»  وتاری هەفتە
چەندێك زووتر هەڵكێشرێن هێشتا درەنگە
بورهان حاجی سلێمان



هەرچەندە باسكردن لەزیانەكانی دانانی كەسی نەشیاو لەشوێنی نەشیاو، شتێكی تازە نییە، بەڵام لەشارێكی وەكو كەركوك و لەم قۆناغە دژوارە بۆ حیزبێك كە هەموو هیوای بە شارەكەیەو خەڵكی شارەكەش هەموو هیوایەكیان ئەو حیزبە بێت، تاكو لە 12ی ئایار زەنگی هەڵسانەوەیەكی نوێ لێبدات، ئەوە دانانی ئەو كەسە نەشیاوانە، گەورەترین گورزە لەو پرۆژە نەتەوەیی و حیزبییە دەدرێت، كە یەكێتی كاری بۆ دەكات و هیچی كەمتر نییە لە پیلانی ناحەزان.
دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت لە فایلەكانی CIA ەوە ئەوە دزەی كرد كە یەكێك لە گەورە راوێژكارانی میخائیل گۆرباچۆڤی دوا سەرۆكی شورەوییەكان سیخوڕی گەورەی ئەمریكا بووە، بە لێكۆڵینەوە لەپرسەكە دەركەوت ئەو راوێژكارە نە رۆژێك ژیانی سەربازێكی سۆڤیەتی خستۆتە مەترسییەوەو نە رۆژێك راپۆرتێكی هەواڵگری و نهێنییەكانی دەوڵەتی دابێت بە واشنتۆن، بەڵكو تەنها كارەی ئەوە بووە لە وەزارەتی دارایی پۆستی باڵا ببەخشێت بە دەرچووەیەكی كشتوكاڵ، یان دەرچوویەكی پیشەسازی بكاتە بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی و دكتۆرێك لە وەزارەتی كارەبا دابنێت، واتا خەڵكی نەشیاوی لە شوێنی نەشیاو دادەنا، بەوەش سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتەكەی توشی فەوزاو بێسەروبەرەییەكی گەورە دەبردو رێگەی لە كاروانی بینای دەوڵەت دەگرت.
هەرچەندە ئەوەی من باسی دەكەم لە ئاستی ئەو سیخوڕە سۆڤییەتییە نییە، بەڵام بۆ ئەم سەروبەندی بانگەشەیە، هەر كەسێك لەپێگەی خۆیەوە دەتوانێت سوودی زۆر یان زیانی زیاتر بگەیەنێت، ئەوەی منیش مەبەستمە كەسێكی جۆری دووەمە كە لە زیان زیاتر هیچی لێ چاوەڕێ ناكرێت، ئەدی چۆن دەبێت موقەدەراتی دارایی حیزبێك، بدرێتە دەستی كەسێك كە رۆژنامەنووس و كرێكار لێكنەكاتەوە، كرێكار بەو واتایەی نا كە كارێكی كەم بایەخە، بەڵكو مەبەست لە ئاستی رۆشنبیری و زانیاری ئەو كەسەیە كە ناتوانێت جیاوازی لە نێوان دوو پیشەی تەواو جیاواز لەیەك بكات.. من نازانم ئەو كەسە نەشیاوە پاڵپشتە بە كێ تاكو تەنانەت حیساب  بۆ واژوو و نوسراوو راسپاردەی ئەندامێكی سەركردایەتی و بەرپرسی میحوەرێك نەكات، بەڵام ئەوە دەزانم كە ئاكامەكەی باش نابێت؟! چونكە ناكرێت لەم دۆخە هەستیارەی كورد، لە شارێكی وەكو كەركوك كاروبار بدرێتە دەست كەسێكی نەزان كە بە كۆنەقین مامەڵە بكات..
ئەگەر ناچار نەكرێم تا دوای هەڵبژاردن چیتر قسە لەسەر ئەم مەسەلەیە ناكەم و ئەوكاتیش قسەی دیكەمان دەبێت، چونكە هەموو تواناكان لە ئێستا بۆ سەرخستنی پڕۆژەی كوردی لە كەركوكە كە یەكێتی هەموو تواناكانی خستۆتەگەڕ بۆ سەرخستنی، ناشكرێت ئەو هەوڵ و قوربانیدانەی بە هۆی بوونی كەسێكی نەشیاو لە شوێنێكی نەشیاو بەبا بدرێت، هەر ئەو نمونانەش بوونە پێشتر زیانیان لە یەكێتی داوەو دواتریش پارەیەكی باشیان كۆكردەوەو لێی جیابوونەوە، بۆیە چەندێك زووتر هەڵكێشرێن هێشتا درەنگە.   













‌ 1344 جار بینراوه‌
4/27/2018 11:45:10 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved