»  پەڕەموچ
شەوقی عەبدولئەمیر: لێكـــترازانی رۆشــنبیری كارەســـاتە
ئا: موهەنەد مەهدی


شاعیری ناسراوی عێراقی شەوقی عەبدولئەمیر لە چوارچێوەی سەردانیكردنی بۆ چەندین پارێزگا لە 10 / 4 لە شاری سلێمانی و لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ كۆڕێكی سازداو تێیدا تیشكی خستە سەر پەیوەندی كلتوری و رایگەیاند ئاساییە لێكترازانی سیاسی و ئابووری هەبێت بەڵام كارەساتە لێكترازانی رۆشنبیری هەبێت، دواجار گەیشتە كەركوك و سەردانی دەزگای هەواڵی كردو وتی:”پڕۆژەی زۆر گەورەی ئەدەبی و كولتووری لەسەر ئاستی هەموو عێراق لە هەگبەمدا هەن، كە هەر لە سەرەتای گەڕانەمەوە بەر لە چەند ساڵێك كارم لەسەركردووە، ئێستا بەپێی كۆمەڵە پلانێكی دارێژراو كاردەكەم و هەمیشە لەم پڕۆژەیە پێشكەوتن بەخۆوە دەبینم تا لە رێگەی كولتوورو رۆشنبیرییەوە بیكەمە بەشێك لە رەگوریشەی ناسنامەی نیشتمانیم و لێرە مەبەستمە باسی رۆژنامەی (بیت النهرین) بكەم كە تایبەتە بە شیعرو چیرۆك و رەخنەو موزیك و هەموو كایە هونەرییەكانی ترو بۆتە تەواوكەری ناسنامەی نیشتمانیم كە هەمیشە كار بۆ چەسپاندنی دەكەم”. 
شەوقی لە درێژەی باسەكانیدا وتی: من ناونیشانی زەق و گەورەم ناوێ وەك كولتووری عەرەبی، كولتووری جیهانی، چونكە بەپێی توانا كاردەكەم و ئەوەی دەتوانم پێشكەشی بكەم و ئەو پڕۆژانەی كاریان تێدا دەكەم ئەگەر بزانم توانام بەسەریاندا ناشكێتەوە نایخەمە ناو لیستی كارەكان، ئەوەبوو بۆ یەكەمجار كە كارم لەگەڵ رێكخراوی یۆنسكۆ كرد بەوەی پسپۆری میدیاكار و كولتووریم لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەوسا پڕۆژەیەكی زۆر گەورە هەبوو لە ئەمریكای لاتین جێبەجێدەكرا بەناوی (كتێبی خولی) و ئەمكارە گەورەیە خەونی فردریكۆ مایۆرسی لێپرسراوی پێشووی رێكخراوەكە بوو، كە سەرەتا بە پرۆژەیەكی گەورە ناسرابوو بۆ ئەوەی تۆڕێكی رۆژنامەوانی دابمەزرێنێت و بتوانێت پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە بكات و مانگانە كتێب لەچاپبدات و لەگەڵ رۆژنامەیەكدا بەخۆڕایی دابەشی بكات، هەموو رۆژنامەكان پەیوەندی پێوەدەكەن و بەرهەمەكانی خۆیانی بۆ دەنێرن بۆ ئەوەی دواجار لە كتێبێك بە قەبارەی تابلۆئید بۆی لە چاپبدەن و كتێبەكە بە تەواوی ئامادە دەكەین و ئەوانیش مانگانە سێ ملیۆن دانەی لێ چاپدەكەن، ئەمە بەراستی مایەی شۆك بوو كە بیستم ئەو هەموو كتێبە لە ناو مانگێكدا لەچاپدەدرێت كە لە فردریكۆم پرسی بۆ ئەمەت لە ناو كۆمەڵگەی عەرەبی ئەنجامنەداوە وتی:”چونكە كاتی خۆی دوو كەسی ناردۆتە ناوچەی عەرەبی یەكێكیان عەرەبی مەغریب و ئەویتریان ئیسپانی بوو، كارەكەیان ناكام كرد بە راپۆرتێك تیایدا دەڵێن “ئێستا لەوناوچەیە لە توانادا ئەو كارە بكرێت و سەركەوتوو نابێت”.
دوای (48) كاتژمێر بیرۆكەكەم لە رەشنووسێكدا بەرزكردەوە بەوەی دەتوانین پێكەوە كاربكەین لەو بوارەو هەمان جۆری كتێب لەچاپبدەین و دوای چوار رۆژ لە پاریسەوە چووین و لە یۆنسكۆ كارەكانمان رایی كردو توانیمان بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ كە تا ئێستایە بەردەوامبین.
چاپخانەیەك بە 32 ملیۆن دۆلار كڕدراوە كەچی رۆژنامە دەرناكات 
نمونەیەكی زیندوومان هەیە، ئەگەر راستی نەبوایە باسم نەدەكرد، ئەویش كاركردنم بوو لە دەزگای الصباح كە هەر لەگەڵ گەیشتنم بۆ بەغدا كارم تێدا دەكرد، كە بینیم چاپخانەیەكی هێندە گەورە بە نرخی (32) ملیۆن دۆلار لە لایەن محمد عەبدولجەبارەوە كڕاوە. كە پرسیارم لێیان كرد سەبارەت بەو رۆژنامەو گۆڤارانەی بڵاوی دەكەنەوە وتیان هیچ شتێكی لەو بابەتە بڵاوناكەنەوە، ئەمە لە كاتێكدا 135 كارمەند لەوێ‌ كاردەكەن و ژمارەی لاپەڕەكانیان بە سەرجەمی 32 لاپەرەەی قەبارە گەورەی تێپەڕنەدەكرد، وێرای ئەو هەموو نووسەرەی لەو رۆژنامەیەدا هەبوون بەڵام هیچ رۆژنامەیەكی ئەدەبیان نییەو هەر هەموو بەرهەمی ئەدەبیان لە رۆژێكدا لە دوو لاپەڕەی گەورە زیاتر نەبوو.
بەو هۆیەوە پەیوەندیم بە د. عەلی شەلاهەوە كردو نارەزاییم پیشاندا لەسەر ئەو میكانیزمەی كاری لەسەر دەكەن بۆ دەركردنی لاپەڕەی رۆشنبیری و ئەدەبی، پێی وتم كار لەسەر هەمان بودجە بكات و هیچ خەرجییەكی تر نەخاتە سەر رۆژنامەكە بۆ ئەوەی رۆژنامەیەكی هەفتانە دەربكات لە (الصباح)ـەوە، ئەوسا الصباح لە دوو مەلزەمەی گەورە دەردەچوو كە هەموو رۆژانی چوارشەممان بە (16) لاپەڕە دەردەچوو دواتر هەموارمان كردو بوو بە (32)لاپەڕە، داوای چوار كادری لێهاتووم بۆ ئەو كارەكردو هیچی تر. دوای چەندین پەیوەندی بە هاورێیان لەناوەوەو دەرەوەی وڵات و ریكڵامكردن بۆ رۆژنامەكە بۆ یەكەمجار رۆژنامەی (بین النهرین) دەرچوو كە تەنانەت یەك سەنت بارگرانی نەخستە سەر دەزگاكە، هەروەك دوو پەندی میللی و جیهانی هەن دەڵێن:” هەموو بیرۆكەیەك لەگەڵ بوونی بڕست دەگاتە لوتكە”.ئەوە ئێستا قەبارەی لاپەڕەكانی (بیت النهرین) گەیشتۆتە (48)لاپەرەو ئەگەری زۆرە بەم نزیكانە بە (60) لاپەڕەی گەورە دەرچێت. 

ئایا(بیت النهرین) هەوڵدانە بۆ دەستەبەركردنی ناسنامەی نیشتمانی؟
عێراق خاڵی بەهێزی زۆری هەیە لە پرۆسەی ئەدەبی و وێرای ئەوەی رۆماننووسی ناودارو رەخنەگری گەورەمان نییە، بەڵام شاعیرو پەیكەرسازی گەورەمان هەن، ئێمە لە شیعرو هونەری شێوەكاری لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە بە نیو سەدە پێشكەوتووترین، بە نمونە هەردوو دیوارنمای فایق حەسەن و جەواد سەلیم كە لەسەرەتای شەستەكانەوە بوونەتە هێمای هونەری وڵاتەكەمان. دوای گەڕانەوەم و دەستبەكاربوونم زیاتر رووناكیم دەخستە سەر خاڵە بە هێزەكان و ئەو بیرۆكەیەم لە پەیرەوكردن و چاكسازییەوە سەری هەڵداوە ئەگەر تەماشای رۆژنامەكە بكەیت هەست بەبوونی ئەو نمونانە دەكەیت كە باسم كردن، لەم رۆژنامەیەدا دوو ئامانجی زۆر گەورەم هەن ئەگەر یەكێتی خاكی عێراق لە رووی كولتووریەوە یەكیان گرت ئەوسا سیاسیەكان بە ئاسانی دەتوانن برەو بەو ئامانجانە بدەن كە بەمەبەستی ئاوەدانی نیشتمان دەیخوازن. 

كەركوك ئەدیبانی تایبەت بە خۆی هەیە
سەبارەت بە هاوەڵانەی كەركوك وتی: كەركوك تایبەتمەندی خۆی هەیەو شارەكە لە كایەی ئەدەبیدا هەمیشە پێشرەو بووە لە نمونەی بەرزی شانۆكاران و شاعیران و هاوبار لە چیرۆكنووس و پەخشانە شیعریش پێشەنگی جیهانی بوونە لە رێگەی سەرگۆن پۆڵس و فازل عەزاوی و جان دەمۆ و صەڵاح فایق و چەندین نمونەی تر، بەڵام هەندێكیان كە چوونە دەرەوەی وڵات لە نوێنەریكردنیان بۆ كولتوورەكەیان گۆڕانكاری بەسەرهات و بە نمونە سەڵاح فائق و فازل عەزاوی كەلەپووری زمانەوانی خۆیان پاراست، هەرچی سەرگۆن پۆڵس و جان دەمۆیە زۆریان لە شێوازی نووسین گۆڕیوە تا ئەو رادەیەی ئەگەر وەربگێردرێتە سەر زمانی نەتەوەكانی تر هیچ ناسنامەیەكی خودییان بۆ نامێنێتەوەو لە رەسەنایەتی ئەدەبی كۆمەڵانی ئەم نیشتمانە دوور كەوتوونەتەوە.

ئێستا رۆژنامەی (بین النهرین) تەواوی سەربەخۆیە
رۆژنامەی (بین النهرین) ئێستا تەواوی سەربەخۆیەو پاشكۆی هیچ بلاوكراوەیەكی ترنییە، هاوبارگۆڤاریش نییە چونكە گۆڤار لە چوارچێوەی كارەكانی بیت النهرین دوورمان دەوخاتەوە، ئێمە هەر لە دەسپێكی كاركردنمانەوە بەپێی پرۆگرامی تایبەت و دارێژراو كارەكانمان دەكەین، ئێستا جۆرێك لە تۆكمەییمان هەیە بەرەو سەربەخۆییكردنی كارەكانمان، گرفتی ئێمە چۆنییەتی بلاوكردنەوەی رۆژنامەكە بوو چونكە پێشتر لەگەڵ رۆژنامەی (الصباح) دابەشدەكرا بەوەش بوبوو بە پاشكۆیەكی رۆژنامەكە بەڵام دواتر كارمان لەسەر میكانیزمی تایبەت و سەربەخۆ بۆ دابەشكردنی كرد. 

لە ژمارەكانی داهاتووماندا كەركوك فایلی تایبەتی دەبێت
هەر لەسەرەتای كاركردنمانەوە پلانێكی تایبەت بە هەر پارێزگایەكی وڵاتەكە هەیەو ئەمەش چووە بواری جێبەجێكردن و سەرەتا بە پاریزگاكانی باشوورو ناوەراست دەستم پێكردو لە پێشكەشكردنی فایلی تایبەت سەركەوتوو بووین، ئێستا كاتی هاتووە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەم و بە هەماهەنگی كاربكەین بۆ ئامادەكرنی مەلەفێكی تایبەت بە خۆیان و هاوبار ژمارەیەكی تایبەت لە بیت النهرین یان بۆ تەرخاندەكەم، ئینجا ئێستا كاتی خۆیەتی كار لەسەر كەركوك بكەم هەروەك لە هەموو سەردانیكرنەكانم بۆ شارەكانی تر داوامكردووە مەلەفی تایبەت ئامادە بكەن بۆ (بیت النهرین) كە بۆتە نمونەیەكی گەورەی رۆژنامەی كولتووری و خوێنەرو هاوسۆزی زۆرن لە عێراق بەوپەڕی پەرۆشییەوە چاوەنواری بەرهەمی نایابم لە كەركوك بەوەی لە شارەكانی تریان باڵاتر بێت، مەرجەكانیشم هێندە سەخت نین هەر بەتەنها كارەكە نوێو رەسەن بێت و جۆرێك لە جۆرەكانی دراهێنان بە خۆیەوە بگرێت.

ململانێی نێوان هۆنراوەی ستونی و پەخشانە شیعر چۆن دەبینن؟ 
لەوەڵامی ئەم پرسیارەی كە جگە لە شسەوقی پێشتر لە چەندین شاعیرو رۆشنبیرو ئەدەبدۆستی تر كراوە سەبارەت بە رەسەنایەتی شیعر لەكاتم ئاستتدایە بە كورتی وتی: هەرچییەك داهێنان بێت و لە رۆحماندا جێی بێتەوە جوانە، ناكرێت شتێك پێی بوترێت داهێنان كەچی لە چوارچێوەی پێناسەیەكی تر ببینرێت بە نمونە شیعری ستوونی یان تەرازووی شیعری یان هەرچییەكی تر گرنگ لە قەسیدەدا ئەوەیە كە هەست ببزوێنێت و خوێنەر یالن بیسەر بخاتە جیهانێكی جوانترەوە. 
نەبوونی رەخنە بە هۆی ناجێگیری واقی ئەدەبیەوە 
سەبارەت بە نەبوونی رەخنەو پەیوەندی بە ناجێگیری ئاستی رۆشنبیری و ئەدەبی لە عێراق وتی: رەخنە تاكە زنجیرەی ونبووی ناو هونەرو ئەدەبی عێراقییە، عێراق لە شیعرو پەیكەرسازی و شێوەكاریدا زۆر دێرون مێژووی رەسەنی خۆی هەیە، بەڵام لە رۆمان و رەخنەی ئەدەبی هەرچەندە كەسانی هەڵًكەوتەشمان هەن بەڵام لە ئاستی جیهانی نین و هەرگیز مەرجەكانی پێشەنگی جیهانییان لەسەر نابینم، بەڵام ئێستا رۆمانووسی هەڵكەوتە دێنە مەیدان و رەنگ و رووی رۆمانی عێراقی لەناوچەكە بەجوانی دەوركەوتووەو هۆكارەكان زۆرن، نەبوونی رەخنە كاریگەری زۆری كردۆتە سەر ناجێگیربوونی واقعی ئەدەب لە عێراق ناوچەی عەرەبی بایەخی زۆر بە رەخنە دەدەن بەڵام لە عێراق هیچ كارێكی ئەوتۆ نییە تا توێژینەوە یان رەخنەی ئەدەبی بكرێتە كایەیەكی زانستیانە ئەگەر هەبن تاك و تارا لە رێگەی پەیوەندی هاورێیەتی و بەتەكلیفكردن خوێندنەوە بۆ چەند بابەتێك دەكرێت كە زۆربەیان نیوەناچڵن.

رۆڵی خانەی بڵاوكردنەوەو میكانیزمی دابەشكردن 
* سەبارەت بە خانەی چاپكردن و بوونی بەرهەمبێكی زۆری كرچ وكاڵ لە بازاڕی ئەدەبیات شەوقی دەڵێت: ئێستا خانەكانی پەخش و بڵاوكردنەوە بازاڕین و ئەوەی بۆتە گرفت زۆری ژمارەیانە، مخابن ئیستا نووسەر كتێبێك چاپدەكات و لەجایی ئەوەی لە پێشانگاكانی كتێب نمایشی بكات بەسەر هاورێكانی خۆیدا دەیانبەخشێتەوە، یان كتێبەكان لە كۆگاكانی چاپخانەكان كۆدەكرێنەوە یان لە بازاڕ لەسەر شەقامەكان بە نرخێكی زۆر كەم دەفرۆشرێن، ئەمانەو چەندین هۆكاری نەرێنی تر بوونەتە هۆی ناجێگیری واقعی كولتووری لەم وڵاتە.


‌ 437 جار بینراوه‌
4/20/2018 11:10:40 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved