»  پەڕەموچ
وەك دێـوەرەیـەك جێیـان هێـشـتـین
عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ

(پێشكەشە بە فەقێ قادری هەمەوەند .. 
یەكەم شاعیری ئەنفالكراوی كورد) 

بە جڵەوی سواوی ئەم جاڕەوێ‌ كەنفتەوە 
لەسەر گالیسكەی تێكشكاوی ئەم مۆتەكەی سەفەرە 
بەناو كاروانی لە بن نەهاتووی بیابانی غەریبیدا.. 
تەڵە ماشوبرنجیەكانی ریشی مێژوو 
بەدەم تاسەی هەڵوەدایی نیشتمانەوە شانەدەكەم..
كاروان گەیشتە كۆتایی و بەكێ بڵێم:
تەرمی من شاخاوییەو بە هیچ شەرعێك
مارەیی لەم بادییەو سەحرایە نایەت..
كەچی ئەربابەكانی جەنگ
لە دوورترین قوژبنی دونیادا 
وەك دێوەرەیەك جێیان هێشتین.   
هۆو .. ئێلوار 
لەكوێ بنووسم “خۆشم دەوێی”!!
لە هەڵاوی كام قاوەخانەی تۆزلێنیشتووی نیشتمانا 
بنووسم “ئەی سەربەستی؟!”
وا لە دەلاكخانەی بەهەراجكراوی ئەم زەمەنە 
پاشماوەی لەتە ئاوێنەیەكی تێكشكاو شك نابەم 
سیمای راستەقینەی ناسنامەكەم پێ نیشانبدات. 
هەر لە یەكەم فەرهەنگی مانگ گیرانەوە 
دەزێمە نەسلی ئاگرو دەبم بە نەوەی جنۆكە!!
لە یەكەم ئێوارەی نەومانگی مێژووەوە 
كەشكۆڵ بەشانێكی كۆچەری بێ ناسنامەو 
لە رەفەی باڵەخانە شوشەییەكانی ئەم سەردەمەش 
سەماكەرەیەكی گڕ تێبەربووی جوداخوازم
ئێستا.. رۆژگار پیری كردووم و 
كەچی هەر غەریبی شیری دایكم دەكەم، 
غەریبی چوالە باویەكانی لێرەوارو 
لایلایەی بەرهەیوانی ئەستێرە باران و 
ئاوازە تەنك و زوڵالەكەی 
“ رۆڵەی شیرینم بنوو.. درەنگە
شەوگار خامۆش و كپ و بێ دەنگە” 
بەچی بنووم.. بەكام ئاسوودەیی دڵ؟! 
كە تا ئێستاش سەری بڕاوم..
لە سەفەری غەدر نەگەڕِاوەتەوە!!
سەڕی بڕاوم 
هەر لەسەبەتەی بە ئەتك چنراوی رۆژهەڵاتەوە 
تا سنووقە كڵۆمدراوەكانی رۆژاوا 
هەر لە شازدەوە تا هەژدەی 
چوارشەممە سوورە رەشپۆشەكان 
پڕە لە خاكەساری.. 
لە میحنەتی بەهەزاران عەرعەرو سەلمان پاك
ئای فەقێ قادر.
پارچەكانم پڕن لە داستانی نەهامەتی 
چاوەكانم لە نەغەدە هەڵكۆڵراون..
جەستەم لە مهاباد شێوێندراوەو 
غەریبی ئەحمەد كایام كەوتۆتە كۆشی مالاتیاو
سوێسكەی رۆحی ئالانم لە كەنارەكانی ئیجەو
فڕندەی ئومێدم لەدیاربەكر ونبووە.
سینگم لە هەڵەبجەو دڵم لە عەفرین و 
كاسەی سەرم لە شیرناخ لێ جێماوە.. 
ئێستاش بێكەسیم لە كەركوك و 
كچێنی خەونەكانم لە شەنگال و
نەورەسی ماچەكانم لە خانەقی خنكاون.  
هەرچی خۆمم لە نەخشەی گۆی زەوی دەركراوم. 
لە فەرهەنگی لاهووتی كاهیناندا
من و ئەهریمەن 
دووجمكانەی ناو میهرەندی یەك نەفرەتین 
ئەو لە بەهەشت و 
من لە سفری ئەتڵەسەوە دوورخراوین 
ئەو كرنووشی نەبردووە،
هەرچی منم!! 
گوڵاو نەما.. بەحەوشەی سوجدەكانا نەیپرژێنم 
پێڵاو نەما.. لە كۆشێتی پەرستگاكان جووتی نەكەم 
تاقێك نییە لە سوجدەگاكانی مێژوودا 
پەییم بۆ نەبردبێ و 
لە پەنجەرەی بەرهەیوانی نەگریابم..
كەچی هێشتا نزاكانم هەر پێكوڕەن
بەشی باوەشێنی دڵنەواییم ناكەن و 
ئاورێك لە بەستەڵەكی رۆحی تەزیوم نادەنەوە!!
وەك بڵێی لە قەڵای ئەنگوستەچاوی عەدەمدا 
بەباربراوی خوڵقابم.. 
یان لە بازاڕی سەدەكانا هەر بەخاوی فرۆشرابم.
نیگەرانم لەوەی رۆژێ شەبەنگی خۆرەتاوێ  
بەسەر ئێسك و پروسكی كەمتیارەكانا هەڵبێ و 
من لەوێ‌ نەمابم..
بەڵەدێكی شارەزاش لەوێ‌ نەبێ و
وەك پەیكێك بەدەم بادی خۆشمەروورەوە..
هەواڵی زەماوەندی دارتووە بێنازەكانی گەرمیانم 
تا ناوجەرگەی بەرزەخ بۆ بهێنێ..
ئەی قاسیدانی رۆحی بەفرینی رەنگ پەڕیوم 
دڵی تۆراوی نیشتمانم بدەنەوە
من زۆر لەوە گەورەتر بووم 
بەدەم هەنسكی ئێوارانەوە 
چاوەنواری هەڵاتنی خۆرو 
هەڵكردنی شنەی بابم.
دوودڵۆپ لە كانیاوی سەبووریم بەسە
تا لەبەر چراخانی كوێرەوەبووی ئەم عەرشەدا 
ئەم كەوڵی رۆحكێشانە تووڕهەڵدەم و  
با ئیتر وەك دڵۆپە شەونمێكی خوایی 
لەبەر رۆشنایی گەردوونا رووت ببمەوەو
لە نیشتمانی پڕ زریكەو بێ ناسنامەم  
تا ئەبەد هەڵپروكێم.

‌ 306 جار بینراوه‌
5/19/2018 1:39:34 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved