شیفای وەرزەكان
بورهان ئەحمەد
هەندێك ، پێویستە
هاوینان بۆ دەرمان
هەندێك هەتاویان هەڵبگری .
چەند هەناسەیەكیان بخەیتە بەفرگرەكەوە
چەند ماچێكیان لە هێلانەی كۆترەكان دابنیی ،
هەندێك ، پێویستە
زستانان بۆ شیفا
هەندێك بارانیان
وەك شەراب بخەیتە گۆزەوە ،
هەندێك ، پێویستە
بەهاران بۆ جمانی خوێن
چەند لاسكێك پێكەنینی رێواسیان
پاشەوكەت بكەیت ،
هەندێك ، پێویستە
پایزان ، بۆ تیماركردنی بینین
هەندێك فرمێسكی گەڵایان
بخەیتە گلێنەی دڵەوە .
بەڵام تۆ .....
هەر چوار وەرزەكە
دەرمان و شیفای
مایەی خوێن جمانی گوڵ و
ساڕێژ بوونەوەی برینی باخچەی ،
بەڵام ، ئاخ ....
لە هەندێكی تریش
ئاوڕدانەوەو سڵاوێك
تەماشایەك و تاقە وشەیەك
زۆرە بۆیان .
|