»  وتاری هەفتە
وەرزێكی سەخت چاوەڕێی یەكێتی دەكات
بورهان حاجی سلێمان


هەرگیز گەلی كورد بەتایبەتی پارت و لایەن و شۆڕشەكانی كێشەی سەركەوتنیان نەبووە، چ سەركەوتنی سەربازی بێت یاخود سیاسی، بەڵكو هەمیشە كێشە گەورەكەی كورد دەستگرتن بە سەركەوتنەكانەوە بووە، كە نەیتوانیوە مامەڵەیەكی تەندروستی لەگەڵدا بكات.
لە هەڵبژاردنەكانی هەفتەی رابردوو گرەو لەسەر ئەوە دەكرا كە كوردو یەكێتی لە كەركوك دوچاری شكستییەكی گەورە دەبنەوە، بەڵام ئەنجامەكان بەپێچەوانەی ویستی عەرەبە شۆڤینی و تۆڕانییەكانی بەرەی توركمانی بوو، كە بە ئاشكرا دەیانوت دوای هەڵبژاردنەكان كورد لە كەركوك دەخەینە گۆشەیەكەوەو چیتر رۆڵی لەم شارە نابێت، هەر بۆیە لە پلانگێڕییەكانیان بەردەوامن و بەداخەوە هەندێ لایەنی كوردی شكستخواردووش بەتایبەتی كاندیدە دۆڕاوەكانیان بوونەتە ئامرازی جێبەجێكردنی پیلانەكان، كە پێدەچێ جگە لە سكانداڵێكی نەتەوەیی بۆ خۆیان هیچ بەرهەمێكی دیكە نەچننەوەو ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش قبوڵ بكرێت، یان بەڕێكاری یاسایی تەواوی پرۆسەكە لە هەموو عێراق پوچەڵ بكرێتەوە.
بەدەر لەو پیلانانەش كە بە قبوڵكردنی شكستییان كۆتایی نایەت، یەكێتی لە كەركوك پێویستی بەخۆداچوونەوەو دانەوەی پاداشتی كەركوكییەكانە كە وەكو بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی و وەفایەك بۆ روحی مام جەلال و مێژووی پڕ لە قوربانی یەكێتی بۆ شارەكە، چانسێكی دیكەیان دا بە حیزبەكەیان، چونكە بردنەوەی یەكێتی لە كەركوك واتای ئەوە نییە ئەو حیزبە لەم شارە بێ كەموكوڕیەو لە تەندروستییەكی باشدایە، بەڵكو زۆر رەخنەو تێبینی هەیە، كە لە داهاتووداو دوای شكستی پیلانەكان قسەی لەسەر دەكەین و رێگە نادەین یەكێتی وەكو هێزی پارێزەی كورد لە كەركوك بە لاڕێدا ببرێت، یان تووشی خۆ گۆشەگیركردن و دووركەوتنەوەی زیاتر لە جەماوەر ببێت، پێویستە دڵسۆزانی یەكێتییش ببنە ئامرازی فشاری راستەقینەو جومگەو ئۆرگانەكانی ئەو حیزبە لە داتەپین بپارێزن و دووبارە نۆژەنی بكەنەوە، بە تایبەتی شەش مانگی دیكە هەڵبژاردنێكی زۆر گرنگی لە پێشە، ئەویش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگایە، كە قەبارەی كورد لە حكومەتی ناوخۆیی كەركوك و دامودەزگا حكومییەكانی دیاری دەكات، بەو پێیە لە ئێستاوە تاكو شەش مانگی دیكە یەكێتی لە ژێر تاقیكردنەوەیەكی سەختی جەماوەری كەركوك دایەو بەو نیو ساڵە دیاری دەدات كە دڵەكان دەتۆرێنێت یان دڵی دیكەش ئاشت دەكاتەوە، بۆیە نابێت لەسەر لوتكەی سەركەوتنەكان پاڵی لێبداتەوە، چونكە رەشەبای توڕەیی خەڵك دەتوانێت گاشە بەردی زەبلاحی غروریش غلۆر بكاتەوەو لە رێگەی كەوتنە خوارەوەشدا پارچە پارچە بێت... سەرچاوەی هەموو هێزێكیش گەلە، پێچەوانەكەشی هەڵەیە.

   












‌ 1714 جار بینراوه‌
5/19/2018 1:01:22 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved