»  وەرزش
وەرزشكارانی كەركوك سەوز پۆشكردنی شارەكە پیرۆز دەكەن


وەرزشكارانی كەركوك پیرۆزبایی سەركەوتن لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكەن و دەڵێن :” دەبێ یەكێتی پلانی تۆكمەی بۆ داهاتوو هەبێت، هاوكات راشیدەگەیەنن:” ئەوانەی تۆمەت دەخەنە پاڵ یەكێتی، هیچیان لە نەیارانی كورد كەمتر نییە”.


حەربی خالید: دەبێت وەكو یەكێتی جاران خزمەت بە جەماوەرەكەی بكات
حەربی خالید، سەرۆكی نوێنەرایەتی كەركوكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق، بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:”  سەركەوتنی ئەم جارەی یەكێتی  لە هەڵبژاردنەكانی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرخەری ئەو راستیەن كە یەكێتی خەمخۆری  سەرجەم توێژەكانی كەركوك بووە بە تایبەتی گەنجان و وەرزشكاران، هەر بۆیەش متمانەیان بەخشیوە بە یەكێتی”.
حەربی خالد، وتیشی:” بە بڕوای من دەبێت سەركردایەتی یەكێتی كار بۆ ئەوە بكات بۆ ئەوەی ببێتەوە بەحزبێكی جەماوەری و لوت بەرز نەبێت لەو سەركەوتنانەی بە دەستهێناون و خەڵكی متمانەیان پێ بەخشیوەتەوە، بەڵكو دەبێت وەكو یەكێتی جاران خزمەت بە جەماوەرەكەی بكات لە هەمووو روویەكەوەو نوێنەرەكانی لە حكومەت دەبێت تەكنۆكرات بن و لە خەمی هاوڵاتیاندا بن “.
سەرۆكی نوێنەرایەتی كەركوكی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئاشكرایكرد:” هەمیشە  لایەنەكان لە هەوڵی پەلاماردانی یەكێتیدا بوونە، چونكە  حیزبێكی دیموكرات بووەو كاردانەوەكانی بەرانبەر نەیارانی سەربازی نەبووەو بڕوای تەواوی بە ئازادی هەبووە و پانتاییەكی فراوانی  لە ئازادی  رەخساندووە لە سنوری خۆیدا، هەر ئەمەش هۆكار بوونە بۆ ئەوەی نەیارەكانی لە بەرانبەریدا شمشێرەكانیان تیژ بێت، لە كاتێكدا لە زۆنەكەی تر ئەمە بەدی ناكرێت .
عەدنان عومەر: ئەم سەركەوتنە بارێكی قورسی خستەسەرشانی یەكێتی
عەدنان عومەر ئەندامی كۆمیتەی تەنفیزی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان، لەبارەی سەركەوتنی یەكێتییەوە وتی:”  سەركەوتنی یەكێتی  سەلماندی كە كەركوك و كەركوكیەكان سەوز پۆشن “. وتیشی:” ئەم سەركەوتنە بارێكی قورسی خستەسەرشانی یەكێتی، بۆیە دەبێت یەكێتی كاری جدی بكات و پلانی تۆكمەی هەبێت بۆ بەردەوامی سەركەوتنەكانی “.
عدنان عومەر ئاماژەی بۆ ئەو هێرشە ناڕەوایانە كرد كە كرانە سەر یەكێتی و ئاماژەی بەوەكرد: “ ئەو هێرشانە گەورەیی یەكێتی و سەنگیان دەرخست “.

ئازاد محەمەد: 
ئەو سەركەوتنە مەزنەی یەكێتی شتێكی نامۆ نییە

ئازاد محەمەد، ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەی دووبز وتی:”   یەكێتی حزبێكە هەڵقوڵاوی رۆحی میللەتێكی هەرە زیندووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، یەكێتی حزبێكە لەناو رووخان و داڕمان و ئاشبەتاڵی هێزێكی گەورەی چەكداری كوردستان سەریهەڵداوە ، یەكێتی حزبی هەژاران و چەوساوەكانی میللەتەكەمانە، هەربۆیە حزبی شەهیدانە”.
وتیشی:” هیچ شتێك لە ژیانی یەكێتیەكان هەرزانتر نەبووە بۆ بەخشینی بەخاك و نیشتمان، حزبێكی وا هێزێكی وا دەكەوێت لاواز دەبێت، بەڵام نامرێت، هەربۆیە هەڵسانەوەی هێزێكی نیشتمانی لەدوای چەندین موئامەرەو دەستخستنەناو هەناوی یەكێتی و برینداركردن و بڕینی پارچەی جەستەی، هەر بۆیە یەكێتی لەناو ئەوهەموو ئازارە هەڵسایەوەسەرپێ و دوژمنەكانی تووشی شۆككرد”.
ئازاد محەمەد باسی لەوەشكرد:” بۆیە بەلای منەوە ئەو سەركەوتنە مەزنەی یەكێتی شتێكی نامۆ نییە، یەكێتی حزبی هەڵسانەوەیە، پلانیشی بۆ داهاتوو هەیە، یەكێتی ئێستا نەك سبەی دەبێت لەسەربنچینەی ئەو خەلەل و هەڵانەی كەهەیە سیاسەتێكی چاكسازی گشتگیر دەست پێبكات و پلانی كورت مەوداو درێژ دابنێت و گۆڕانكاری بنچینەیی بكات”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك زۆربەی لایەنەكانی بەكرێگیراو و داردەستەی وڵاتە ئەقلیمیەكان بوایە، هیچ كێشەیەكی نەدەبوو ، یەكێتی تاسەرئێسك حزبێكی هەرەنەتەوەیی و دیموكراتە،حزبێك وەك یەكێتی بۆ سەر دەوڵەتە ئیقلیمیەكان خەتەرناكە بۆیە بەكرێگیراوەكان بەردەوام سەنگەری لێدەگرن و كێشەی بۆ درووست ئەكەن”.

دێرین مەحمود: سەكەوتنەكە دووبارە جەختكردنەوەیە  لە سەر كوردستانیەتی كەركوك
دێرین مەحمود،  كچە یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، دەڵێت: “ زۆر دڵخۆشم بەم سەركەوتنەی لیستەكەی مام، سەكەوتنەكەش دووبارە جەختكردنەوەیە  لە سەر كوردستانیەتی كەركوك “.
ئاماژەی بەوەشكرد:” دەبێت یەكێتی بۆ داهاتووش بەردەوام بێت لە خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە كەركوك و پتەوكردنی پێگەكانی خۆی و نوێكردنەوەی خۆی و بزانێت كێ دۆست و كێ دوژمنە”.
وتیشی:” سەرجەم ئەو گەلەكۆمەیەی كە دەكرێتەسەر یەكێتی لەكەركوك ناڕەوایە  بە تایبەتی لە لە لایەن لایەنە كوردستانیەكانەوە، هیوادارام لە بەغدا كاریان پێچەوانەوە بێت هەمووان یەك دەست بن بۆ بەهێزكردنی پێگەی كورد لە بەغدا”.

عومەر عەلی: دەبێت یەكێتی بۆ داهاتوو كاری لە پێشینەی نزیكبوونەوە بێت لە جەماوەرەكەی
عومەر عەلی، یاریزانی كاراتێی یانەی خاك، پێیوایە، سەركەوتنی یەكێتی سەركەوتنی هەموو كوردە لە كەركوك كە بەڕەنج و بازووی سەوز پۆشەكان هاتووتەدی و دووپاتیكردەووە كە یەكێتی بناغەیەكی پتەوەی هەیەو روحانیەتی مام جەلال لە سەری هەموو تاكیكی كوردی كەركوك هەیە “.
هەروەها وتی “ دەبێت یەكێتی بۆ داهاتوو كاری لە پێشینەی نزیكبوونەوە بێت لە جەماوەرەكەیەی و بیانكاتە سەرچاوە بۆ بڕیارەكانی “.
عومەر عەلی ئەوەشیخستەڕوو:” ئەو هەڵمەتە ناڕەواییەی كرایە سەر  یەكێتی لە كەركوك سووكایەتیكردنە بە خودی كەركوكییەكان، چونكە ئەوان دەنگیان داوە بە  یەكێتی و یەكێتییان بە تاكە نوێنەری خۆیان زانیوە”.
وتیشی:” هەڵمەتی چەواشەكاری لایانە كوردستانیەكان لە دژی یەكێتی،  هیچی كەمتر نیە لە دژایەتییەكانی شۆڤێنییەكانی كەركوك”.

كەوسەر سلێمان: متمانە بەخشینەوە بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانی وەفاداری كەركوكیەكانە بۆ رێبازەكەی مام جەلال
كەوسەر سلێمان،  كچە وەرزشكاری دیاری كەركوك،  وتی:” هەڵبژاردن واتا متمانەی هاوڵاتی بە نوێنەرەكانیان كە ئەركە لەسەر شانیان  خزمەتی هاوڵاتیان بكەن، نەك تەنها بیریان لە بەرژەوەندی خۆیان بێت، چونكە خەڵك لە پێناو یەكێتی و كەركوك متمانەیان پێ بەخشین “.وتیشی: “ دەبێت سەركردایەتی  یەكێتی  لە كەركوك پاش ئەو ئەركەی قورسەی سەوز پۆشەكان خستیانە سەر شانیان بە كردەوە لە خەمی كەركوكیەكان بن و بەدەم داواكارییكانیان بچن، بەو واتایەی  دەبێت  لە خزمەتی خەڵكدا بن نەك بە پێچەوانەوە “. سەبارەت بەو هەڵمەتە ناڕەوایەی كرایە سەر یەكێتی لە هەڵبژاردنەكان، كەوسەر ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: “ بێگومان كورد لە ناو خۆیدا خۆ خۆرەو دۆستی بێگانەیە، ئەم هێرشكردنانەش لە ڕگەیاندەكانەوە، بەقسەی بێبنەماو پڕوپووچ، دەبێت بە كاری شیاوو خزمەتی هاوڵاتیان وەڵام بدرێتەوە”.
جەمال محەمەد، سەرپەرشتیاری فێرگەی تۆپی پێی یانەی خاك، وتی “ متمانە بەخشینەوە بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانی وەفاداری كەركوكیەكانە بۆ رێبازەكەی مام جەلال “.
وتیشی “ دەبێت سەركردایەتی  یەكێتی  لە ئاست ئەو متمانەیە بەر پرسیار بێت و لە وەش تێبگات بناغەی یەكێتی لە خاكەكەی كەركوك رەگی داكوتیوەو هیچ رەشەباو باهۆزێك زەفەری پێنابات “. جەمال محەمەد:” ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”  ناحەزانی یەكێتی هەمیشە  بەبەردەوامی  لە هەوڵی لاوازكردنی یەكێتی و پێگەكەین لە نیو كۆمەڵانی خەڵك و پەنا دەبنە بەر هەموو شتێك وەكو گەلە كۆمەیی كە  لەم دواییانەدا كردیانە سەر یەكێتی”.

‌ 296 جار بینراوه‌
5/19/2018 1:42:47 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved