»  شۆک
نەژاد نەجم: ئەم شارە پێویستی بە رۆحیەتی گەنجانەیە
ئا / هاوار ستار




سەرەڕای هەموو دۆخ و قەیرانە نالەبارەكانی تر بە تایبەت لە شاری كەركوك، گەنجانێك هەن لە نێو قەیراندا بەردەوامن و زیاتر بە دیار كەوتوون، یەكێك لەو گەنجانەش نەژاد نەجم-ی هونەرمەندە كە ماوەیەكە بە كاری هونەری بەتایبەت شانۆ بەدەركەوتووە و خۆی و گروپەكەی كە گروپی شانۆیی هەوارە بەردەوام كارو چالاكی ئەنجام دەدەن و نازناوی باش بە دەستدێنن.

نەژاد نەجم مەجید لەدایكبووی شاری كەركوكە لە ساڵی 1988 ، دەرچوی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی كەركوك بەشی شانۆ لقی دەرهێنانە ساڵی 2010، لەساڵی 2004 ـەوە بێدابڕان كاری شانۆ دەكات ، ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی عێراقە.. لەم چاوپێكەتنەی (هەواڵ)ـدا نەژاد لەسەر وێستگەكانی ژیان و گروپەكەی تا دوایین سەركەوتنیان لەم رۆژانەی رابردوودا لە شاری بەغداو رۆڵی گەنجان قسەدەكات.
* چۆن بوو لە بەغدا بەشداریتان لە شانۆی سەرشەقام كرد، چیتان بەدەستهێنا؟
- بەشداریكردنمان لە شاری بەغدا دوای ئەوەی كە بڵاوكرایەوە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لەشانۆی شەقام لە بەغدا ئەنجام دەدرێت، ئێمەش وەك گروپی شانۆی هەوار شانۆیی بێسنورمان پێشكەشكرد، دواتر نمایشەكەمان لە لایەن لیژنەوە وەرگیرا، لە 20 ی ئەم مانگە بەشداریمان كرد كە 20 نمایش ئامادەی فێستیڤاڵ بوون، زۆرینەی شارەكانی عێراق و پێنج وڵاتی تر، بەشداربوون هەر لە وڵاتی میسر و تونس و ئێران و لیبیا و جەزائیر لەگەڵ شارەكانی عێراق و سێ شاری كوردستان كەركوك و كۆیە و كەلار، دەستپێكی فێستیڤاڵ لە شەقامی موتەنەبی لە ناو ئاپوڕای خەڵكی هونەردۆستی شاری بەغدا، رۆژی دووەم نمایشی شانۆی بێسنور كە نوسینی، هیوا ئەسەد بەگی ئامادەكردن و دەرهێنانی، نەژاد نەجم بوو، نواندنی شانۆكاران هونەر شەوقی و هەوار فارس و بۆ یەكەم جار هونەرمەندی گورانیبێژی گەنج بەڵێن فارس وەك ئەكتەر بەشداریكرد، كاری مۆسیقاش عەبدوڵا كاكەیی ئەنجامیدابوو، لە سێیەم رۆژدا لە ئاهەنگێكی جوان و قەشەنگدا ئەنجامی كوتایی راگەیاندرا كە ئێمە وەك گروپی شانۆی هەوار یەكەمی باشترین خەڵاتی دەرهێنەرمان بەدەست هێنا، هەریەكە لە وڵاتی میسر و تونس باشترین بەرهەم و شاری كەلار باشترین ئەكتەری كچ و شاری بەغدا باشترین ئەكتەری كوڕیان بردەوە.
* تا ئێستا چەندجار براوەی خەڵاتی باش بوون و لە چەند وڵات بەشدار بوونە؟
- لەو خەڵاتانەی وا بە دستمان هێناوە لە ساڵێ 2011 لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان سێ خەڵاتمان بە دەستهێنا كە فێستیڤاڵەكە ئەم شارانەی تێدا بوو و گروپەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و كەركوك و كرماشان و وان و موسڵ، ئێمە یەكەمی باشترین سینۆگرافیا و دووهەمی دەرهێنان و دووەمی باشترین بەرهەمان بەدەستهێناوە لە وڵاتی میسریش، یەكێ لە باشترین نمایشەكانمان بوو كە لە قاهیرە بەشداریمان كرد لە فێستیڤاڵی نەتەوەیی میسری كە ساڵی 2017 بوو، بەگشتی لە زۆربەی فێستیڤاڵەكان بەشداری دەكەین و كاری باشمان كردووە.
* كێ هاوكارتانە لە بەردەوامیتان؟
- هاوكارییەكانمان بەردەوام لە لایەن خەڵكی دڵسوزی هونەرەوەیە، لەم نمایشەماندا كە بەشداری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە بەغدابووین، بەڕێز كاك شوان داودی ئەندامی پەرلەمانی عێراق هاوكار و پاڵپشتی تەواوی ئێمە بوو، بە مادی و مەعنەوی لەگەڵمان بوو، لەگەڵ ئەوەش كتێبێكی شانۆی بۆ گروپەكەمان چاپكرد كە بۆ مێژووی شانۆی كەركوك گرنگە.
* پرۆژەتان بۆ ئایندە چییە؟
- پرۆژەكانمان بەردوامە، هەر ئەم نمایشە كە باشترین درەهێنانمان بە دەستهێنا لە وڵاتی ئێران و تونس و میسر بانگێشتكراوین ئەگەر پشتیوانیمان بكەن دەتوانین لەو فێستیڤاڵانەی وڵاتانی دەرەوە بەشداری دەكەین، بەڵام تا ئێستا سپۆنسەر و پشتیوانیمان نیە بۆ ئەو بابەتە.
* سەرەڕای كێشە و روداوەكان، چیتان هەیە بۆ گەنجانی چالاك و ئەوانەی وەكو ئێوە لە هەوڵەكانیان بەردەوامن ؟
- هەمیشە قسەو داواكاری ئێمە ئەوە بووە بۆ گەنجان و هاوڕیانمان، ئەم شارە پێویستی بە روحیەتی گەنجانەیە، پێویستی بە شانۆ و میوزیك و گۆرانی و سینەما و دراما و شیعر و ئەدەب و وێنە و هەموو بوارەكانی تر هەیە، ناكرێت كەركوك خاوەنی مامۆستایانی گەورەی وەك عەلی مەردان و حسێن عەلی و شەوكەت رەشید و سەڵاح داودە و سەلمان فایەق و حسێن میسری و ناسر حەسەن و جیهاد دڵپاك و عەلی كەریم و جەلیل قەیسی و دەیان ناوی گەورە بێت و ئێمە لە دوای ئەوانەوە رێچكەیان نەگرین و هیچمان نەبێت.



‌ 320 جار بینراوه‌
4/27/2018 11:29:22 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved