»  پەڕەموچ
خوێندنەوەیەك بۆ كۆمەڵە چیرۆكی (سەحەر)ی سەلاحەددین دەمیرتاش
سەدیق سەعید رواندزی


2 - 2
لە چیڕۆكی (كولێرە بەقیمەی حەلەب)یشدا، چیڕۆكنووس دیسانەوە ئاماژە بەدۆخی وێران بووی سوریا بەهۆی شەڕەوە دەكات، كاتێك باسی حەلەب دەكات كە یەكێكە لە دێرینترینی شارەكانی دنیاو لانكەی مرۆڤایەتی بووە، بەڵام ئێستا ئاسەواری ژیانی تێدا نەماوەو خوێن فوارەی لە شەقامەكان بەستووە، هەروەك خۆشی لە بارەی شارەكەوە دەڵێت (ئەم شارە حوزن دەفرۆشێت)،ڕوقیە كەخەڵكی حەلەبەو لەترسی شەڕچووەتە شاری هاتای، ڕۆژێك بە مەبەستی هێنانی چەند پێداویستیەك دەگەڕێتەوە حەلەب، بەڵام بەر تەقینەوەیەك دەكەوێت، كە جگە لەو شەست و هەشت كەسی تریش دەبنە قوربانی، دەمیرتاش ئەم چیڕۆكەشی لەژێركاریگەریی دیمەنە دڵتەزێنەكانی حەلەب نووسیوە، كە هەموو دنیا ئێستا چیڕۆكی دڵتەزێنی ئەو شارە وێرانكراوە دەزانێت، لە چیڕۆكی(ئاه ئاسومان) كەلای من جوانترین چیڕۆكی نێوكۆمەڵە چیڕۆكەكەیە، دەمیرتاش هونەریانە بابەتێكی جوان دەكاتە چیڕۆك، كە ڕەنگە ڕۆژانە چەندین كەس لە ئێمە بیبینێت، ئەوچیڕۆكە باسی سەرنشینی ئوتووباسێك دەكات، كە شوفێرەكە بەگەنجۆ ناوی دەبات، گەنجۆ قوتابی كۆلیژی یاسایە، دەیەوێت بگەڕێتەوە لە نێوئوتووباسەكە لەگەڵ كاپتن كە شوفێرەكەیە دەكەوێتە گفتوگۆ، ئەو گفتوگۆیە لە‌وە‌وە دروست دەبێت، كە كاپتن زۆر بەستسی لەدوای كامیۆنێكەوە دەڕوات، كاتێ گەنجۆ پرسیاردەكات كە بۆچی خێرا لێناخوڕێت، ئەویش چیڕۆكەكە دەگێڕێتەوە، لەپشتی كامیۆنەكە،وێنەی گەورەی ژنێك هەیە، بۆیە كاپتن لە سۆنگەی ئەو وێنەوە نایەوێت كامیۆنەكە تێپەڕێنێت، بەڵكو سەیری وێنەكە دەكات، تا دواجارمەسەلەكە بۆگەنجۆ باس دەكات، كەئەو پێشتر كەوتۆتە داوی ئەڤینی ژنێك بەناوی ئاسومان، گەرچی ژن و منداڵیشی هەبووە، بەڵام دەیخوازێت، تادواجار جێی دێڵێت، ئیدی كاپتن بەخەیاڵی ئاسۆمان ئەو ژنەی دیوی دەرەوەی دەرگای دواوەی كامیۆنەكە دەبینێت، دوای ساڵانێكی زۆر، كاپتن پیربووەو قژی سپی بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كورێكی لە خۆپیشاندانێكدا( خوێنەری بەڕێز لەوچیڕۆكەش دەمیرتاش، لە پاڵ خۆشەویستییەوە باسی ستەمی سیاسی دەكات) گیراوە ئیدی بەدوای پارێزەرێكدا دەگەڕێت، بەڕێكەوت ڕوو لە نووسینگەیەكی پارێزەری دەكات كەهی گەنجۆیە، ئەو گەنجۆ ناناسێتەوە،  بەڵام گەنجۆكاپتن دەناسێتەوە، بۆیە چیڕۆكی ئاسۆمانی بیر دێنێتەوە وخەیاڵیان دەگەڕێتەوە ڕابردوو، دواتر كوڕەكەشی ئازاد دەكات، لەچیڕۆكی (حیسابات لەگەل دایكم) دەمیرتاش باس لەسەرمایەو دابەشكردنی داهات و یەكسانی نێوان مرۆڤەكان لەژیان دەكات، ناوەڕۆكی ئەم چیڕۆكە، سەرگوزشتەی دوومنداڵ باسدەكات، كە دایكیان داوایان لێدەكات بچن پێداویستی ماڵ بكرن، بەڵام لە شوێنێكی دورتر لە دوكانی نزیك ماڵەكەیان، چونكە لەوێ پەنجا لیرە لە نرخی دیاریكراو كەمترە، كاتێكیش هەردووبراكە دەڕۆن بۆ ئەو شوێنەو پێداویستییەكان دەكڕن كە بەهاكەی دووسەدوو پەنجا لیرەیە، دەبینن ناتوانن ئەو كەل وپەلانە بەدەست ببەنەوە بۆ ماڵ، بۆیە دەچن كرێكارێك كەكاری گواستنەوە بەعەرەبانەكەی دەكات بەكرێ دەگرن و لەبەرامبەرئەم كرێیەشدا، پەنجا لیرەی پێدەدەن، بەمەش خەرجییەكە دەكاتەوە هەمان ئەو تێچووەی كە دەیانتوانی لە نزیك ماڵییان پێی دابین بكەن، بەڵام ئەوان دەڵێن بۆیە ئەوكارەیان كرد تاكو هەموو سەرمایە بەتەنها لەدەست تاكەكەسێك كۆنەكرێتەوە،بەڵكو دووسەدوو پەنجا لیرە بۆخاوەن دوكانەكە، پەنجا لیرەش بۆئەوكرێكارەی كاری گواستنەوە بە عەرەبانەكەی دەستی دەكات، تاكو هەردووكیان سەرچاوەی گوزەرانی ژیانیان پێ دابینبكرێت، پەیامی پشت ئەو چیڕۆكە پەیامی یەكسانخوازی و هاوبەشییە لە ژیانێكی شایستە بۆ هەموو تاكەكان، پەیامێك كە دژی ئەوەیە سەرمایە مۆنۆپۆل بكرێت، كە تیایدا كەسانێك سەرمایەدارو دەوڵەمەندبن، كەسانێكی دیكەش هەژارو لات، بەڵكو مرۆڤەكان دەبێ هەموویان وەكو یەكتری بژین، لە چیڕۆكی(كۆتاییەكی دڵڕفێن دەبێت) كارەكتەری چیڕۆكەكە دكتۆر بێكەس، لە یگی دایكی دەبێت كاتێك باوكی دەكوژرێت، واتا دوای مردنی باوكی لەدایك دەبێت، دایكی بێكەس بەسەختی و دژوارییەكی زۆرەوە كوڕەكەی پێدەگەیەنێت وشوێنی باوكیشی بۆدەگرێتەوە، بێكەس دەچێتە قوتابخانەو هەموو قۆناعەكانی خوێندن وێرای نەبوونی و هەژاری بەسەركەوتوویی دەبڕێت، دواجار كۆلیژی پزیشكی تەواودەكات و دەبێتە پزیشك، بۆ خزمەتی هاوشاریانیشی دەگەڕێتەوە شارۆچكەكەی و خزمەتی هاوشاریانی دەكات، لە هەمان كاتیشدا بە ئەندامی ئەنجومەنی شار هەڵدەبژێردرێت و سەرەنجام بە نوێنەرایەتی ئەنجومەن، داوەتی ئەمریكا دەكرێت بۆ بەشداربوون لە كۆنفرانسێك، بەمەش دكتۆر بێكەس زۆرخۆشحاڵ دەبێت، بەر لەوەی سەفەر بۆ ئەمەریكا بكات، دەچێتە سەر گۆڕەكەی(ئەحمەد تونج)ی باوكی و پێی دەڵێت ئاسوودە بە، دەمیرتاش بەوچیڕۆكەی، نەهامەتی هەموو ئەو منداڵە بێ باوكانە پیشاندەدات، كەدواجار دایكیان گەورەیان دەكەن و سەرەنجامیش دەبنە كەسی داهێنەر لەژیان، دەمیرتاش لەو چیڕۆكەی ئەو پەیامەمان پێ دەدات، كە هەرگیز نەبوونی، بێ باوكی، هەژاری، نابنە ئاستەنگ لەبەردەم مرۆڤەكان ئەگەر ئیڕادە و ڕوحی هەوڵدانیان هەبێت، بێكەس بەم شێوەیە لە دایك بوو، وەلێ دواجار بووە ئەو كەسە ناودارە، لەكۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوەبدەم كەوەك خوێنەرێك چێژم لە خوێندنەوەی ئەوچیڕۆكانە وەرگرت، چیڕۆكەكان بەگشتی لەزمان و دەربڕین سادەن، لەگێڕانەوەشدا، زمانێكی واقیعیان بەسەردا زاڵە كە هەموو خوێنەرێك تێیان دەگات، بەڵام بۆمن گوتارو پەیامی چیڕۆكەكان گرنگ و جێی هەڵوەستەكردن بوو، تواناكانی نووسینی چیڕۆكم لەدەمیرتاش بەدی كرد، هیوادارم ئەمە دوا بەرهەمی نەبێت، ئاواتم ئەوەیە،ڕۆژگارێك دابێت بەزمانی كوردی بنووسێت، هەرچەندە فەزای چیڕۆكەكان كوردییانەیە، دەستخۆشانەش لەوەرگێری چیڕۆكەكان دەكەم،ئومێدەوارم بەرهەمی دیكەش لەزمانی توركی وەربگێڕێت،بۆئەوەی خوێنەری كورد بزانێت كەلەئەدەبی توركی، هەرتەنها پامۆك نییە،نووسەری دیكەش هەن كەجوان دەنووسن.

*پەراوێز/ سەحەر _كۆمەڵە چیڕۆك/ نووسینی(سەلاحەددین دەمیرتاش)/ وەرگێڕانی لە توركییەوە (فەرهاد چۆمانی)/ بڵاوكراوەی ناوەندی غەزەلنووس 2018.


‌ 585 جار بینراوه‌
5/19/2018 1:38:40 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved