»  کوردستان
پشكێنەری گشتی وەقفی سوننی پاركەكانی كەركوك لەكوردو توركمان وەردەگرێتەوەو دەیداتە عەرەب



بەپێی زانیاریەكانی هەواڵ، (پشكێنەری گشتی لە وەقفی سونی كەركوك)، ژمارەیەك موڵكی وەقفی سوننی كە بە ناوی چەند كەسێكی كوردو توركمانەوەیە دەیەوێت لێیان وەربگرێتەوەو بیكات بەناوی كەسانێكی سەر بە نەتەوەی عەرەبەوە، بەڕێوەبەری وەقفی سونییش دەڵێت ئەو نوسینگەیە بەرێگایەكی كەركوكیانە كار ناكات، بەڵكو زیاتر نەتەوەییانە كاردەكات. 
بەپێی ئەو زانیاریانەی (هەواڵ) دەستیكەوتووە پشكێنەری گشتی لە وەقفی سوننی كەركوك كە لە نەتەوەی عەرەبە لە پلانیدایە زۆربەی ئەو پاركی ئۆتۆمبێلانەی كە موڵكی وەقفی سوننین لە كرێگرتە كوردو توركمانەكانی بسەنێتـەوەو بیدات بە كەسانی عەرەب، لەوانە پاركی ئۆتۆمبێلی فیردەوس لە نزیك گەڕەكی ئەحمەد ئاغا، لە كوردێك وەرگرێتەوەو بیدات بە كەسێكی سەر بە نەتەوەەی عەرەب، پاركێكی نزیك خولگەی موسەڵا كە بەناوی هاوڵاتییەكی توركمانەوەیەو دەیەوێت بیدات بە كەسێكی سەر بە نەتەوەكەی خۆی، هەروەها پاركێكی دیكەی لە نزیك پردی دووەم كە بەناوی هاوڵاتییەكی كوردەوەیەو بیدات بە عەرەبێك. 
ئەحمەد جەمیل مودەڕس، بەڕێوەبەری وەقفی سونی لە كەركوك، سەبارەت بەو پرسە لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:”لە راستی و دورستی ئەو هەواڵە نازانم، بەڵام هەر كارێكی لەو شێوەیە ئەنجامبدرێت و یاخود بیانەوێت ئەنجامی بدەن، ئەوە لێكوڵینەوەی لە بارەوە دەكەین”، روونیشیكردەوە: “ئەگەر بزانین هەر كارێكی لەو شێوەیە كراوە ئەوە رەوانەی سەرۆكی دیوانی وەقفی سونی دەكەین و ناهێڵین لە كەركوك هیچ كارێكی لەو شێوەیە لەلایەن هیچ كەسێكەوە ئەنجامبدرێت”.
هەروەها باسی لەوەشكرد:”ئەو كەسەی ئێستا (پشكێنەری گشتی وەقفی سونی كەركوكە، خەڵكی حەویجەیەو لەگەڵ هاتنی بۆ كەركوك دەستبەكاربوونیشی ستافی حەویجەی لەگەڵ خۆی هێناوە، ئەوانەی كەركوكیش دەسەڵاتەكانیان لێوەرگیراوەتەوەو هیچ دەسەڵاتێكیان بەدەست نییە”، ئەوەشیخستەڕوو:”رەخنەمان هەیە لەسەری ئەوەی كە داوای یەكسانی دەكەین بۆ دانانی سەرجەم نەتەوەكان بەڵام ئەوان نایكەن، لە ستافێكی 16 كەسی 14 كەسیان عەرەبن و دوانەكەی دیكەش توركمانن و هیچ كوردێكی تێدا نییە”. 
بەوتەی بەڕێوەبەری وەقفی سونی لە كەركوك ئەو نوسینگەیە بە روحێكی كەركوكیانە كار ناكات بەڵكو زیاتر نەتەوەییانە كار دەكات، نەك كاربكەن بەشێوەیەكی ئیداری، هەروەها باسی لەوەشكرد:” كاری راستەقینەی ئەوان چاودێریكردنە، بەڵام لێرە ئەو كارەناكەن و هاوكاری ئێمە نین”، وتیشی:” ئەو ئەڵقەیەی هەیانە زیادەیەو هیچ رۆڵێكیان نەبووە”.


‌ 791 جار بینراوه‌
5/19/2018 1:12:30 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved