»  وتاری هەفتە
نیگەرانی كاندیدە دەرنەچووەكان
بورهان حاجی سلێمان


بەڵێنەكانی دەنگدان دوو جۆرن، جۆرێك حیزب و كاندیدەكانی بە دەنگدەرانی دەدەن، ئەمەیان هەرچەندە سەلماندنی جێبەجێكردن یان پاشگەزبوونەوە لێی پرۆسەیەكی درێژخایەنەو لەماوەی چوار ساڵی خولە پەرلەمانییەكەدا لەژێر تاقیكردنەوەدا دەبن، بەڵام دواجار هەر ئاشكرادەبێت، جۆری دووەمی بەڵێنی دەنگدانی دەنگدەرانە بە حیزب و كاندیدەكانی، لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەكانیش قەبارەی ئەو بەڵینانە لەناو سندوقەكاندا ئاشكرادەبێت و  ژمارەكان بەڵگەیەكی لۆژیكی راست و ناڕاستی ئەو بەڵێنانە بەشێوەیەكی گشتگیر نیشاندەدەن، بۆیە مەرج نییە ئەو بەڵێنانە كە بە زیاد لەكەسێكی دەدەن، بكرێنە پێوەری سەرەكی بۆ ئەنجامەكان و زانینی سەنگی هەر كاندیدێك.  
لەهەڵبژاردنەكانی 12ی 5 / 2018 جگە لەبایكۆتكارانی پرۆسەكە، لایەنە كوردییەكان بەگشتی و یەكێتی بەتایبەتی سەركەوتوو بوون لەبەخشینی گڕوتینێكی باش بە پرۆسەكەو سەرخستنی كورد لە كەركوك و سوتاندنی كارتی شۆڤینی و تۆرانییەكان و لەگۆڕنانی خەونی پەراوێزخستن و شكستی سیاسی كورد لەشارەكە.. هەر 24 كاندیدەكەش كەرەستەی سەرەكی بانگەشەكە بوون و قورسایی زۆریان كەوتە ئەستۆ، تاكو لەم دۆخە تایبەت و دژوارەی كەركوكدا كورد جارێكی دیكە تەوقی هەست بە دیلبوون فڕێبداتەوەو لەكەشێكی ناهاوسەنگدا بەگژ نەیارانیدا بچێتەوەو بەسەر شكستە هەنووكییەكاندا زاڵ بێت، لەئێستاشدا ئەو كاندیدە بەڕێزانەی كە دەرفەتی دەرچوونیان پێنەدرا، زۆربەیان هەست بە جۆرێك لە ستەم دەكەن، تەنانەت هەیانە لاری لە دەرنەچوونی نییە، بەڵام جیاوازی زۆری نێوان دەنگەكان نیگەرانی كردووەو پێیوایە ئەو دەنگانە قەبارەی راستی چەندین ساڵەی خەبات و خزمەتی خۆی نییە.. 
راستە هیچ لۆژیكی تێدا نییە لەكێبڕكێی 6 كورسیدا هەر 24 كاندیدەكە وابزانن دەرچوونە، ئەو حاڵەتەش لەبنەڕەتدا لێكدانەوەیەكی عاتفیانەی كەسێكە كە وا بیربكاتەوە هیچ دەرفەتێك لەهەر دۆخێكدا بۆ دەرنەچوونی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لەنیگەرانی ئەو كاندیدانە بێ بنەما نییەو دەبێت بەهەند وەربگیرێت و وەكو خاوەنی راستەقینەی سەركەوتنەكە پاداشتی ماندووبوونیان بكرێتەوە، نەك بەتەواوبوونی پرۆسەكە فەرامۆش بكرێن، چونكە ناكرێت لە دوای هەر هەڵبژاردنێك كۆمەڵێك خەڵك زویربكرێن یان خۆیان زویر بكەن، بەتایبەتی شەش مانگی دیكە پرۆسەیەكی گرنگترمان لە پێشە، ئەویش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگایە، كە ئەنجامەكانی نەخشەی حكومەتی ناوخۆیی و دەسەڵاتی راستەقینەی پێكهاتەكان وێنا دەكات، ئەو گلەییانەی هەندێك لە كاندیدەكانیش هەیانە وا دەكات بۆ داهاتوو زۆركەس سەركێشی بە ناوبانگی خۆیەوە نەكات و سڵ بكاتەوە لەبەشداریكردنی هەڵبژاردنەكان.
لە كۆتاییدا بەو كاندیدە بەڕێزانە دەڵێم:”لەم هەڵبژاردنەدا هەمووتان براوەن و خاوەنی سەركەوتنەكانن، تەنها ئەوەندە هەیە ژمارەكان شەش كەسیان دەرچوواندووە، داواشتان لێدەكەم رەخنەو تێبینییەكانیان وەلاوەنێـن و بەگیانێكی وەرزشیانە مامەڵەبكەن و هەموویان ببنە یارمەتیدەری ئەو هاوڕێیانەی دەچن بۆ بەغداو ببنە چاودێرێكی بوێرو بەویژدانیش بەسەریانەوە”. 
   












‌ 2026 جار بینراوه‌
5/26/2018 1:50:21 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved