»  پەڕەموچ
عەبدولڕەحمان تاوەگۆزی: دەكرێ شاعیران دڵبەندیان بۆ ئایدیا و لایەنێك هەبێ بەڵام ناكرێ كاڵای شیعر بەباڵایاندا ببڕن
ئا / زێدان تاها


عەبدولرەحمان سەید عەبدولرەحیم ناسراو بە عەبدولرەحمان تاوەگۆزی 1971 لە گوندی سەرشاتەی سەر بەتاوەگۆزی لەدایك بووە، زیاتر لە 50 خەڵاتی رێزلێنانی لەبواری ئەدەب و هونەر و شیعر وەرگرتوە، چەندین پێشانگای كردووەتەوە و هەموو بوارەكانی شیعر دەنووسێت (پەخشان، چوارینە، شیعری منداڵان، نیشتیمانی ..).
*سەردەمانی پیشووتر بەتایبەتی (هێمن و هەژار) مۆركی سیاسی زاڵبووە بەسەریدا، ئێستا شیعر چ مۆركێكی هەڵگرتووە بەگشتی ؟
لەهەر قۆناغ و سەردەمێكدا دەكرێ مۆڕكی باوی سیاسی، ئاینی، كۆمەڵایەتی .. ، زاڵ بێ بەسەر شاعیرێكدا، بەڵام دەبێ ئاگایی هەبێ و وا لەشیعر نەكات ببێتە زاری سیاسەتی ئەولایەن و دەستەوكەس و گروپ، شاعیران دەكرێ دڵبەندیان بۆ ئایدیا و لایەنێك هەبێ، بەڵام ناكرێ كاڵای شیعر بەباڵایاندا ببڕن، ئەوشاعیرانەی ناوت بردن ئازادن لەهۆگرییان بۆلایەنێك بەڵام شیعریان نەكردەوەتە پیاهەڵدان و پێدا گوتن بۆ مەرام، ناوێكی درەوشاوەی نێو ئەدەبی كوردین، ئێستاش دەكرێ هەمان رێگا و رەوتی هەبێ بەڵام نەبێتە قوربانی و نەبێتە (مەڕی قۆچ) لەبەردەم هیچ دەس و كەس و مەبەستێكدا .
*شیعر تا چەند دەتوانێت كاریگەری هەبێ لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە ؟
هەركایەیەك لەم بوون و ژیانەدا كاریگەری دەبێت لەسەر خەڵك و كۆمەڵگە بەتاك و كۆ، ئەویش بەڕێژەیی شیعریش كاریگەری خۆی دەبێت بەڵام عاساكەی حەزرەتی مووسا نیە گۆڕانكاری ریشەییت بۆ بكات، هەموو خەڵك خوێنەر و شەیدای شیعر نین تائەو گۆڕانكاریە گەورەیە بكات، بەڵام سەردەمانێك شیعری بەرگری و شۆڕشگێڕی كاری زۆرتر و باشتری كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوە بەرانبەر دووژمنی كورد، هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەش بەتەنها بەشیعر ناكرێت بەڵكو رۆشنبیری كۆمەڵایەتی و راگەیاندن و بواری دیكه دەبێ بێنە نو پڕۆسەكەوە تا شیعرش لەسۆنگەی خۆیەوە بەشداربێت
* ئێوە هونەری شیعری و شێوەكاریتان ئاوێتەی یەك كردووە ئەمە چۆن بوو ؟
ئەگەر ورد سەرنج بدەین و قووڵ تێفكرین، شیعر پڕە لەهونەر و بەلای منەوە شێوەكاریش پڕە لە شیعریەت، سروشت بۆخۆی هەم تابلۆی بێ وێنەو هەم شیعرێكی بێ وێنەیە كەبەردەوام شیعر و جوانی لێ هەڵدەگوزەرێت، سووپاس بۆ خودا بەهرەی شێوەكاری، هونەری نەخشاندن، خۆشنووسیم هەیە لەگەڵ شیعردا گۆڤەندی شادی دەگێڕن و دەستە خوشكی پڕ رومەت و رواڵەتن 

*تا ئێستا هیچ بەرهەمێكت بەچاپ گەیاندووە ؟
بەداخەوە تا هەنووكە نەلواوە بە چاپی بگەیەنم، كە مەبەست و نیەتم هاتە سەر ئەوە ئەم دۆخ و رەوشە هاتە پێشەوە، هەرخۆشم حەزم لە زۆری و بۆری و كاری پەڵە و هەڵە و هەڵپە نیە، نەشم ویستوە بۆ بەچاپ گەیاندنی ناوی حیزب و كەسانی لەسەر بێت ئەنا چەند جارێك پێیان وتووم بۆ هاكاری، بۆ ئایندە ( دیوانە شیعریەكان و پەخشانەكان وچوارینەكان و شیعری منداڵان ) بەو رازە دەگەیەنین 
* مەرجە شاعیر عاشق بێت یان پەیوەندی شیعر و عەشق چیە ؟ 
مرۆڤ بەتایبەت شاعیر عاشق نەبێ كەسێكی زیندوو مردەیە، عیشق تەڕایی ناخی مرۆڤ و چرۆی چواروەرزەی دەروونی شاعیرە، بەداخەوە هەڵە تێگەشتن بۆ عیشق هەیە كە كەسانێك تەنها لەبوونی رەگەزی بەرانبەردا چڕیان كردووەتەوە، بۆ ناڕوانی بۆ عیشقی حەقیقی عیشقی نیشتیمان، خاك، دایك، خەڵك، خودا، سروشت، خوشك، ژن، برا، عەشق دەبێ هەردوو رەگەزی ( جوانی و راستگۆیی ) شێلا بێ، شاعیر عاشق نەبێ بەرهەمی دەمرێت، لەهەر كارێك عیشق داینەمۆی وزە و تەزووی رۆح نەبێت جەستە دەمرێت و رۆحیش نامۆ، گەر لێیان پرسیت عەشق چیە ؟ بڵێ تەركی ئارەزوو، عەشقی زەمینی ( شیرین و فەرهاد، شەم و وەلی، قەیس و لەیلا ) بۆ مانەوەو خەڵكیش بەشانازی باسیان دەكات، هەر مرۆڤ بوون و خەڵكی ئەم گەردوونەنە، ئەوە عەشقی پاك و نیەت دروستی بوو نەك هەوەسبازی بەناو شیعرەوە، ژیان بێ عیشق وەك ئاسمانی بێ خۆرە.

‌ 894 جار بینراوه‌
4/27/2018 11:19:44 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved