»  شەکری تاڵ
دۆڕان نەریتی بیر بردنەوە




رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی  16/5/2018 هەواڵی كۆچی دوایی ناوادەی رەوانشاد عادل موراد گەیشتە كوردستان و لەناكاو پیرۆزباییەكانی سەركەوتنەكان و جەژنەكان ساردبوونەوە بۆ لەدەستدانی كەسایەتییەكی كەموێنە كە هاوكات یەكێك بووە  لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەم پیاوە شۆڕشگێڕە خاوەنی مێژوویەكی پڕ لە خەبات  پاشخانێكی گەورەی ئەخلاقی سیاسی و كۆمەڵایەتی و مرۆڤێكی دەست و دل و داوێن پاكە ئەگەرچی سیاسەتمەدارێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، بەڵام لەدەستدانی مایەی خەفەت بوو بۆ هەموو كورد چونكە ئەو پیاوە هێندەی بە تەنگی كوردایەتییەوە بوو، هێندە خەمی لە كوردبوون دەخوار هەرگیز بیری بەلای بەرژەوەندی كەسی و حیزبی و شتی ترەوە نەدەچوو، كەوابوو مردنی ئەوزاتە زەرەرمەندییە بۆ هەموو كورد نەك بە تەنها بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان. 
كۆچی عادل موارد هاوكات بوو لەگەڵ ئاهەنگەكانی سەركەوتنی یەكێتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق كە دەنگە دەنگ و مقۆمقۆیەكی زۆری بێهوودەییانەی لەدوای خۆی خستەوە، بەڵام نەدەبوو رق لەو سەركەوتنە یان داخ لەو شكستە بگاتە ئاستی ئەوەی دیوە بەردینەكەی دڵمان  بۆ ئەو مەبەستانە لە پێناوی سیاسەت بەكار بهێنین و نەچینە پرسەكەی، نەچوون بۆ پرسەی ئەو پیاوە هیچ لە شكۆو مێژووی پرشنگداری كەم ناكاتەوە، عومەری موختار دوای لە سێدارەدان تەرمەكەی شاردرایەوە، بەڵام ئەو هەر رەمزە بۆ شۆڕشی ئازادیخوازی لیبیا. 
ئەو برادەرانەی نەچوونیان بۆ گردەكەی سەلیم بەگ و هانای تەرمی رەوانشاد عادل موراد جگە لە پەڵەیەكی رەش كە بەناوچەوانی مێژووی حیزبەكەیانەوە هیچی تری لێ ناكەوێتەوە، ئەگینا بۆ لە پرسەی رەوانشاد دلۆڤان بارزانی وێڕای پەیوەندییە بە رووكەش خراپەكەیان لەگەڵ پارتی تا پیرمام چوون و بۆ عادل مورادیش ئەم جۆرە ئاكارەیان لێكەوتەوە كە نەعورفی ئایینی و نە نەریتی كۆمەڵایەتی و نە ئەخلاقی سیاسی قبووڵی ناكەن، ئەم هەموو رقە تەنها لەبەر ئەوە بوو كە یەكێتی نیشتمانی كە حیزبی مام و عادل موراد بوو لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان یەكەمی هێناوە؟! دونیا هەر ئەمڕۆو سبەی نییە، ئایا دوای دوو سەدە نەوەكانمان چی بەم مێژووەی ئەمڕۆمان دەڵێن و ئەم جۆرە هەڵسوكەوتە لە رووی دەرونییەوە چۆن شی دەكەنەوەو خاوەن ئاكارەكانیان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟!

ئیمزا
عەبدولرەحیم سەرەڕۆ 

‌ 560 جار بینراوه‌
5/26/2018 2:20:47 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved