»  پەڕەموچ
پاشماوە
ستار ئەحمەد



بڕوانە سیمای خەزانیم
چۆن ترێی چاوانم وشك بووە
هەناسەم دووكەڵە
فرمێسكی لێدەتكێ
رامێنە لەدڵم
شووشەی سەر مێزی ناكەسە
لەگۆشەی نەناسا كپ دەشكێ
دڵم زارۆكی ئەنفالە
بەدەمی سەگەوە لەت دەكرێ
مەراق لەهزرم دەچۆڕێ
بۆ توێشووی راوكەرو
چەتەی ئەو دیوی
سنووری غەدر دەبرێ
ئاونگی بەیانیان
هەنسكی دایكمە
لەقەدو باڵای
ئاڵاو خاك دەچۆڕێ
سەرم لوتكەی ئەزمڕە
ناخم وجاخی شەهیدان
پەلێكم لەخۆرئاوایە
ئەوی دیم كوردستان
پۆشاكم كۆچباری باكوورە
لەباشور پاشماوەی پشكۆیە
هەنگاوم كیژانی عەفرینە
هەڵوێستم تەلبەندی گڵكۆیە
دەستێكم كەناری و
دەستەكەی تریشم هەڵۆیە
چاوی راستم
كوانووی سووتانی خۆمە
چەپیشم
زیندانی بۆتە ئەشكەنجەی تۆ
جەستەم خاكێكە كەرت كراو
هەناوم كانییەكە
تژییە لەخوێناو
من وێردی گیانەڵای ویژدانم
خۆزگەم ” ئاواتم ”
تاسەم ” زمانم
نەخشەی دورگەیەك برینم
تابلۆی ژەهراوی
نێو شانەی هەنگوینم


‌ 819 جار بینراوه‌
4/27/2018 11:18:55 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved