»  راپۆرت
دكتۆر بێستوون زەنگنە : لە 12 ئایار تەپڵی سەركەوتن لێرەوە لێدەدرێ



دكتۆر بێستوون عادل زەنگنە یەكێكە لە پەرلەمانتارە ئەكتیفەكانی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە بە حوكمی ئەوەی سەرۆكی لیژنەی گواستنەوەەی پەۆلەمان بوو رۆڵێكی بەچاوی گێڕا  لە پرسی چارەسەرن و كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم و هەروەها پووچەڵكردنەوەی پیلانی نەیارانی كورد لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك….دكتۆر بێستون كە هاوكات كاندیدی ژمارە (7)ی لیستی 162ی یەكێتییە بۆ پەرلەمانی عێراق، لەم دیدارەی هەواڵدا تیشك دەخاتە سەر روداوەكانی چوار ساڵی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران و گرنگی بردنەوەی ئەم هەڵبژاردنە…

*  دەستكەوتەكانتان لەماوەی چوار ساڵی رابردوو چیبوون كە لە بەرژەوەندی كوردو كەركوك بووبێت؟
- لە ئاستی پەرلەمانیدا چوار ساڵی رابردوو زۆر قورس و گران بوو،  لەبەر ئەوەی شەڕی داعش بوو، نەمانی دارایی بەشێوەیەك لە شێوەكان زۆر خراپ بوو ئەویش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، لەوانەش گەورەتر غیابی مام جەلال بوو لە بەغدا، ئێمە وەك كوردو یەكێتی ئەركمان زۆر قورس بوو، دواتر چەند جارێك هێرشكرایە سەر پەرلەمان، پەرلەمانیان پەكخست، دواینیان ئەوەبوو لە 16ی ئۆكتۆبەر، ئەو كارەسات و نەهامەتییە كە بەسەر كەركوكدا هاتووە، زۆر كاریگەری لەسەر كەركوك و كەركوكییەكان هەبوو، تەنانەت لە رووی دەروونییەوە، بەڵام ئەوەی توانیبێتمان لەگەڵ هاوڕێكانمان لە ماوەی رابردوودا كردبێتمان بۆ كەركوك داڕشتنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو، كە لە ساڵی (2005)ـەوە هەڵبژاردنی بۆ ئەنجامنەدرابوو، ئەوەش بە بیانووی جۆراوجۆر، ئەمەمان بە دەستكەوتێكی باش زانیوە كە توانیمان ئەم یاسایە تێپەڕێنین، كۆمەڵێك شتی تر لە موازەناتی 2017 كە توانیمان شتێكی باش بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵكی ناوچەكەو پێشمەرگەو موچەی فەرمانبەران بكەین، بەڵام بەداخەوە لە رێگای هەرێمی كوردستانەوە ئەمانە هەمووی قبوڵ نەكراو دواتر رەتكرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە 2018 ئێمە لە دوای موازەنەوە یاسایەكی گرنگ هەبوو بۆ شەهیدان و زیندانیانی سیاسی كە توانیمان هاوتای بكەینەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، خۆتان دەزانن لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتێك بەناوی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان هەیە ، ئێمە لە بەغدا داوای ئەوەمان كرد، ئەوانیش بخرێنەسەر ئەو وەزارەتەو بۆ ئەوەی خەڵكی ناوچەی ئێمە، خەڵكی ناوچە دابڕێنراوەكان كە زەرەری زۆریان لەو یاسایە كردووە كە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەبەر ئەوەی خەڵكی ئێمە ئەو موستەحەقات و ئیمتیازاتانەی كە هەبوو لە بەغدا وەریان نەدەگرت، ئەوەش توانیمان وەك ئەندام پەرلەمانەكان بخەیەنە سەر بەغدا و نزیكەی 37 ملیار دینار بگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم؟
*وەك دكتۆر بێستون چیت كردووە؟
 - ئیشی خۆم وەك دكتۆر بێستون، ئەوەی بەهاوكاری چەند هاوڕێیەكی ترم كردبێتم بریتین لە نزیكەی 19 پلەی وەزیفی تەوسیفی وەزیفی بۆ پەمانگاكان و خوێندكارەكان كە ئەوانەی خەریج بوون، تەوسیفی وەزیفیان نەبووە، توانیومانە تەوسیفی وەزیفییان بۆ دابنێیین، لەگەڵ ئیعتراف كردن بە زانكۆ ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەم ناوچەیە كە ئیعترافی پێ بكرێت، لە رێگای تەندروستییەوە توانیومە كۆمەڵێك شت بۆ ئەمشارە بكەین، ئەمە كە گرنگترین شت لای من ئەوە بووە، نەخۆشخانەیەك لە گەڕەكی نەسڕ هەبووە 100 قەڕەوێڵەیی بووە، كە لە 2012 كراوە بەراستی لەلایەن وەزیرەوە توانیمان 500 ملیۆن دیناری بۆ وەربگرین، بۆ ئەوەی بكرێتەوەو بكرێتە نەخۆشانەیەكی لەدایكبونی منداڵان، هەروەها وەزیری تەندروستی عێراق بەڵێنی ئەوەی پێداین 500 ملیۆن دیناری ترمان بۆ بنیرێَت بۆ پێداویستییەكانی تر، شۆردنی گورچیلە كە ئەركێكی زۆر دەخاتە سەر نەخۆشخانەكان، لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك توانیومانە بیخەیەنە سەر بەرنامەی نیشتیمانی بۆ ئەوەی لە بەغداوە ئەو پارەیەی بۆ دابینبكرێت، هەروەها سەنتەری نەخۆشییەكانی شێرپەنجە كە یەكەیەك بوو دەرمانی كەممان بەركەوتووە، بەهەوڵی خۆمان و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا توانیومانە ئەوەش بكەین بە بەش كە خۆی لە خۆیدا ئیتر لەوێوە رێژەی دەرمانی ئەو نەخۆشیانە زیاددەكات بۆ ئەوەی بێت بۆ كەركوك، توانیومانە رێژەیەكی خەڵكێكی زۆر لەم ناوچانە دابمەزرێنین، و پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی لە خواروو  ناوەڕاستی عێراق كە لەكاتی دابەشكردنیان لەوێ دەرچوون بیانگوازینەوە بۆ ناو كەركوك، دەتوانین سود لە تواناكانیان وەربگرین، خەڵكی ئێمە بتوانێ سود لەو توانایانەیان وەرگرێت، ئازارەكانیان تۆزێ كەم بێتەوە، سەبارەت بە پێشمەرگەش توانیومانە دەرمانێكی باش بۆ هێزی پێشمەرگە دابینبكەین لە وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە، لە كاتێكدا وەزیری تەندروستی ناوبانگی ئەوەی هەبووە كە وەزیری حەشدی شەعبییە، داوام لێكردووە پێداویستی پزیشكی بۆ پێشمەرگە بنێرێت و هەر لە نوسراوەكەشدا بنوسێت ئەمە دیاری ئەوە بۆ ئەوەی ببێتە وەزیرێكی باش بۆ پێشمەرگەش نەك تەنها حەشدی شەعبی، كۆمەڵێك دەرمانی باشی ناردووەو ئێستاش بەردەوامە،  وەك سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازان لە رێگای هاوڕێكانمەوە توانیومانە بڕی حەوت تۆن دەرمان بۆ كۆبانێ بنێرین و كۆمەك بۆ عەفرین كۆبكەینەوە، لە هەر چوار پارچە كە پێویستیان بە ئێمە بووبێت، هەردوو فڕۆكەخانەكەی  هەرێمی كوردستانیش كە زۆر شانازی پێوەدەكەم، من سەرۆكی لیژنەی گواستنەوەم توانیومانە لیژنەكان بێنینە هەولێرو سلێمانی بۆ ئەوەی فڕۆكەخانەكان بكرێنەوەو خەڵك بتوانێ بە ئاسانی گەشت بكات، هەروەها فڕۆكەخانەی سەربازی كەركوكیش ئەویش بە هەوڵی خۆمان توانیمان رەزامەندی بۆ وەربگرین بۆ ئەوەی بكرێتە فڕۆكەخانەیەكی مەدەنی، ئێستا تەنها ئەوەی ماوە بچێتە بوای جێبەجێكردنەوە، هەروەها لە فەرمانگەی تەندروستی توانیومانە بۆ كەسوكاری شەهیدو پێشمەرگە لە رێگای پەیوەندییەكانمانەوە لە نەخۆشخانەكان بە خۆراِیی بتوانن نەشتەرگەری بكەن و چارەسەر وەربگرن.
*چیتان پێ نەكراوە؟
- نزیكەی 900 هەزار دۆنم زەوی جوتیارانی كوردو توركمان بەتایبەتی كورد لەناوچەی تاوغ و پردێ ماوەنەتەوە كە كێشەیەكی گەورەیە، دووجار واژووم كۆكردۆتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو یاسایە یاسای ئیلغاكردنی بڕیارەكانی مجلس قیادەی سەورە بە نیسبەت زەویوزاری كەركەكوەوە هەڵوەشێنینەوە، بەڵام تا ئێستا سەركەوتوو نەبوینە، بەڵام هەنگاوی باشمان ناوە ، لە 3/8/2015 واژووم كۆكردتەوە نزیكەی 62 واژوویە، بۆ ئەوەی مناقەشە بكرێت، خۆشبەخاتانە خستوومانەتەوە بەرنامەی كارەوە، خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆكراوە، گفتوگۆشی لێوەكراوە، دوو مانگ پێش ئێستا بەهەمانشێوە 67 واژوومان كۆكردەوە بۆ ئەوەی دەنگدانی لەسەر بكرێت، مەرامی گڵاوی ئەو خەڵكانەی كە زەوییەكانیان لایە، نەیانهێشتتوە سەركەوتووبین و دەنگی لەسەر بدەین، پشت بە خوا لە خولی داهاتوو كە تەنها دەنگدانی ماوە بتوانین ئەو یاسایە تێپەڕێنین، خۆم و هاوڕێكانم یاخود هەر كەسێكیتر كە دەچێتە  پەرلەمان ،ئەوەش كێشەیەكی زۆری كوردی ئەم ناوچانە چارەسەر دەكات.
*دوای 16ی ئۆكتوبەر هەندێك بڕیار لە دژی بەڕێوەبەرو فەرمانبەرانی كورد لە كەركوك دەرچوون، لەو بارەیەوە رۆڵتان چیبووە؟
- دوای 16ی ئۆكتۆبەر كۆمەڵێك كێشەمان بۆ دروستبوو لە هەموو كەرتەكاندا بەتایبەتی لە كەرتی تەندروستی، ئەوەی كە گرنگ بوو، پارێزگار نەما، ئەنجومەن نەما، حیزبەكان ئەو توانایەی كە پێشوو هەبوو نەما، بەداخەوە هێزی پێشمەرگەو ئاسایش لەمشارە نەمان، ئێمە لە رێگای ئەو متمانەیەی كە خەڵك بە ئێمەی دابوو، ئێمە توانیمان داكۆكییەكی باش لە خەڵكی خۆمان بكەین، كەركوكمان جێنەهێشت و ماوینەتەوەو هەر دەمێنینەوە، توانیمان وەك ئەوەی من دەستنیشانكرام بۆ كارە ئیدارییەكان لەلایەن مەڵبەندەوە، چوومەتە بەغداو لای وەزیری تەندروستی ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە بەڕێوەبەرەكاندا كراوە، توانیومە نوسراوی هەڵوەشاندنەوەیان بێنم و هاوسەنگییەك لەناو فەرمانگەكە رابگرم، هەموو گواستنەوەیەكمان هەتا 1/6 وەستاندووە، ئەو شتانەی كە كرابوون ئەو نوسینانەی كە بە كوردی نوسرابوون و سڕابوونەوە، زمانی كوردی زمانێكی رەسمییەو لە دەستوری عێراقیدا هاتووە، توانیومانە ئەو خەڵكانەی ویستراوە بگوازرێنەوە بە مەرامی كوردبوون بە هەر بیانوویەك بێت، لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی بەوەكالەت قسەم كردووەو قبوڵمان نەكردووە، هاوسەنگییەكی باشمان راگرتووە، رۆژانە هەر زانیارییەك هەبووبێت و زوو فریای كەتوومەو نەمهێشتووە جێبەجێ بكرێت.
* گرنگی بەشداریكردنی كوردو مەترسییەكانی بەشدارینەكردن لەم هەڵبژاردنە چییە؟
- هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنوسسازە، لەبەر ئەوەی نەیارەكانمان دەڵێن ئەو دەنگانەی كەپێشتر  هێناومانە دەنگی حەقیقی كورد نییە، بە زەبری چەك و پێشمەرگە و ئاسایش بە رێگەی ناشەرعی كورد ئەو دەنگانەی دەستكەوتووە، بەڵام ئەمجارە دەبێ هەموومان بیسەلمێنین كورد لەمشارە لە نیوە زۆرترە، ببێتە بنەمایەك، لەبەر ئەوەش چارەنوسسازە، دەبێتە بنەمایەك بۆ ساڵانی ئایندە، چۆن ئێمە باس لە سەرژمێری ساڵی 1957 دەكەین و بووەتە پێوەرێك كە كەركوك كوردی زۆر بووە، كەسێ بیەوێت دابمەزرێت ئەگەر سەرژمێری  پەنجاو حەوتی كەركوك نەبێت دانامەزرێت، هەڵبژاردنی 2018 دەبێتە بنەمایەك بۆ هەڵبژاردنەكان و چاودێرانی دنیاو نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی چاویان لەسەر كەركوكە، لەبەرئەوەی كەركوك شارێكی فرە نەتەوەو مەزهەبە، پێگەیەكی ستراتیژی هەیەو كانزای باشی تێدایە،یەكێكە لە شارە دەوڵەمەندەكان بە نەوت،  لەبەرئەوە گرنگە لای دەوڵەتانی دەرەوە بۆ ئەوەی بزانن ئایا بە فەرمی رێژەی كورد بەوجۆرەیە یاخود نەخێر وانەبووە، ئەم هەڵبژاردنە بۆ خەڵكی دەریدەخات كوردی زۆرترە یاخود زۆرتر نییە، ئومێدەوارم هەموو كەسێ رۆژی 12/5 بچێتە سەر سنوقەكانی دەنگدان و دەنگ بدات بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین ئەندام پەرلەمانی كورد بینرێنە بەغداو ببێتە نوێنەری شاری كەركوك، لێرەوە ئومێدەوارم لیستەكەی مام ژمارە (162) زۆرترین و گەورەترین لیست بێت لەبەر ئەوەی بەراستی ئێمە حەزمان دەكرد لیستەكان پێكەوە دابەزن، بەڵام بە داخەوە یەك لیست نەبووین، خۆشبەخانە لایەنەكانی بەرانبەر كوردیش  یەك لیست نین و مەزهەبیانیش یەك نییە، ئەمە وادەكات دڵخۆشییەك بكەوێتە نێو خەڵكەوە، بتوانین دەنگێكی باش بەدەستبهێنین، لێرەوە سوپاسی خەڵكی خۆڕاگری شاری كەركوك دەكەم، هەموو گلەیی گازاندەكانیان وەلاناوە كە كاتێكدا مافی خۆیانە، بەڵام هەموویان شەویان خستۆتە سەر رۆژ، رێكخست و ئۆرگانەكانی یەكێتی رۆژانە دەرگا بە دەرگای ماڵان دەگەڕێن بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین دەنگ كۆبكەینەوە بۆ لیستی (162)ـی یەكێتی، ئەمە زۆر گرنگە كە دركیان بەوەكردووە،  كە بەراستی نەیارەكانمان لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە چۆن باس لەم شارە دەكەن، پێشووتر دەیانوت ئەمشارە عێراقییە، ئێستا دەلێـَن كەركوك عەرەبیە، هەندێك دەڵێن كەركوك توركمانیە، بە بۆچوونی خۆیان كورد لەمشارە كەمترین كورسی دێنێت، پێیانوایە ئەگەر كورسییەكانی كورد لەمشارە كەم بێت دەبێ كەركوك جێبهێڵین، بەڵام خەیاڵیان خاوە، لێرە دەمێنینەوەو بەردەوام دەبین لەسەر خەبات و داكۆكیكردن لە مافی خەڵكی كوردستان و كەركوك بۆ ئەوەی بتوانین وەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كە هێزێكی گەورەی وەك  هێزی پێشمەرگەو ئاسایشی لە پشتە، جارێكیتر لەمشارە خۆمان جڵەوی دەسەڵات بگرینەوە دەست و ناوچەكە ئاسایی بكەینەوە.
* هەوڵی گەڕانەوەی پێشمەرگەو رادەستكردنەوەی دۆسیەی ئەمنی شارەكە  بە پۆلیسی ناوخۆیی بە كوێ گەیشت؟
- هەوڵەكان بەردەوامن، و دڵنیاشین ئەم دۆخەی كە لە كەركوكدا هەیە، كاتییەو بەردەوام نابێت، لەبەر ئەوەی حكومەتی عێراقی باش دەزانێت ئەمشارە ئارام نابێت، ئارامی بە خۆیەوە نابینێت، ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە  هەبوون لە كاتێكدابوو كە لە خوارووی كەركوك داعش پەلاماری دەداو  بازگەی وەهمی دادەنا، ئەوان دركیان بەوە كردووە بەبێَ پێشمەرگەو ئاسایش و دژەتیرۆر ناتوانن ئەمشارە بەڕێوەببەن، بەڵام فشاری هەڵبژاردنە لەسەر كەركوك دوای هەڵبژاردنەكان كێشەكان ئاسایی دەبنەوە، حكومەتی عێراقی دركی بەوە كردووە، كورد زۆرینەیە لەمشارە، چەند رۆژێك پێش ئێستا، عەممار حەكیم كە سەرۆكی رەوتی حیكمەیەو پیاوێكی باڵادەستی  شیعەیە، خەڵك گوێی لێدەگرێ، باسیكردووەو بە ئاشكرا دەڵێت كورد رێژەی لەمشارە زۆر لە وانی تر زیاترە، ئەوانەی كە توركمان و عەرەب باسی دەكەن هەموو فەوزا و پڕوپاگەندەی بێبنەمان.
* لەم ماوەیەدا هەوڵێك درا بۆ ئەوەی كوژراوانی داعش بە شەهیدئەژمار بكرێن، ئەو هەوڵە بە كوێ گەیشت؟
- دوای 16ی ئۆكتۆبەر، بەراستی دۆخی كورد لاواز بوو، بینیمان ئەندام پەرلەمانانی لایەنەكانی تر ئەو داعشە تیرۆریستانەی كە لە كاتی هێرشەكانیان بۆسەر كەركوك كە كوژراون، دواتر لەلایەن دادوەری پزیشكیی و لە رێگای لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە، وەك شارەوانی و وەقفی سوننی و پێكەوە بە رەسمی بەشێوەیەكی گونجاو لاشەكانیان خرانە ژێر خۆڵەوە، دواتر هەندێ خەڵكی تر كە بە مەرامی گڵاو و شوڤێنی، هاتوون و دەیانەوێت ئەوانە بكەن بە گۆڕی بە كۆمەڵ و بە شەهید ئەژماربكرێن، ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی ئێمەش كە بەرگرییان كردووە و شەهیدبوونە نەكرێن بە شەهید، ئێمە ئەو بڕیارەمان بینی لەگەڵ تیمەكەمدا بە سوپاسەوە پارێزەران پێكەوە چووین لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆماركرد، بۆیەكەمجاریشە سكاڵاكە بە زمانی شیرینی كوردی بوو، ئێستا لە ململانێداین لەگەڵ ئەو ئەندام پەرلەمانەی كە ئەو كارەی كردووەو ویستویەتی ئەو داعشانە بە شەهید ئەژماربكات و خوێنی شەهیدەكانی ئێمە بە فیڕۆ بڕوات لە كاتێكدا پێشمەرگەو خۆبەخشەكانی ئێمە شەرەف و ناموسی ئەوانی دەپاراست.

دوا وتەت:
رۆژی شەممە 12/5 تەپڵی سەركەوتن لێرەوە لێدەدرێ، جارێكی تر یەكێتی سەردەكەوێت لەمشارە، سەركەوتنی یەكێتی لە كەركوكەوە دەستپێدەكات كە رێژەی كورسییەكانی بەوشێوەیە بێت كە جارێكی تر جۆش و خرۆش بداتەوە، وەك یەكێتی بەڵێن بە خەڵكی كەركوك دەدەین داكۆكیكارێكی سەرسەرختی مافەكانیان دەبین، هیچ كات درێغی ناكەین لەناو پەرلەماندا هەموو ئەو كێشانەی كە دێنە پێشەوە كێشە نەوتەوایەتییەكان، بتوانین بە هەموومانەوە بەرەنگاری ببینەوەو بتوانین پێكەوە ئەو مافانەی خەڵكی كوردستان و كەركوك بگەڕێنەوە كە مافی رەوای خۆیەتی، كە چەندین ساڵە خوێنی بەخشیوە لەسەر ئەمشارە، هەڵبژاردنیش ببێتە بنەمایەك بۆ ئەوەی رێژەی كورد لە هەموو نەتەوەكان زۆرترە، ببَتە بنەمایەك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كەركوك و  رێژەی دامەزراندن لەمشارە .



‌ 588 جار بینراوه‌
5/8/2018 10:55:52 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved