»  راپۆرت
یەكێتی دڵی جەماوەرەكەی هاك دەكات



لەگەڵ ئاشكراكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركەوتنی كورد و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە شارەكانی كوردستان بە گشتی و كەركوك بەتایبەتی، هاوشان لەگەڵ لایەنە عەرەبی و توركمانییەكان ژمارەیەك لە حزب و لایەنی سیاسیی كوردی كە دەنگی پێویستان بەدەستنەهێناوە، هێرشێكی توند دەكرێتە سەر یەكێتی و بە تەزویر كردن تۆمەتباری دەكەن، بەرپرسێكی ئەو حیزبەش پێیوایە:” لەبەر ئەوەی یەكێتی حزبێكی بەهێزە، بۆیە كۆمەڵێك خەڵك ئێستا دەیانەوێت بە قسەی ناشیرین بە گژیدا بچنەوە”، پەرلەمانتارێكی فراكسۆنی یەكێتیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت بەڵێ یەكێتنی دڵی جاوەری هاك كردووە.

رەوەند مەلا مەحمود:
بایكۆت دەكەن و تانە لە پرۆسەكە دەدەن!
سەبارەت بە هۆكارەكانی هەڵمەتەی دەكرێتە سەر حیزبەكەی لێپرسراوێكی مەڵبەندی دووی كەركوك دەڵێت لەبەر ئەوەی یەكێتی حزبێكی بەهێزە، بۆیە كۆمەڵێك خەڵك ئێستا دەیانەوێت بە قسەی ناشیرین بە گژیدا بچنەوە.
رەوەند مەلا مەحمود، جێگری یەكەمی لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی (ی.ن.ك) لە كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” هۆكاری سەرەكی سەركەوتنەكانی یەكێتی لە كوردستان بە گشتی و شاری كەركوك بەتایبەتی گەڕانەوە بوو بۆ جەماوەرە دڵسۆزەكەی، هەر ئەوەش وایكرد جەماوەر دەنگ بە یەكێتی بدات و ئەو سەركەوتنە تۆمار بكرێت “.
جێگری لێپرسراوی مەڵبەند وتیشی:” بەشێك لە حزبە كوردستانییەكان بوونەتە نۆكەری خەڵكە داگیركەرەكە، هەندێكیان لە كەركوكدا دەنگیان نییە، هەر بۆ شكاندنی كورد، هاتن لیستێكیان دروستكردو (30-40) هەزار دەنگی كوردیان سوتاند، هەندێكیانیش بایكۆتی هەڵبژاردنییان لە كەركوك كردو لە دوورەوە جنێوو قسەی سوك بەخەڵكی كەركوك و بە دانیشتوانەكەی دەڵێن و تانە لە پرۆسەكە دەدەن، خۆشیان لە شوێنی خۆیان شەخسیاتیان نییە،زۆرجاریش ئەو كارانەی كە دەیكەن بە زۆرە ملێ بە خەڵكەكەی دەكەن، خەڵكیش لێیان تێگەیشتووە”.
رەوەند مەلا مەحمود باسی لەوەشكرد:” ئەم حزبانە بەشێكیان نەیاتوانیوە خەڵكێك  لە دەوری خۆیان كۆبكەنەوە، دەبینین مقاولێك دێتە مەیدان و كۆمەڵێك دەنگیان لێدەبات، خۆشیان لە سلێمانی و شوێنەكانی تر قسەی ناشیرین بە یەكێتی دەڵێن، بەڵام لە دەشتی نەینەواو دهۆك و زاخۆ و هەولێر زمانی خۆیان قەپات كردووە، هۆكارەكەشی ئەوەیە لە سنوری سلێمانی و لە سنوری یەكێتی ئازادی هەیە،  ئەوانیش ئیستغلالی ئەو ئازادییەیان كردووەو قسە لەسەر یەكێتی دەكەن”.
رەوەند مەلا مەحمود ئاشكراشیكرد:” لەبەر ئەوەی یەكێتی حزبێكی بەهێزە، بۆیە كۆمەڵێك خەڵك ئێستا دەیانەوێت بە قسەی ناشیرین بە گژیدا بچنەوە، لە هەمانكاتدا یەكێتی باوەڕی وایە بیروڕای ئازاد هەبێت، بۆیە دەبینین لە هەموو ئەو ناوچانەی كە یەكێتی لێیە ئەو ئازادییە هەیە، بەڵام لە شوێنەكانی تر ئەمانە ناتوانن وتە لە دەمیان بێتە دەرەوە”.
نەشیشاردەوە:” تائێستا گەورەترین خیانەتێك لە گەلی كورد كرابێ، ئەو لیستە بچوكانەن، بۆ نموونە گۆڕان و كۆمەڵ و ئەوانیتر، چونكە ئەوان خیانەتی گەورەیان لە كوردی كەركوك كرد، زۆر داوامان لێكردن  كە هەموومان بە یەك لیست بەشداری بكەین، بەڵام ئەوان (30-40) هەزار دەنگی كوردیان لە كەركوك سوتاند”.
ئەوەشیخستەڕوو:” ئێستاش ئەو حزبانە بۆ ئەوەی عەیب و عاری خۆیان داپۆشن، هێرشی ناڕەوا دەكەنە سەر یەكێتی، لە هەمانكاتیشدا چوونەتە پاڵی عەرەب و توركمانی شۆڤێنی كەركوك و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەكەن، هەروەكو توركمان و عەرەبە شۆڤێنییەكان بیر دەكەنەوە”. 
جێگری لێپرسراوی مەڵبەند راشیگەیاند:” ئەگەر بە بیرتان بێت لە ساڵی 2014 لە زۆر شوێن دەنگی یەكێتی  زۆر كەمیكرد، بە بەیاننامەیەكی رەسمی پیرۆزباییمان لە سەركەوتووەكان كرد، بڕیاریشماندا  بە خۆماندا بچینەوە”.
روونیشیكردەوە:” ئەم حیزبە بچووكانەی ئێستا لە ئاست یەكێتیدا زۆر بچووكن، دەبێ دان بە خۆماندا بگرین، دەبێ تێیان بگەیەنین كە دووركەونەوە لە كاری خیانەتكاری و لە تۆمەتی ناڕەوا لەوەی كە میللەتەكەیان ناشرین بكەن، لەلایەكی تریشەوە یەكێتی دەبێ لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بێت، كە جەماوەرەكەی متمانەی پێداوە، هەوڵ بدەین خزمەتی میللەت و جەماوەرەكەی بكات”.
بەشێك لە حزبەكان  بە تۆمەت بەخشینەوە بۆ یەكێتی، زیاتر خۆیان لە پێش چاوی جەماوەر بچووك دەكەنەوە.

رابەر رەشید:
جێگای خۆشحاڵییە  هێزێكی كوردی لە كەركوك زۆرینەی بەدەستهێناوە 
رابەر رەشید، نوسەرو چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامونوسی بێلایەن لەبارەی ئەو تۆماتەی رووبەڕووی یەكێتی دەكرێنەوە، بۆ (هەواڵ) وتی:” تەنها نەگبەتی كوردە، ئەگینا هیچی تر نییە، چونكە لە هەرێمی كوردستان هەر چۆنێك بێت دەنگەكان هەر بۆ كوردە، هیچ كێشەیەك نییە، بەڵام ئەم پێداگرییەی هەندێ لە حزبەكان دژ بە یەكێتی لە كەركوك بە راستی بە كارێكی خراپی دەزانم”.
ئەو رۆژنامەنووس و پێشمەرگە دێرینە دەڵێت:” لێگەڕێن با ئەمجارەش كەركوك ناسنامەكەی بە كوردستانیبوون بمێنێتەوە، ئەگەر دوو كورسیشمان كەمكردووە، با هەر ئێمە وەك نەتەوەی كورد لە بەرانبەر نەتەوەكانی تری شارەكە زۆرینە بین”.  
رابەر رەشید، پێشیوابوو، ئەوەی هەندێ لەلایەنەكان دەیكەن لە كەركوك ، بەڕاستی كارێكی زۆر خراپە لە رووی نەتەوایەتییەوە، هەندێ لە حیزبەكان ئەگەر دەنگی كورسییان نەهێناوە، خەڵك چی بكات، جارەكانی پێشووش هەندێ لەو حزبانە دەنگیان نەهێناوە لە كەركوك”.
رابەر رەشید وتیشی:” هەمووجار  دەوترێت یەكێتی دەریایەك خوێنی لەسەر كەركوك ڕشتووە، دەنگی یەكێتیش هەمووكات لە كەركوك دیارە، ئەو دەنگانەی كە ئێستا هاتووە، ئەو هێزانەی كە تانە لەو دەنگانەی كەركوك دەدەن دەیانەوێت دەنگی كورد لە كەركوك  كەم بكەنەوە بۆ بەرژەوەندی لایەنەكانی تری وەك عەرەب و توركمان ، بەڕاستی كارێكی خراپە، لە رووی نەتەوایەتی و بۆ ئایندەی كوردستانیش “. نەشیشاردەوە:” هەتاكو چەترێكی نەتەوایەتی لەناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان نەبێت حاڵمان هەروا دەبێت، باشترین كاریش ئەوەیە حزبەكان بێدەنگی هەڵبژێرن بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە تێپەڕێت، نەك تانەو تەشەر بدەن”. 
رابەر رەشید، ئاشكراشیكرد:” هەندێ لەو حزبانەی ئێستا ناڕازین بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، كێشەكە لەوەیە هەر شتێك بكەن كورسی پێویست بە دەستناهێنن، كورسیشیان فەوتاندووە، ئەی ئەگەر ئەوە خیناتەت نەبێ ئەی چی خیانەتە”.
راشیگەیاند:” ئەگەرچی لە كاتی خۆی هەموو بەیەك لیست دانەبەزین، بەڵام ئەگەر بە یەك لیستیش دانەبەزین،  هەقوایە خۆشحاڵ بن بەوەی هێزێكی كوردی، جا هەر هێزێكە دەنگێكی زۆرینەی بەدەستهێناوە با پیرۆزبایی لێبكەن”. 
یەكێتی خاوەن بیست هەزار شەهیدە، كەسوكاری شەهیدەكان ناهێڵن یەكێتی بكەوێت

شوان داودی :
یەكێتی تەنها لە كەركوك زیاتر لە 184 هەزار دڵی هاك كردووە
شوان داودی، پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” راستە یەكێتی هاكی كرد بەڵام تەنها لە كەركوك زیاتر لە 184 هەزار دڵی هاك كرد، چونكە سەركەوتنی یەكێتی جەماوەرەكەیەتی، یەكێتی خاوەن بیست هەزار شەهیدە، كەسوكاری شەهیدەكانی ناهێڵن بكەوێت، یەكێك لە نهێنییەكان ئەوەیە، خەڵكێكی زۆر كە رۆژانە رەخنە لە یەكێتی دەگرن، بەڵام لە كاتی ئەوەی كە دەزانن یەكێتی گەلەكۆمەی لێدەكرێت، هەموویان سەد هێندەی سەركردایەتی یەكێتی یەكێتیتر دەبنەوە، هەموویان بە پەرۆشەوە دەڕۆن بۆ هەستانەوەو رێگرتن لەو تەعەدایەی لەو حزبە دەكرێت”.
داودی وتیشی:” خەڵكانێك دەناسم، خاوەن شەهیدن و  زۆر بە توندی لەسەر یەكێتی قسە دەكەن، كە بینیم بە پەرۆشەوە لەسەر سندوقی دەنگدانن بۆ ئەوەی دەنگ بە یەكێتی بدەن، پرسیارم لێكردن، ئەوان وتیان ئێمە یەكێتی حزبی خۆمانە، رەخنەشی لێدەگرین، بەڵام لە كەس قبوڵ ناكەین قسە بە یەكێتی بڵێت، چونكە ئەم حزبە حزبی ئێمەیە،  خۆمان دەزانین كەی رەخنەی لێبگرین و خۆمانیش دەزانین چ كاتێك دەنگی پێدەدەین”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی باسی لەوەشكرد:” ئەم گەلەكۆمەیەی كە ئەمڕۆ دەیبینین دەكرێتە سەر یەكێتی، ئەو پێنج شەش حزبە بەلایەك تەنها رووی دەمیان لە یەكێتییە، دەچنە هەولێرو لە هەولێرەوە پارتی هانیان دەدات، ئەو وتارانەی پارتی بخوێنەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە كادرە پێشكەوتووەكانی پارتی هانی ئەوە دەدەن بۆ ئەوەی سلێمانی دووچاری دۆخێكی نەخوازراو بێتەوە”.
ئەوەشیخستەڕوو:” دەبێ لایەنە سیاسییەكان، لایەنە سەرنەكەوتووەكانی ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە بە وردی دیقەت لەو دۆخە بدەن و بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن”.
ئاشكراشیكرد:” كاتی خۆی كە یەكێتی پاشەكشەی كرد لە هەڵبژاردنەكان دانی بە پاشەكشەی خۆی دانا، دانی بەوەنا كە سەركەوتوو نەبووە،  پێویستی بە موراجەعەی خۆیەتی، ئەگەر تەماشای هاوكێشەكان بكەی، پارتی كورسییەكانی وەك خۆی ماوەتەوە، یەكێتی دوو كورسی لە دەستداوە، ئەم دوو كورسییە برادەرانی هاوپەیمانی بردوویانە، بزوتنەوەی گۆڕان چوار كورسی لە دەستداوە، نەوەی نوێ بردوویەتی، كۆمەڵ و یەكگرتووش لەبەر ئەو سیاسەتەی خۆیان كە خەڵكێك لێیان ناڕازییەو رێژەی بەشداری كەمبووە،  هەریەكەو كورسیان لە دەستداوە، سروشتییە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كورسییەك زیاد یاخود كورسییەك كەم، حیكەت لە پرۆسەی دیموكراسیشدا ئاهەنگی بردنەوە نییە، بەڵكو قبوڵكردنی دۆڕانە “.

شادمان مەلا حەسەن :
دەبێ یەكێتی لە ئێستاوە هەوڵ بۆ حوكەتی خۆجێیی بدات
شادمان مەلا حەسەن،  رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی، بۆ ئەم راپۆرتەی (هەواڵ) وتی:” بەشێك لەو حیزبانە بە تۆمەت بەخشینەوە بۆ یەكێتی، زیاتر خۆیان لە پێش چاوی جەماوەر بچووك دەكەنەوە، لەبەر ئەوەی لە كەركوك ناتوانن ئەو ململانێیە بەكەن، رەنگە ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بكرێتەوە ئەو حزبانە دەنگی زۆر لەوەش كەمتر بەدەستبهێنن كە ئێستا بە دەستیانهێناوە”.
شادمان مەلا حەسەن وتیشی:” ئەو حزبانە هیچ قازانجێكیان لەو تۆمەت بەخشینەوەیە نییە، تەنها بۆ ئەوەیە باروودۆخەكە لە كورد تێكبدەن، ئەگینا هیچ قازانجێكی تریان نییە، ئەوانیش لە ئێستا بەدواوە خۆیان لاوازتر دەبن”.
ئەو چاودێرە سیاسییە باسی لەوەشكرد:” دەبێ لەمەودا یەكێتی  گوێ بەو حزبانە نەدات، ئیش بۆ كەركوك و كەركوكییەكان بكات، كەركوك زیاتر بخاتە ژێر چەتری خۆیەوەو ئەوانیش پشتگوێ بخات”.
شادمان مەلا حەسەن پێشیوابوو، دەبێ یەكێتی لە ئێستاوە هەوڵ بۆ حوكمەتی خۆجێیی بدات، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی خۆجێیی وەربگرێتەوەو خۆی بەهێز بكات، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری كەركوك و كەركوكییەكان بكات”.




‌ 356 جار بینراوه‌
5/19/2018 12:59:50 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved