمەرگەكانیان چونە ئەوو دیوی سنورەكانەوەو نەگەرانەوە تا راپەرین بێجگە لە پێشمەرگەكانی ی ن ك نەبێت بە شێوەی نهێنی لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان مانەوەو گۆرەپانەكەیان چۆڵنەكرد.
لە پاش داگیركردنی كوێت كەشێكی گونجاو هاتە ئاراوە كە كۆمەڵانی رقئەستوری كوردستان بەپلان و هاوكاری هێزی پشمەرگە دژی زوڵم و زۆرداری ئەنفالچیەكان راپەرین و كورد جڵەوی حوكومرانی كەوتە دەستی خۆی، بەڵام بە داخەوە هێندەی پێنەچوو بەشێكی زۆری سیاسیەكانمان كەوتنە ئاودیوكردنی ژێرخانی وڵات و بردنی داهاتی گومركەكان و رێخۆش كردن بۆ دوژمنانی میلەتەكەمان تا دەست لە كاروباری ناوخۆ وەربدەن و تا هەڵگیرسانی شەری ناوخۆو دروست كردنی دوو ئیدارەیی..
پاش روخانی بەعس لە 2003 جارێكی تر ئومێدێك لای خەڵكی عێراق بە گشتی كوردستان بە تایبەتی دروست بووەوە چونكە لە پاش سەدەیەك خەبات كورد توانی لەكەركوك و ناوچە دابراوەكان جڵەوی حوكمرانی بكەوێتە دەست و كار لەسەر گەرانەوەی بكرێت بۆ سەر كوردستان، بەڵام مەخابن هەندێك لەپارتە سیاسیەكان هەر لە سەرەتاوە كەوتنە كێبركێی حیزبی و كاری نەشیاو لەپێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندی تەسكی حیزبی، هێندەی مەبەستیان بوو نەوت و سامانەكەی بە تاڵان بەرن نیو ئەوەندە مەبەستیان نەبووە خزمەت بەكەركوك بكەن و تاكار گەیشتە لێدانی خەندەق لە نێوان كەركوك و هەولێرو سوكایەتیكردن بە خەڵكی كەركوك لە بازگەكان 
لە پاش نەخۆش كەوتنی تاڵەبانی نەمر و دروست بوونی داعش و نزیك بونەوەی لە سنوری كوردستان و كەركوك سەركردایەتی كورد كە زێاتر خۆی لە كاك مەسعودو پارتی دەبینیەوە سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی نەوت گازیان راگەیاندو تەواوی نەوتی كوردستانیان ناشەفافانە رادەستی دەوڵەتی تورك كرد، لە لایەكی دیكەشەوە كەوتنە پەنجە راوەشاندن و هەرەشەو گورەشە لە بەرانبەر حوكمەتە تائیفییەكەی مالیكی ئەمەش بوە هۆی برینی بودجەی هەرێم بێ موچەكردنی فەرمانبەران و لەكارخستنی تەواوی پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەو وێرانكردنی ژێرخانی هەرێم.. لە مەش زیاتر كاك مەسعود یەكەم كەس بو دانی نا بە دەوڵەتی دواترش خەڵكی شەنگال و دەوروبەری رادەستی داعش كرا تا..لە پاش هەموو ئەم كارە سەرەرۆو تاكلایەنانە كاك مەسعود بۆ تێكەڵكردنی كاغەزەكان و دەرباز بوون لە لێپرسینەوە كەوتە بانگەشەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەمە لە كاتێكدا گەر سەیری پاش خانی سیاسی و سەربازی بارزانی و پارتی بكەین بۆمان دەردەكەوێ هیچ كاتێك پارتی بە بێ پاڵپشتی دەوڵەتانی دەرەوە نەیتوانیوە لەسەر پێی خۆیان بوەستن، هەروەها جیا لەوەی كە هەمو وڵاتانی دۆست ودراوسێ پێشنیاریان بۆئەكردین كەوا ریفراندۆم كاتی نییە، بەڵام لە بری سود وەرگرتن لەو پێشنیارانە بارزانی كەوتە پەنجەراوەشاندن و بێباكی لە پەرۆشی دۆستەكانمان ، تێكەڵكردنی دۆزی كەركوك بە سیاسەتی چەوتی هەرێم و دەست بەسەراگرتنی بیرە نەوتیەكانی ز بە كاهێنانی داهاتەكەی بە زۆری بۆ بەرژەوەندی حیزبی بنەماڵەیی و ئەنجامدانی بەناو ریفراندۆم تاك لایەنانە بوە هۆكارێك كەوا عێراق و دەوڵەتانی ئەقلیمی بەجدی بێنە سەر خەت و راستەوخۆ باسی بەكار هێنانی هێز بكەن و كەركوك و كوردستانیان توشی ئەم زەلیلیە كردو پەنجا لە سەدی خاكی كوردستانیان رادەستی ئاغای عەبادی كرد.
سەرانی ریفراندۆم لە بری ئەوەی دان بە هەڵەكانیاندا بنێن و هەوڵبدەن سارێژی زام و لێكەوتەكانی ئەم هەرەس و لێكترازانە بدەن تا زیاتر ماڵی كورد پەرتەوازەو بەش بەش نەبێت، هەروە ك و پیشەی پێشتریان كەوتونەتە تۆمەت بەخشینەوەو تاوان بار كردنی كەس و لایەنانی تر، ئەمەو لە كاتێكدا ئەو كەسەی كە دەبێت بە پلەی یەكەم بەرپرسیارێتی ئەم دۆرانە بگرێتە ئەستۆ خودی جەنابی بارزانی و ئەندامەكانی لیژنەی باڵای ریفراندۆمە نە خەڵكانی تر..
ئیمزا
شۆرش حەمید رەزا

‌ 716 جار بینراوه‌
4/14/2018 8:30:03 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved