»  وتاری هەفتە
جگە لەبردنەوە هیچ رێگەیەكی دیكەمان لەبەردەم نییە
بورهان حاجی سلێمان



چەند رۆژێكی كەمی ماوە بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی 5 كە ئەمجارە لە دۆخێكی جیاوازتر لەهەڵبژاردنەكانی پێشوو بەڕێوەدەچێت، ئەمجارە كورد بەتایبەتی لەناوچە دابڕێندراوەكان بەرۆحێكی بریندارو جەستەیەكی شەكەتەوە دەچێتە ململانێیەكی نەتەوەییەوە، تاكە هەتوانیش بۆ ساڕێژكردنی زامەكان، هەڵسانەوەیەكی نوێ و پڕكردنەوەی سندوقەكانە بە دەنگ و سەنگی كورد.
لەگەڵ ئەوەی بەشێكی زۆری هاوڵاتیان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە تاكە رێگە بۆ گۆڕینی ئەو دۆخەی سەپێنراوەتە سەریان، گرتنەبەری رێگەی بنكەكانی دەنگدانەو وێڕای ئەوەی كورد ئەمجارە جگە لە بردنەوە هیچ رێگەیەكی دیكەی لەبەردەم نییە بۆ گێڕانەوەی شكۆی نەتەوەیی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا كەسانێك ماون موكوڕن لەسەر بایكۆتكردنی سنوقەكان و كوشتنی مافی خۆیان و خۆدزینەوە لە ئەركی نەتەوەیی، ئەوان كە لەژێر كاریگەری شكستییەكانی رابردوو و جەنگی دەروونی نەیارانی كورد، یان وابەستەی بڕیاری تەسكی حیزبایەتین، پاشەڕۆژ جگە لە پەشیمانی هیچی دیكە چاوەڕوانییان ناكات، چونكە لە جوگرافیایەكی دژواری وەكو ناوچەدەبڕاوەكان بەتایبەتی كەركوكی چەقی ململانێی نەتەوەیی و دۆزی سەرەكیی كورد، بەشدارینەكردن لەهەر پرۆسەیەك كە سەنگی نەتەوەیی دەربخات، راكردنە لەبەرپرسیارێتی مێژوویی، بەداخەوە ئەوانە هێشتا لەپەیامی مەترسیداری عەرەبی شۆڤینی و تایەفی و توركمانە تۆڕانییەكان تێنەگەیشتوون، كە ئەگەر لەم شارە باڵادەست بن چ تراژیدیاریەكی مێژوویی دەنووسنەوە، چۆن ساڵانی 1959و 1963 و چەندین ساڵ و رۆژی رەشی رۆژژمێری پڕ نەهامەتی ئەم شارە دووبارەدەكەنەوە، بۆیە رێگربە لەدوبارەنەبوونەوەی مێژوو و ئاراستەكەی بگۆڕە، لەبری ئەوەی ببێتە بەشێك لەشكستییەكان ببە فاكتەری هەڵسانەوە، با لەئێستادا (هەموو شتێك لە پێناوی سەركەوتن) بێت، تێبینی و رەخنەكان هەڵگرین بۆ دوای هەڵبژاردن و ئەوكات قسەی خۆمان دەبێت و بەتایبەتی خۆم زۆرم پێیە بۆ وتن، ناچاریشن گوێمان لێبگرن، چونكە خۆشبەختانە دوای شەش مانگی دیكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئەگەر یەكێتیت رۆحی رەوانشاد مام جەلال شاد بكە، ئەگەڕ گۆڕانیت رۆحی نەوشیروان مستەفاو ئەگەر پارتیت روحی مەلا مستەفا شاد بكە، ئەگەر چەپیت رۆحی شەهید مەلا ئاراس و ئەگەر خۆت بە شۆڕشگیڕ دادەنێیت رۆحی شەهید مامەڕیشە شاد بكە، ئەگەر ئیسلامیت روحی مەلا مەجیدی قوتب شاد بكەو ئەگەر شیوعیت روحی شێخ مارفی بەرزنجی شاد بكە، ئەگەر بێلایەنیشیت لەبیرت نەچێت تۆ كوردیت كوردبوونیش گەورەترین شانازی و بەرپرسیارێتییە لەكەركوك، بۆیە ئەگەر ئەتەوێت ژمارەی كورد لەم شارە گەورەتر بكەیت، دەنگ بدە بە هەر لیستێكی كوردی، ئەگەر خوازیاریشی ژمارەو سەنگی كورد سەنگینتر بكەیت، ئەوە دەنگ بدە بە لیستێك كە دەنگەكانی نەسوتێت.
من بەش بەحاڵی خۆم ئەمجارە لەهەموو هەڵبژاردنەكانی پێشوو پەرۆشترم بۆ بەشداریكردن و دەنگ دەدەم بە لیستی 162 وەكو گەورەترین لیستی كوردی، ئەگەر لەوەیش گەورەتری تیابووایە ئەوە بێ دوودڵی دەنگم پێی دەدا، چونكە ئەمجارە دەزانم دەنگم چ نرخێكی هەیە، بۆیە ئامادەنیم بۆ هیچ كەسێك یان لە داخی هیچ كەسێك بیسووتێنم؟      












‌ 1152 جار بینراوه‌
5/8/2018 10:49:11 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved