»  شۆک
گەنجان داوای بە دەنگەوەچوونی پرۆسەی دەنگدان دەكەن
ئا / هاوار ستار



" ئەگەر شوێنێك نەبێت لە كەركوك بۆ ریكلامی كاندیدەكان و حزبەكان ماڵەكەی من و بەر دەرگاكەم كراوەیە بۆ هەمووان " ئەمە قسەی توانا قاسمە كە یەكێكە لەو گەنجانەی كەركوك بایەخدان بە پرۆسەی دەنگدان بە گرنگ دەزانن و داوا دەكەن گەنجان رۆڵیان هەبێت لەم پرۆسەیە.

توانا قاسم لە درێژەی ئەو قسەیەی كە لە واڵەكەی خۆی بڵاوی كردۆتەوە دەڵێت " لە پێناوی ئەو تەحدایەی بەرانبەر كورد دەكرێت گوایە بێ تەزویر كورد رەقەم یەكی كەركوك نییە ئامادەی هەموو كارێك دەبین بۆ ئەوەی بە كوردی خۆمان و گەلانی عێراق و ناوچەكە بڵێین كورد هەر رەقەم یەكی كەركوكە و دەست لەم شارە هەڵناگرێت و كەركوك هەر شارێكی كوردستانیە".. 
سەرەڕای گۆڕانكاریە خێراكانی شاری كەركوك لە ئێستادا پرسی هەڵبژاردن لە ئارایە و لە ئایندەیەكی نزیك دەنگدان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت هەر بۆ ئەو مەبەستەش گەنجان لە هەوڵدان و داوا دەكەن هەمو چینێكی ئەم كۆمەڵگەیە بە تایبەت نەتەوەی كورد بەرەو پرۆسەكە بچن و دەنگ بدەن.
مەریوان حەكیم ، وەكو گەنجێكی كەركوك لەسەر رۆڵی گەنج بۆ هەڵبژاردن وتی: "ئەمڕۆكە چینی گەنج و لاوی ئەم كوردستانە پانتاییەكی بێ ناز و فەرامۆش كراون، زۆرینەیەكن لە هەموو روویەكەوە كەنارخراوو پەراوێز خراوو حساب بۆ نەكراون، چینی گەنج لە دنیادا رەوت و هێزێكن گوڕو تین و هیمەتی بەرەو پێشچوون و سەركەوتنی وڵاتن پێویستە پشتگیری بكرێن بە ئەو تینەی خودا پێی بەخشیون لە هەر بوارێكدا بن تا هەرچی خزمەتی زیاترە بە ئایندەی وڵاتی بكەن".
هەروەها ئەو گەنجە وتی: "بە دڵنیاییەوە بەشداری گەنج لەسەرجەم كایە سیاسیەكانی ناو حكومەت گرنگە و ئەبێ رۆڵیان پێ بدرێت بەشداری لە پەڕلەمان و حكومەت دا بكەن، چونكە گەنج بناغەی هەموو حكومەتێكە و گەنجی نێو كۆمەڵگەش دەبێ ئینتیمای نیشتیمانی هەبێ و خاك پەرست بێ و ئەبێ متمانە بە كەسێك بكرێ كە هیچ نەبێ بەقەد ئەوەی ئیش بۆ حزبەكەی ئەكا ئەوەنەش ئینتیمای بۆ گەنج و وڵاتەكەی هەبێ"
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "پێویستە گەنج، كەسی گەنج بنێرێتە پەرلەمان و كاندیدی خۆی هەبێ، چونكە ئەوەی بە گەنجان ئەكرێ بەكەسانی تر ئاسان ناكرێ".
بەبۆچونی بڕوا ئەسعەد كە ئەویش یەكێكە لە گەنجانی شاری كەركوك دەڵێت: "پێویستە گەنجان بە شێوەیەكی بەرچاو چڕ و پڕ بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن لە شاری كەركوك، چونكە هەڵبژاردنی ئەم جارە چارەنوسازە و كاریگەری گرانی لە سەر داهاتوی گەلی كورد هەیە لە شاری كەركوك".
هەروەها ئەو گەنجە ئاماژە بەوەدەكات: "ئەگەر ئەم هەلی هەڵبژاردنە لە دەست بدەین لەوانەیە جارێكی دیكە مافی ئەوەشمان پێ نەدەن بەشداری هەڵبژاردن بكەین، چونكە گۆڕانكاریەكان زۆر خێران، پێویستە بە پێی گۆڕانكاریەكان جوڵە بكەین و هەستیاری دۆخەكەش لە بەرچاو بگرین سەرەڕای شكستە سیاسی و سەربازییەكان ".
بڕوا ئەوەش دەڵێت: "داواكارم لە گەنجانی شارەكەم دەنگ بە كاندیدی گەنج بدەن بۆ پەرلەمان، چونكە زیاتر لە موعاناتی گەنجان ئەگەن و بە شێوەیەكی بەرفراونتر و هەستیارانەتر نزیكی قۆناغەكان دەكەونەوە".
شامیر حەكیم سەرپەرشتیاری رێكخراوی ئایندە بۆ گەنجان بۆ هەواڵ وتی: "كەركوك لە ئێستادا لە دۆخێكدایە كە پێویست دەكات هەموو چینوتوێژێكی كەركوكی بەرەو هەڵمەتی هەڵبژاردن بڕۆن و بە تایبەتیش چینی گەنج زۆر گرنگە، چونكە بناغەی كۆمەڵگەیەو دەبێت كۆمەڵ هۆشیار كاتەوە بۆ چوونە سەر سندوقەكان و خۆشیان بە هۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەكە بكەن".
شامیر ئاماژەی بەوەشدا: "گەنجان دەبێت هەوڵبدەن خەڵكی بنێرنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و هۆشیاری بڵاوكەنەوە، چونكە لە رووی یاسا و هەڵبژاردنەوە دەتوانین چارەنوس دیاری كەین و هەوڵدەین كەركوك بهێنینەوە ژێر دەستی خۆمان".
هەروەها وتی: "ئەمڕۆ گەنجی ئێمە زۆربەی گەنجی هۆشیار و رۆشنبیرن و گەنجانی نێو زانكۆ و پەیمانگەكانیشمان دەبێ رۆڵیان لە هاندان هەبێت بۆ گرنگیدان بە پرۆسەی هەڵبژاردن و گەنج دەبێت بڕیاردەربێت لە گرنگیدان بەبەرەوپێش چوونی پرۆسەی سیاسی و باری كۆمەڵگە".


‌ 614 جار بینراوه‌
4/20/2018 11:22:37 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved