»  راپۆرت
داوای یەكڕیزی لە سەردانیكارانی بەغدا دەكرێت


بە هۆی پەرتەوازەیی نێو ماڵی كوردەوە لە ئێستادا سەنگی خۆی لە بەغدا لەدەستاداوەو یەكڕیزی و یەكدەنگی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەك لە بەغدا لە پێناو دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كوردستان و چارەسەركردنی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بە داوایەكی هەنوكەیی دادەنرێت.

دكتۆر بێستون عادل، پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەم راپۆرتەی (هەواڵ) رایگەیاند:" هەموو كاتێك یەكڕیزی و هاوپەیمانی كوردستانی لە بەغدا زۆر گرنگە، بەڵام لە ئێستادا زۆر گرنگترە، لەبەر ئەوەی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان بە یەكڕیزی زیاتر چارەسەر دەبێت".
ئاماژەی بەوەشكرد:" ئێستا حكومەتی عێراق لە سەروبەندی پێكهێنانی حكومەتی نوێیە، ئەگەر كورد یەكدەنگ بێت، دەبێتە قەوارەی یەكەم لە رووی كورسییەكانییەوە، ئەگەریش بە پێچەوانەوە یەكڕیز نەبێت، ناتوانێت كاریگەری و فشار بخاتە سەر حكومەت بۆ وەرگرتنی پۆستە سیادی و گرنگەكان  كە لە بەغدا هەن، بۆ ئەوەی دوارۆژ بتوانین بە شێوەیەكی باش مامەڵە بكەین لەگەڵ حكومەتی عێراق بە تایبەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان".
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی، پێشیوابوو، دروستبونی هاوپەیمانی كوردستانی زۆر پێویستە ، لەبەر ئەوەی هەموو  پێكەوە لە ماوەی رابردوودا زەرەری زۆرمان كرد كە یەكڕیز نەبووین، دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەراستی هەموو ئەو دەستەواژانە دیاربوون كە حكومەتی عێراق بەرامبەر بە كورد دەیكرد، هۆكاری ئەوەش یەكدەنگ نەبوونی كورد بوو، خیتابی كورد جیاواز بوو، ئەگەر كورد یەكدەنگ و یەكڕیز بێت نەك تەنها كاریگەری ناوخۆیی، بەڵكو كاریگەری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیشی دەبێت".
دكتۆر بێستون عادل ئاشكراشیكرد:" لەبەر ئەوەی دۆخی ئێستای كورد پێویستی بە یەكڕیزییە، یەكێتیش هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ یەكڕیزی نێو ماڵی كورد، هەر بۆیە ئەمجارەش زیاتر حەز بە دروستكردنی هاوپەیمانێتی حزبە كوردستانییەكان دەكات بۆ بەغدا، لە كاتی هەڵبژاردنەكانیشدا یەكێتی دەیویست كورد یەكلیست بێت، ئەمجارە پێویستە زیاتر گفتوگۆ بكرێت بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە لە بەغدا یەكدەنگ و یەكڕیز بین لەپێناو دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كورد".
دكتۆر رامیار حەساری، مامۆستای زانكۆ، یەكڕیزی حزبە كوردستانییەكان لە بەغدا بە گرنگ دەزانێت بۆ قۆناغی ئێستا، لەو بارەیەوە وتی:" یەكدەنگی و یەكڕیزی حزبە كوردستانییەكان لە بەغدا هەر زۆر پێویستە، لەبەر ئەوەی بە یەكڕیزی هەمومان دەتوانین ئامانجەكانمان بەدەستبهێنین، بە پێچەوانەشەوە هیچ حزبێكی سیاسی ناتوانێت ئەو بەرنامەیەی كە لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا دایاننابوو جێبەجێیان بكەن، لەبەر ئەوەی هەریەكەو بەپێی بەرژەوەندییەكانی  حزبەكەی خۆی كاردەكات، ئەوكاتیش ئامانجەكان ناپێكرێن".
دكتۆر رامیار ئاماژەی بەوەشكرد:" بەپێی ئەو بارودۆخەی دەیخوێنمەوە لەلایەنە سیاسییەكان، هەر حزبەو بە تەنیا دەچنە بەغدا، ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی  جارێكیتر یەكڕیزی وا بە ئاسانی دروست نەبێت لە بەغدا".
باسی لەوەشكرد:" ئەگەر یەكڕیز نەبین ناتوانین هیچ هەنگاوێك بنێین بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان، لەبەر ئەوەی كە یەكڕیز نەبووین ئەوكاتە هەر حزبەو بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆی لەو ناوچانە كاردەكات، بگرە زیاتریش شەڕ لەسەر پۆست دەكەن،  وەك لەوەی شەڕ لەسەر مەلەسە نەتەوایەتییەكان بكەن".
روونیشیكردەوە:" دەكرێت بەشێك لە حزبەكان پێكەوە هاوپەیمانی ببەستن و كۆك بن، ئامانجەكان باشتر دەپێكن، بەڵام باشترە لەوەی بەتاك لایەنە بچنە بەغدا".
ستران عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی، بۆ (هەواڵ) وتی:" یەكڕیزی حزبە كوردستانییەكان لە بەغدا زۆر پێویستە، بەڵام ئایا حزب و لایەنە سیاسییەكان ئەوە جێبەجێدەكەن، لە راستیدا ئەوە دەكەوێتە سەر ئەو دانوستانانەی كە لەنێوان هێزەكانی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردن و  هەروەها لەنێوان یەكێتی و پارتی تاڕادەیەك دەشێ رووبدات، هەروەها دەكەوێتە سەر دانوستانەكانی كە  لەگەڵ بەغدا دەكرێت، هەندێك لە داخوازییەكانی كورد ناسەلمێنێت، رەنگە لەنائومێدیدا، دووبەرەكی بكەوێتە نێو كوردەوە، هەموو جارێك كە نائومێدی روودەدات جۆرێك پاشەكشێ روودەدات لەناو یەكڕیزی گەلی كورد".
ستران عەبدوڵڵا، وتیشی:" ئێستا نەك لەناو هێزەكانی كوردستان، بگرە هێزە عێراقییەكانیش جۆرێك لە ناكۆكییان تێكەوتووە، هێزەكانی كوردستانیش هەروان، بەڵام خۆی تەنیا ئەوە نییە هێزەكان لەسەرەوە رێكەون، پۆست و پایەكان لە بەغدا دابەش بكەن، بەڵكو دەبێ لە كوردستانیش دابەشیبكەن، لەبەر ئەوە سێبەری هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان كاریگەری دەكاتە سەر ئەو رێكەوتنانەی كە ئێستا دەكرێت بۆ ئەوەی بەشی كورد پارێزراوو بێت لە بەغدا".
ئاماژەی بەوەشكرد:" بەهۆی ئەو باروودۆخەی لە كوردستاندا هەیە، مەسەلەی كوردو رۆڵی كورد لە عێراق پاشەكشەی كردووە، لەبەر ئەوە ئەگەر كورد خۆی رێك نەخاتەوە دووقاتی ئەو ئەركەی لەسەر شانیەتی جێبەجێی نەكات، پاشەكشە روودەدات، لەكاتی پاشەكشەی زیاتریشدا وەك ئەوەی ئێستا هەیە هەریەكەو تۆمەتەكە دەخاتە پاڵی ئەوی تر، لەبەر ئەوە كەشی سیاسی كوردستانیش ئالودە دەبێت ئەگەر لایەنە سیاسییەكان لە نێو خۆیاندا رێكنەكەون".
ئاشكراشیكرد:" كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بەشێوەیەكی گشتی ئەركی دیموكراسی و نەتەوەیی خۆیان ئەدا كرد ، ئەگەر هێزە سیاسییەكانی كوردستان هێزەكانی بزووتنەوەی كوردایەتی كە زۆربەیان شوێنی شەرعییان هەرێمی كوردستانە، ئەگەر ئەوان ئەو ئەركە جێبەجێ نەكەن بێگومان ئەو هیواو ئاواتانەی كە ناوچە دابڕاوەكان لەسەر دەسەڵاتی كوردستانی دایانناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، نایەتەدی".  






‌ 331 جار بینراوه‌
5/26/2018 1:51:25 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved