»  کوردستان
هەواڵ سنوقە رەشەكەی 16ی ئۆكتۆبەر دەكاتەوە
ئا/ بەشی توێژینەوەی رۆژنامەی هەواڵ



لە ساڵی 2003وە تاكو هاتنی داعش بۆ ناوچەكە، كورد وەكو راستكردنەوەیەكی مێژوویی هەنگاو بە هەنگاو پێگەی خۆی لە كەركوك قایم دەكرد، هەڕەشەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستیەش هەلێك بوو تاكو پێشمەرگە بیسەلمێنێت كە پارێزەری راستەقینەی كەركوكە، بەڵام ئەو ئامانجە بە دەستبەسەراگرتنی بیرە نەوتییەكانی رۆژئاوای كەركوك لە لایەن هێزێكی كوردییەوە خرایە ژێر پرسیارەوەو كەركوكی خستە نێو گەمەیەكی جیهانی و ململانێی زلهێزو كۆمپانیا جیهانییەكانەوەو دواجاریش كرایە قوربانی ئەو گەمەیە.
بەشی توێژینەوەی (هەواڵ) لەم راپۆرتەدا نهێنییەكانی تراژیدیای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 بە پشت بەستن بە دیۆكۆمێنت و زانیارییە تایبەتییەكان ئاشكرا دەكات.
 
بەر لە 25ی ئەیلول چی دەگوزەرا؟
بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017 بە هۆی سیاسەتی نەوتی و بەناو ئابوری سەربەخۆ و یاری كردن لە هاوپەیمانێتی و میحوەرەكانی ناوچەكەو دواتر بڕینی بودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە، كە بە دانپیانانی فازڵ نەبی بریكارە پارتییەكەی وەزارەتی دارایی عێراق لە دوادیداری لە تەلەفزیۆنی واری سەر بەحیزبەكەی، هۆكارەكەی بۆ پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێم بە رێكەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا گەڕاندەوە، پەیوەندییەكانی ناوەندو هەرێم لەوپەڕی خراپیدا بوو، بۆیە یاریكردن بە كارتی سەربەخۆیی ئەوەندەی فشارخستنە سەر بەغدا بوو وەكو لە دانپیانانەكانی خۆیان دەردەكەوێت ئەوەندە بۆ سەربەخۆیی و بەدیهێنانی خەونی نەتەوەیەك نەبووە.

ریفراندۆم و مەترسی سەر ناوچە دابڕێندراوەكان 
چارەنووسی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان كە هەمیشە خاڵی ناكۆكی و نەگەیشتن بووە لە رێكەوتنەكانی نێوان كوردو ناوەند، لەمپەڕی بەردەم ریفراندۆمەكەو كاردانەوە هەرێمایەتییەكان بوو بۆیە  لە كۆبوونەوەی 14/9 / 2017 ئەنجومەنی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، راسپاردەیان ئەوەبوو كە دۆخی كەركوك بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم گونجاو نییە، بەڵام دواتر لە ژێر فشارەكان كۆتا بڕیاری یەكێتی بەشداریكردن بوو بەبێ دیاری كردنی كاتەكەی، بەوەش چانسێكی گەورەی لەدەستدا بۆ پێشگرتن لە هەر كارەساتێك كە چاوەڕوان دەكرا بەسەر شارەكەدا بێت.

ئەمریكاو ئامۆژگارییەكانی
ئەمریكا وەكو پارێزەرێكی سەرەكی هەرێم لەم جوگرافیا دژوارەدا، بە ئاشكرا پێی باش نەبوو لەو تەوقیتەدا گۆمی ریفراندۆم بشەڵەقێندرێت، واشنتۆن چەندین ئەلتەرناتیفی خستە بەردەم هەرێم كە دواینیان بەڵێننامە دەستنووسەكەی ریكس تیلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ بارزانی كە بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم نوسراوەو دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم كەوتە بەردەستی خەڵك و میدیاكان بڵاویانكردەوە
نامەكەی تیلەرسۆن بۆ كورد دەرگاو دەروازەیەكی زۆر باش بووە، لە نامەكەی تیلەرسۆندا ، بەمەرجی ئەوەی ریفراندۆم لەم قۆناغەدا دوابخرێت و نەكرێت بەڵێنی زۆر بەكورد دەدرێت ، لەوانە :
یەكەم : جێبەجێكردنی تەواوی رێكەوتنەكانی بواری دابەشكردنی دەسەڵات و سەروەت و سامانی وڵات .
دووەم : جێبەجێكردنی مادەی 140 .
سێیەم : چارەسەركردنی كێشەكانی تر وەك پرسی پێشمەرگەو مافەكانی لەسەر بەغدا ،فرۆكەخانە مەدەنیەكان، نوێنەرایەتی دیبلۆماسی و ئەوانی تر.
ئەگەر لەماوەی دووساڵیشدا ئەمانە نەكران ئەوە ئەمریكا تا سەربەخۆیی پشتگیری لە هەرێم دەكات.
تەنانەت بریت ماكگۆرك (نوێنەری ترامپ بۆشەڕی دژبەداعش) لە دوا سەردانیدا بەر لە ریفرادۆم لە 13 / 9 / 2017 بۆ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ئەوەشی ئاشكرا كردبوو كە ئەوان بۆ بەرژەوەندی كورد هەر پێنج دەوڵەتە زلهێز و ئەندامە هەمیشەیی و خاوەن ڤیتۆكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و زۆرینەی ئەندامە نا هەمیشەییەكەی ئەو ئەنجومەنەیان مسۆگەر كردووە ئەگەر كورد بە ئامۆژگاری ئەمریكا بكات ریفراندۆمەكە دوابخات.

نهێنی سووربوونی بارزانی
لەگەڵ ئەو دەرفەتە مێژوییەشدا تا ئێستا نهێنی ئەوە نەزانراوە كە بارزانی بۆچی بەڵێنی دەوڵەتێكی وەكو ئەمریكای پشتگوێخست و سووربوو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەوە خۆی وتەنی ئەوەندە حیسابی بۆ دۆست و دوژمنان نەكرد، بەڵام بێدەنگی توركیا بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە هەندێ تەمومژ دەڕەوێنێـتەوە.   

توركیا ژەهرەكەی دەرخواردی كورد دا
بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەنقەرە هاوبەشە بازرگانییەكەی پارتی و هاوپەیمانە سیاسییەكەی سەری رەش، هەڵوێستی روونی نەبوو، ئەو دەیویست كورد پێكە ژەهرەكە بخوات و دەرفەتی گەڕانەوەی نەبێت، هەرواشی كردو دوای ریفراندۆمەكە ئەردوغان هێرشی توندی كردە سەر بارزانی وتی “ئێمە ئامۆژگاریمان كردووە كە دەوڵەت بە سەرۆك خێڵ دروست ناكرێت”، دواتر توركیا ئاستی پەیوەندی و هاوكارییەكانی لەگەڵ بەغدای نەیاری بەهێزتر كرد.  

بەر لە 16ی ئۆكتۆبەر چی روویدا؟
پێشتر وەستا رەسول بۆ (هەواڵ) ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە لە 7 بۆ 15ی ئۆكتۆبەر هەموو شەوێك لەگەڵ ئەمریكیەكان لەكۆبونەوە بوونە، هەموو شەوێك ئەوان دوو شتیان پێدەوتن، یەكەمیان لە رێگای شاشەی تەلەفزیۆنەوە زۆری قەبارەی هێزەكانی عێراقیان پیشان دەداین و بەژمارەش دەیانوت كە 1200 تۆپ و گرادیان هێناوە بەرانبەر بە شاری كەركوك دایان ناوە، هەموو شەوێكیش پرسی سەروی خۆیان دەكرد، ئەیانوت ئەگەر ئێمە هەر خۆشمان بین لەگەڵتان شەڕ دەكەین و بەجێتانناهێڵین، دواتر پێیانوتین لەسەروی خۆمان دەڵێن بە عەبادیمان وتووە، وەڵامی عەبادی ئەوەبوو “هێزی ئەمریكییەكانیشی پێی ناپارێزرێت بابڕۆن و بەجێیبهێڵن، ئێمە كەی بێین دێین”، وتیشیان لەسەروی خۆمانەوە وتویانە كە پێتانڕابگەیەنینن ئێمە بین لە جیاتی ئێوە هێزەكەمان لەم شەڕە نادەین و خۆمان بۆ شەڕێكی دیكە ئامادەدەكەین، چونكە ئەم هێزەی عێراق نابەرانبەرە لەگەڵ هێزەكەی ئێوە، زۆر گفتوگۆمان كرد لەگەڵیان تا جارێكیان پێیانم وت ئێوە گڵۆپی سەوزتان بۆ عێراقیەكان هەڵكردووە، لە وڵامدا وتی، “زانیم ئەو پرسیارەم لێدەكەیت، ئێمە بۆ شەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هاتوین، بۆ ئەوە نەهاتوین لایەنگری لایەكتان بین و شەڕی لایەكتان بكەین كە ئێوە هەردوكتان هاوپەیمانمانن”.. ئەمە وڵامیان بوو.. وتیان بێلایەن دەبین و حەقمان نییە.
لە بەرەكانیش بە تایبەتی میحوەری چوار كە زۆرترین فشاری لەسەر بوو چەك و تەقەمەنییەكان زۆر كەم بوو، جیاوازی لە پڕچەككردنی هێزەكان بە زەقی دەكرا، پێشمەرگە ماندووی شەڕێكی سێ ساڵی داعش بوو..

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچوون كە كاردانەوەی ریفراندۆم لەلایەن بەغداو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تونددەبێت و شەرعیەتی نێو دەڵەتیش لە بەرژەوەندی بەغدا دەبێت، دوا بەداوی ئەوەش هەروا دەرچوو:- 

هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتووەكان
نەتەوە یەكگرتووەكان بە ئاشكرا لە كۆبوونەویەكدا پشتگیری وڵاتانی بەشداربووی بۆ یەكپارچەیی خاكی عێراق دەربڕی.
ئێران و توركیا
هەلوێستی ئەو دوو وڵاتە گەیشتە ئەو ئاستەی هاوكاری مەیدانی و لۆجستی هێزە عێراقییەكان بكەن بۆ گەڕانەوە بۆ هێڵی پێش 9 / 4 / 2003.

بارزانی بۆچی بڕیاری جەنگی دەرنەكرد؟!
وەكو عورفێكی سەربازی و سیاسی دەبێت بڕیاری جەنگ لە لایەن فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەوەبە رەسمی دەربكرێت، بەڵام سەرۆكی هەرێم دوورەپەرێزی گرت لە دەركردنی بڕیار یان مەرسومی هەرێمایەتی جەنگ و بەرگری و بە ئێستاشەوە بڕیاری بەرگری كردنی دەرنەكرد، ئەوەش مەترسییەكی گەورە بوو، چونكە هەر جۆرە بەرگرییەكی دەخستە خانەی تیرۆرەوە، بۆیە هەوڵەكان بۆ ئیحتواكردنی دۆخەكەو دوورخستنەوەی پێكدادان بوو.

13و14ی ئۆكتۆبەر چی روویدا
لە 13ی ئۆكتۆبەر لەبەر ترسناكی دۆخەكەو درك كردن بە پیلانەكان هەر یەك لە (رزگار عەلی و رەفعەت عەبدوڵا و دلێری سەید مەجید و ئاسۆ مامەند و بافل تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی حیزبەكەی خۆیان كردو گەورەیی مەترسییەكانیان بۆ خستەڕوو، لە ژێر رۆشنایی ئەو كۆبوونەوەیەش لە كۆبوونەوەكەی 14ی ئۆكتۆبەردا بیرۆكەی كۆبوونەوەكەی دوكان و نەخشەڕێگای دەرچوون لە قەیرانەكە گەڵاڵە بوو.

15ی ئۆكتۆبەر.. كۆبوونەوەی دوكان
لە 15ی ئۆكتۆبەر شاندی باڵای یەكێتی و پارتی بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆماری عێراق لە شارۆچكەی دوكان بەڕێوەچوو، شاندەكەی یەكێتی پێكهاتبوو لە: كۆسرەت رەسوڵ، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، مەلا بەختیار، ، قادر حەمەجان، عومەر فەتاح، رزگار عەلی، رەفعەت عەبدوڵا، بافل تاڵەبانی. شاندی پارتی-ش پێكهاتبوو لە: مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی،  فوئاد حسێن، مەحمود محەمەد، فازڵ میرانی، رۆژ نوری شاوەیس و مەسرور بارزانی. ئەوەی مایەی گەشبینی بوو هەر دوو قوتبە بڕیاردەرەكەی پارتی (نێچیرو مەسرور) كە مەسعود بارزانی بڕیارە چارەنووسسازەكان بە ئامادیی هەردولایان دەدات، لە دوكان ئامادبوون، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت پارتی دەیەوێت پرسەكە یەكلابكاتەوە. 
نەخشەڕێگاكە كە 38 ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی واژۆیان لەسەر كردبوو، خرایە بەردەست شاندی پارتی سەرەتا تێبینیان لەسەری هەبوو، بەڵام یەكێتی رایگەیاند كە ئەوە تەنها پرۆپۆزەڵەو خاڵەكان قابیلی گۆڕانكارین، لە كۆبوونەوەكەدا مەسعود بارزانی و نێچیر دێنە ژێر باری نەخشەرێگاكەوە بەڵام مەسرور بارزانی بەتوندی دژی دەوستێتەوە، هەرچەندە لە كۆتاییدا گەیشتنە رێكەوتنێك، بەڵام لەبری ئەوەی راستەخۆ لەگەڵ بەغدا دەستپێشخەرییەكە باس بكەن و بەپەلە وەفد بنێرنە بەغدا، تەنها بەلاغێك دەركراو پرێس كۆنفرانسێك بەسترا و لە میدیاكانەوە بڵاو كرایەوە بەوەش دوا دەرفەتیان خستەبەردەم هەڕەشەی لەدەستدانی ناچەدابڕاوەكان، چونكە وا حاڵی كرابوون كە شەڕ روونادات و هێزەكانی عێراقیش هێرش ناكەن.

حزوری روحی تاڵەبانی
بۆ شەوەكەی كاتژمێر 11ی شەو لە بەغداوە دوا تەلەفۆن بۆ بافل تاڵەبانی كرا و پێیان راگەیاند كە كاتژمێر 3ی بەرەبەیان پێشڕەوی دەكەن، هەڵبژاردنی بافڵیش وەكو رێزێك بوو بۆ تاڵەبانی باوك كە پێگەو رێزێكی تایبەتی لای سەرجەم هێزە سیاسییەكان هەبوو. 

دواجار كارەساتەكە قەوما
دوای شكستی هەموو هەوڵ و دەستپێشخەرییەكان بۆ پێشگرتن لە رووداوەكان، بەرەبەیانی 16ی ئۆكتۆبەر هێزە عێراقییەكان پێشڕەویان كردوو لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا میحوەری چوار زیاتر لە 5 كاتژمێر بەرگری كرد و نزیكەی 35 پێشمەرگەو فەرماندەی شەهید بوو، شەڕیش بەردەوام بوو تا جووڵە گوماناوییەكانی میحوەری پێنج ئاشكرا بوو.

لەمیحوەری پێنج چی دەگوزەرا؟
چۆڵكردنی میحوەری پێنج كە كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی سەرپەرشتی دەكرد بە بێ تەقە، گومانەكانی یەكێتی زیاتركرد بەوەی مەبەست تەفروتوناكردنی هێزەكانیەتی، بۆیە دوابەدوای ئەوە هێزەكانی لەبەردەم ئاگری چڕی چەكی هێزە عێراقییەكان كشاندەوەو بەری لە كاولبوونی شارەكەش گرت.

بێ لایەنی سلبی
هەرچەندە ئەمریكا و وڵاتە رۆژئاواییەكان بەتایبەتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بە داعش لەو قەیرانەدا وایان نیشاندەدا كە رۆڵی نێوەندگیر دەبینن، بەڵام لە راستیدا وەكو سزایەك بۆ هەرێم، وەكو بێ لایەنێكی سلبی مامەڵەیان دەكردو داوایان دەكرد كورد بەر لە پێشڕوەییەكانی هێزە عێراقییەكان نەگرێت.

فڕۆكەكانی خزمان هەر نەگەیشتن
لەسەروبەندی 16ی ئۆكتۆبەرو ئەو رۆژەدا سۆشیال میدیای پارتی بە چڕی باسی لە بوونی پۆلێكی فڕۆكەی ئیسرائیلی دەكرد كە لە راگەیاندنەكانیانەوە پێیان دەوتن فڕۆكەكانی خزمان، گوایە لە شوێنێكی هەرێمدا لە ئامادە باشیدایە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت فرۆِكەی خزمان دەرنەكەوتن.

سازشەكانی پارتی غروری عەبادییان تێر نەكرد
لەگەڵ ئەوەی سەركرایەتی پارتی كاتێك كوردی بەتەنیا لە گۆڕەپانەكەدا بینییەوە، لەسەر زاری هەردوو بارزانی بەرپرسە باڵاكانی دیكە رایگەیاند كە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و دیاری كردنی سنوور نییەو ئاڵای عێراقیش هەمیشە لە پشتی نێچیرڤان دەمینێتەوە، بەڵام ئەو سازشانە جگە لە نیگەرانكردنی ئەوانەی دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا، غروری عەبادی داش سواری نەشكاند.
 
هەمیشە بۆ جێ پەنجەی ئینگلیز بگەڕێ
هەڵوێستی بەریتانیا بەتەواوی لایەنگری عێراق بوو، چونكە لەگەڵ ئێراندا بەرژەوەندییەكی هاوبەشیان هەبوو لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك.

بەریتانیا بۆ لە پشتی عەبادی بوو؟ 
لە سەرەتای مانگی ئەیلولی 2013 وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای بریتش پترۆڵیۆمBP بەریتانی سەبارەت بە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك ئەنجامدا، بەڵام كەوتنی ئەو كێڵگانە بۆ ژێر دەستی پارتی پرۆژەكەی راگرت، لەوەش زیاتر هەرێم رێكەوتنی لەگەڵ كۆمپانیای روسنەفت ئەنجامدا، ئەوەش بەریتانییەكانی تووڕەكرد، لە قەدەری كورد یان راستتر لە كورتبینیەكەیدا، رێژەی 12.5 %ی BP موڵكی ئێرانە، ئەوەش تاران و لەندەنی خستە یەك سەنگەرەوە دژ بە كوردو لەسەر پرسی گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ كەركوك رێكبكەون، بەوەش كورد جگە لە نیوەی خاكەكەی، ژمارەیەكی زۆر ئیمتیازی لەدەستچوو.

ئایا ماوەی سزاكەی ئەمریكا بۆ كورد تەواو بوو؟
ئەمەریكا كە لەسەرەتاوە نیگەران بوو لە سەركێشیەكانی بارزانی و گوێنەگرتن لە ئامۆژگارییەكانی، بۆیە هەڵوێستی بێلایەنی سلبی هەڵبژارد، پێدەچێت لە ئێستادا ماوەی سزاكەی بۆ كورد بەرەو تەواو بوون بچێت و لەهەوڵی گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ كەركوك بۆ پێكهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش.
 
ئێران نیگەرانە لە هەژموونی توركیا لەكەركوك
ئێران وەكو یاریكەرێكی سەرەكی لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پێیدەچێت نەیتوانیبێت وەلائی توركمانە شیعەكانی كەركوك بەدەسبهێنێت، بۆیە ئێستا نیگەرانە لە فراوانبوونی هەژموونی تورك لە كەركوك كە جگە لە وەلائی توركمانی سوننەكە، سوودی تەواو لە توركمانە شیعەكانیش دەبینێت، كە لەلایەن حكومەت و حیزبە عێراقییەكانیشەوە پشتگیری دەكرێن، بەڵام بۆ ئێران دەركەوتووە گەمەكە لە بەرژوەندی توركیا بەڕێوەدەچێت.

تاران هەوڵی گەڕاندنەوەی باڵانس دەدات
بەهۆی ئەو نیگەرانییانەیەوە سەبارەت بە رادەستكردنی كەركوك لەسەر سینییەكی زێڕین بە ئەنقەرە، لە ئێستادا تاران بیر لە گەڕاندنەوەی (سنوورداری) پێشمەرگە دەكاتەوە بۆ كەركوك، لەو پێناوەشدا هەمان كارەكتەرەكانی لەشكركێشییەكەی هێزە عێراقییەكان بۆ كەركوك (قاسم سلێمانی)و  بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی مەكتوبیش بێت (عەلی ئیقبال پوور)شی راسپاردووە لەو كەیسەدا بە بێ ژاوەژاو كار بكەن.

‌ 6357 جار بینراوه‌
4/20/2018 11:05:29 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved