»  باران
سیاسەت و كوشتنی رۆحی مێینە
هاوار ستار



بڵاوبوونەوەی وێنەو دیمەنی ژنانی كاندیدی عێراق لە هەرێمی كوردستان و لە عیراقیش تۆڕەكانی راگەیاندنی تەنیوەو جگە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بەشێك لە میدیا عێراقیەكانیش باسی لێوە دەكەن و تەنانەت وڵاتانیش قسەی لەسەر دەكەن و بووەتە بابەتی گەرمی میدیایی بە وشەی: ژن، سێكس، عیراق، هەڵبژاردن، كاندید.
ئەم وێنەو دیمەنانە ئەوەندەی ژیانی سیاسی هەژاندووە لە عێراق ئەوەندە دیمەنەكانی توندوتیژی و كوشت و بڕین و جەنگ و فەشەلی سیاسی و حزبی خەڵكی نەهێناوەتەگۆ، بەڵام بە باسی كاندیدێكی ژن خەڵكی هەڵا دەنێتەوە و لە كوردستان و لە عێراقیش ئەمە بەرانبەر چەند ژنێك كراوە بێئەوەی كەس بپرسێ ئەو دیمەنانە چۆن بڵاوبوونەتەوەو كێ بڵاویكردۆتەوەو بۆ دیمەنی گیراوەو بابەتەكە خۆی لە بناغەدا چییەو راستی بابەتە چەندەو چۆنەو كێ پەیوەندی بەو بابەتەوە هەیە، تا چەند كەسییەو پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە یان نا.
لە عێراق بە سەدان تاوان و كوشتن و گەندەڵی و دزی و رەگەزپەرستی و پێشێڵكاری تێپەڕدەبێت و ئەمانە نەبوونەتە ئابڕوچون، بەڵام دەركەوتنی ژنێك لە كاتی سەما یان ماكیاژكردنی لەسەر گۆڕی شەهیدو یانیش لە شارەكانی خوارو و ناوەڕاست دیمەنی سێكسیش بڵاوكراونەتەوە كە پێیان دەوترێ ئابڕوچوون و لە میدیایی زەبەلاحیش سوكایەتیان پێدەكرێ كە ئەمە زیانی بۆ نە لیستەكە هەیەو نەحیزب، بەڵكو راستەوخۆ لە شكۆدانی كەرامەتی مرۆڤ و مێینەیە.
لە دوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانەوە بەمەبەست بێت یان بێ مەبەست، شەڕێكی دەرونی و جەستەیی و ئابوریش لە عێراق بەردەوامە كە خزمەت بە كەس ناكات، جگە لە لەكەداركردنی كۆمەڵ، جگە لە وێنەو دیمەن لایەنی توندڕەو هەن هەڕەشەن بۆ سەر كاندیدانی ژن و عەلمانیەكان و تەنانەت هەوڵی تیرۆر و تیرۆركردنیش رویداوە لە عێراق، بێگومان ئەو هەوڵانەش ئابڕوچوون نین بە قسەی ئەوان بوونی ئەو ژنانەو عەلمانیەت ئابڕوچوونە.
ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت خۆشكردنی ئاگرێكی گەورەیە دژی ژنان بە گشتی و ئەمەی دەوترێت لایەنگری و پشتگیری تاكڕەوی نییە بۆ مێینە، بەڵكو واقعێكی تاڵە كە ئایندەی ژن لە عێراق باش ناكات و هەڵگیرسانی ئاگری جەنگێكی ترە دژ بە ژن لە ناوچەكەو كەسیش خۆی لێتێناگەیەنێت، ئەمەی دەكرێت گێڕانەوەی كۆمەڵگەیە بۆ بە كۆیلەكردنەوەی ژن و دیسانەوە بە كەم بینین و سوكایەتی كردنی ژن.
ئەوەی ئاشكرایەو باسیشی لێوەدەكرێت تەنانەت لە بانگەشەشدا ژنان لە عێراقدا هەڵمەتەكانیان بە سستی دەبینرێت و بەگوێرەی پێویست ناتوانن بانگەشەكانیان ئەنجام بدەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی وەك ژن و مێینە سەیر دەكرێن نەوەك وەك تواناو ئاستی هۆشیاری و زانیاری و سیاسیان، هەر بۆیە دەبێت ژنان لەم جەنگە نوێیە زۆر هۆشیار بن و گەر كەسیشیان لەگەڵ نەبن ژنانی عێراق بە گشتی هەوڵی تەواو بۆ سەرخستنی ژنە چالاكەكانیان بدەن و خۆیان دەستپێشخەربن لە بە نمونە كردنی ژنی عێراقی.



‌ 1303 جار بینراوه‌
4/27/2018 11:27:59 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved